کوردی عێراق زیاتر لە سێ دەیەیە خاوەن ئۆتۆنۆمی و سەروەرییەکی ناوخۆیین بەسەر کاروبار و ئیدارەی خۆیاندا؛ کە بە بەراورد لەگەڵ عێراق و هەندێک لە دراوسێکانیش، هەرێمێکی سەقامگیر و گەشەکردووە. هاوپەیمانی کۆمەڵایەتی و سیاسی نێوان پارتی و یەکێتی وەک نوخبەی حوکمڕان؛ لە ئاشتیدا دۆخی حوکمڕانی جێگیرتر کردووە و پاڵپشتی نێودەوڵەتی بۆ هەرێم زیاتر کردووە، لە دۆخی شەڕیشدا مەترسی بووە بۆ سەر قەوارەکە.
یەکڕیزی نێو ماڵی کورد ئەگەر نمایشیش بووبێت، بووە بە سەرچاوەی داهات و سەقامگیریی لەلایەن پشتیوانە هەرێمی و نێودەوڵەتیەکان بۆ کورد. ئەزموونی کوردستانی عێراق پێمان دەڵێ کە هاوپەیمانی لە دەرەوەی دەوڵەتیش دەتوانێ هەبێ و کاریگەر بێ، ئاشتی ناوخۆییش دەتوانێ دوژمنەکان رابگرێ و هانی دۆستەکان بدات زیاتر لێمان بێنە پێش. کەواتە دەرفەت هەیە بۆ بەردەوامبوون لەسەر هاوکێشەی نێودەوڵەتی و سازکردنی هاوپەیمانی تازە و پاراستنی دۆستە کۆنەکان، بۆ گەشەپێدانی دیفاکتۆیەکی نادەوڵەتی وەک ئەوەی ئێستا هەمانە.
تەحەدای گەورەش هەیە. پاراستنی ئاشتی کۆمەڵایەتی، ئیتر بە تەنها بە هاوپەیمانێتی نێوان پارتی و یەکێتی پێکنایە، هێزە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکانی دەرەوەی ئەوانیش دەبێ حسابیان بۆ بکرێ. هەڵقوڵانی سەرمایە و گەشەکردنی دانیشتوان، بەتایبەت لەرووی ژمارەی گەنجەکانەوە؛ ئەگەر بێتو تەنها وەک پڕۆسەی کەڵەکەکردنی سامان و کاش-فلۆ بەردەوام بێت و نوخبەیەکی کەم لێی بەهرەمەند بن، مەودای ناڕەزایەتیەکان، لەوەی ئێستا هەیە فراوانتر و رێکخراو تر و بگرە توندوتیژتریش دەکات. ئیدارەی کوردستان و حکومەت، دەبێ وەک موڵکی نیشتیمانی خەڵکی کوردستان سەیر بکرێ، نەک میراتی شۆڕشگێڕی پارتی و یەکێتی، بەپێچەوانەوە لەسەر ئەو دوو حزبە پێویستە بەر لە هەر لایەن و کەسێکی تر، رێز لە حکومەت و دامودەزگاکانی بگرن و بۆ مەرامی تەسکی شەخسی و حزبایەتی بەکاری نەهێنن، نەیکەنە قوربانی دەستی کلیانتالیزم و خراپ بەکارهێنانی کەسایەتیەکانی ناو حزبەکان.
خەڵک و نوخبەی رۆشنبیر و هاوڵاتی کوردستانیش، دەبێ وەک دەوڵەتی خۆیان سەیری حکومەت و پەرلەمان و دامودەزگاکانی بکەن، بە موڵکی خۆیانی بزانن و بەرگریی لێ بکەن، ئەگەر خەڵک حکومەتیان بە هی خۆیان زانی، حزبەکانیش ناتوانن لەوە زیاتر پێی لێ هەڵبڕن و وەک میراتی باوکیان سەیری دامودەزگاکانی دەوڵەت بکەن. حزبەکان دێن و دەڕۆن، نوخبەی سیاسی قابیلی گۆڕانە، بەڵام ئەوەی هەمانە، حکومەت و دامودەزگاکانمان، موڵکی هاوڵاتی ئەو وڵاتەن، بناغەی داهاتوویەکی باشترن بۆ کوردستان و خەڵکەکەی، بۆیە دەبێ جیای بکەینەوە لە حزبەکان. نەهێڵین حزب خۆی یەکسان بکات بە حکومەت!
132 جار خوێندراوەتەوە