ترەمپ و هاریس روبەڕوی یەكتر دەبنەوە

KNN : Kurdish News Network
04:31 - 10/09/2024
جیهان
+
-

میدیاکانی ئەمەریکا یەکەمین دیبەیتی نێوان ترەمپ و هاریس پەخش دەکەن كە بەهۆی توندی روبەڕوبونەوەكانی نێوان هەردو كاندیدەكەی پۆستی سەرۆك، بەشێك لە میدیاكان بە بومەلەرزەی سیاسیی ناویان بردوە.

هەواڵ: (KNNC)

 

لە چوارچێوەی بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی لە ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكا، بڕیار وایە ئەمڕۆ  سێشەممە، دۆناڵد ترەمپ، کاندیدی پارتی کۆمارییەكان روبەڕوی کاملا هاریس، کاندیدی پارتی دیموکرات ببێتەوە و لەیەكەم دیبەتی نێوانیاندا بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆكایەتی، قسەی توند و شەڕكردن لەنێوانیانیدا روبدات.

 

میدیا ئەمەریكییەكان ئاماژەیان بۆ ئەوەشكردوە، دیبەیتەكەی نێوان ترەمپ و هاریس لە فیلادلفیا كە دەكەوێتە ویلایەتی پێنسیلڤانیا بەڕێوەدەچێت، و کەناڵی ئەی بی سی نیوز دیبەیتەکە بەشێوەی راستەوخۆ لە کاتژمێر (09:00)ـی ئێوارە بەکاتی ناوخۆی ئەمەریكا و (05:00) بەكاتی هەولێر پەخش دەکات كە بۆ ماوەی (90)  خولەک بەردەوام دەبێت.

 

دیبەتی نێوان هەردو كاندیدەكەی دیموكراتییەكان و كۆمارییەكان هەشت هەفتە پێش هەڵبژاردنەكەی مانگی تشرینی دوەم دێت كە كێبڕكێی توند لەنێوان ترەمپ و هاریس هەیە و بەپێی ئەو راپرسیانەی كە ئەنجامدراون ترەمپ بەرێژەیەكی زۆر كەم پێش ركابەرەكەی كەوتوە.

 

لەدو رۆژی رابردودا، رۆژنامەی نیویۆرك تاییمزی ئەمەریكی، ناوەڕۆكی راپرسییەك ئاشكراكرد كە لەلایەن كۆمپانیای سیینا ئەنجامدراوە، بەپێی ئەنجامەكانیش دۆناڵد ترەمپ بە (48%) پێش كامالا هاریسی ركابەری كەوتوە لەبەرامبەردا و هاریس (47%)ـی دەنگی ئەمەریكییەكانی بەدەستهێناوە.

154 جار خوێندراوەتەوە