دەرفەتی کار بۆ
هەموان گرنگترین و پۆزەتیڤترین پڕۆژەیە لە ژیانی هەر کۆمەڵگایەدا. ئیش وکار داهات
بۆ تاک پەیدا دەکات. ئیش وکار گەشەسەندنی بەکۆمەڵ دروست دەکات. کە هەموان ئیشمان هەبوو،
بەواتای هەموان توانای خۆ بەخێوکردنیان هەیە و، ئەوەش باشترین کوالیتی ناسنامەی هەر
کۆمەڵگایەکە کە بەرەو ئاسۆی پێشکەوتن و سەقامگیری ئابوری هەنگاو بنێت.
ئەو کۆمەڵگایانەی
کە هەموان ئیشیان هەیە، زیاتر پشت بەیەک دەبەستن و، پێوستیان بەیەکتر هەیە. کە هەموان
ئیشیان هەبوو، بەمانای هەموان بەرهەمیان دەبێت.بەمانایەکی تر هەموان بەشداردەبن لە
پێشکەوتن و گەشەسەندنی کۆمەڵگادا.ئەوکات کۆمەڵگاش بە ئۆتۆماتیکی یەکسان دەبێت. لە ڕوانگەیەکی
ترەوە هەموو توانا و تەجرەبە و ئەزمونەکان تێکەڵ و هاوئاهەنگ دەبن. لە دواجاریشدا
ئەم توانا دەستەجەمعیانەش دەبنە بناغە بۆ پەروەردەکردنی مناڵان و بەرزکردنەوەی
ئاستی کوالیتی سەکتەری پەروەردە و فێرکاری، تەندروستی و، دروستکردنی ڕێگاوبان و، بەرهەمهێنانی
فەرهەنگ و کەلتوری جوان و پێشکەوتو.
لە کۆمەڵگا تەقلیدی
و دواکەوتوەکاندا، جیاوازی نێوان چین و توێژەکان گەورە و فراوانن. بەڵام ئەو کۆمەڵگایانەی
کە پڕۆژەی کار بۆ هەموان پەیڕەو دەکەن، یان دەرفەتی یەکسان لەبەردەم هەمواندا دەڕەخسێنن.
جیاوازی نێوان چین و توێژەکان پێچەوانە دەبێتەوە بۆ یەکسانی نێوان چین و توێژەکان.
لەم جۆرە کۆمەڵگایانەدا لەمەودای دووردا دەیان زانای بوارەکانی زانست و فکر، تەکنیک
و تەکنەلۆژیا بەرهەم دێن. ئەم کۆمەڵگایانە دەبن بە بەشێک لە دنیای بازاڕ و بۆرسەی
جیهانی. زانکۆ و ناوەندەکانی توێژینەوە و سەنتەرە بازرگانیەکانیان ناو وناوبانگ دەردەکەن،
سەدان و هەزاران هەلی کار بۆ خۆیان و جیهانی دەرەوەی خۆشیان دروست دەکەن.
هەرێمی کوردستان
پێوستی بە سیاسەتێکە کە عەدالەتی کۆمەڵایەتی پیادە بکات و، دەرفەتی یەکسان بۆ هەموان
بڕەخسێنێت، هەلی کاری گونجاو بۆ هەموان بکاتە بەرنامە و کارنامەی خۆی. ئەمەش بەیاسا
رێکبخرێت، و لەسەر ئەرزی واقیع سەرمایەگوزاری و پیادە بکرێت. دەرفەتی کار بۆ هەموان،
قوتابخانەی باش بۆ هەموان، نەخۆشخانەی مۆدێرن وئاستی بژێوی بەرز بۆ هەموان. لە نەتیجەدا کەش و هەوای گەشەسەندن و پێشکەوتن
بۆ هەموان دەبێتە هۆکاری دروستبوونی کۆمەڵگایەکی نمونەیی.
مەترسیدارترین دیاردەی
کۆمەڵگای ئێمە بێکاری گەنجەکانە بۆ ماوەی زۆر دوورو درێژ، گەنجەکان بەپێی توانا و
شارەزایی و ئەزمون دەبێت دەرفەتی کاریان بۆ بڕەخسێنرێت. ئەگەر توێژی گەنجان سەرقاڵی
کار و بەرهەمهێنان بن، بەمانای سەرچاوەی مادی سەربەخۆیان دەبێت، گەنج کاری هەبوو،
توانا و حەزەکانی پەرە پێدەدات، پلانی تایبەتی خۆی دادەڕێژێت، هەوڵی زیاتر دەدات،
ویستی بۆ کار و بەرهەمهێان و زیادکردنی داهاتی مادی زۆرتر دەبێت.
کەواتە هەلی کار
بۆ گەنجان خود بەخود دەبێتە هۆکارێکی سەرەکی بۆ بوژانەوەی بازاڕ و سەرمایە لە کۆمەڵگاکەماندا. کۆمەڵگای ئێمەش وەک زۆرێک لە کۆمەڵگا گەشەسەندووەکان
لەمەودای دووردا بە سەدان و هەزاران ،مامۆستای زۆر باش، ئەندازیار و دکتۆری زۆر
باش، شارەزای زۆر باش لەبواری ئیکۆنۆمی و بۆرسەی جیهانی، زانا و لێکۆڵەری زۆر باش
لە بوارە جیاوازەکانی سایکۆلۆژی، تیۆدۆلۆژی، ماتماتیک و ، فیزیک و کیمیا..تاد بەرهەم
دەهێنێت.
سامانی مرۆیی لە
کۆمەڵگای ئێمە، بەنرختر و گرنگترە لە
سامانی ژێرزەوی وەک نەوت و مادە خاوەکانی تر. بەگەڕخستنی سامانی مرۆیی لە کۆمەڵگای
ئێمەدا ، دەبێتە هۆکاری سەرەکی بۆ ڕزگاربوون لە تەوقی دیلێتی و دواکەوتویی و جەهل . ئەگەر توانا مرۆییە کارا Interactive کان ببنە بنەما و بناغەی سامانە مرۆیەکە، ئەوا بۆ هەمیشە ترسی داگیرکاری و ژێردەستەیی
لەبیر خۆمان و نەوەکانمان دەبەینەوە و، ئێمەش دەبینە ئاڵقەیەکی زیندوی نێو دنیا و
جیهانی گلۆبالی.
کوردستان ئاوەدان
دەبێتەوە، عیلم و مەعریفە جێگا بە جەهل و نەزانین چۆڵ دەکات، وڵات و نەتەوەی ئێمەش
لەسەر نەخشەی جیهان دەبێتە نمونەیەکی زێدە جوان و زیندوی ژیاندۆستی نەک نمونەی تاریک
وخورافات و مەرگدۆستی.
263 جار خوێندراوەتەوە