بزوتنەوەی گۆڕان بەرلەوەی رێکخراوێکی سیاسی تەقلیدی
بێ، بیرکردنەوەیەکی لۆژیکی و عەقلانییە لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکی فرە رەهەندا، بۆ تێپەڕاندنی مێژوی ژێردەستی و روکردنە ئاسۆیەکی روناکتر و پڕ
لە ئومێد و هیوا بۆ ئێستا و داهاتوی خۆمان و نەوەکانی داهاتومان.
پڕۆژە سەرەکیەکەی بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر چەند کۆڵەکەیەک
بنیاتنراوە، لێرەدا و بۆ ئێستای واقیعی خۆمان ئەم کۆڵەکانە گرنگن.
یەکەم: ریفۆرم لە هەمو کایەکانی کۆمەڵگادا.
دوەم: دژایەتی هەمو شێوە و مۆدێلەکانی گەندەڵی .
سێیەم: شەفافیەت لە داهاتی حکومەت و پەسەندکردنی
بودجەی ساڵانەی کابینەکانی حکومەت.
چوارەم: خزمەتگوزاری و دانانی هاوڵاتییان وەک چەقی
قورسایی حکومەتی رەشید و خاوەن کارنامە.
پڕۆژەی بزوتنەوەی گۆڕان لە ئەزمونی مێژوی میلەتان ئیلهامی وەرگرتوە، هاوکات رەنگدانەوەی داخوازی
لە مێژینەی خەڵک و خەوبینینی هەمومانە، بۆ ژیانێکی ئازاد و عەدالەتی کۆمەڵایەتی و
بەشداری هەموان بۆ سود و قازانجی هەموان.
بزوتنەوەی گۆڕان نە بە هاشوهوشی پۆپۆلیست و نە
بە پلان و سیناریۆی ئەم دەزگا و ئەو ناوەندی یاریپێکراو لەناو ئەچێ..!
بزوتنەوەی گۆڕان رەنگە لە رابردودا لە شەڕی بچوک و موزایەدەی کەمنرخ و هاژوهوژی میدیایی چەواشکاری
هەرزان نرخدا دۆڕابێ..! ئەگەر شەڕیشی دۆڕاندبێ ئەوا بە دڵنیاییەوە جەنگە مەزنەکەی
بردۆتەوە..!
جەنگە مەزنەکە بەمانای شەڕی بەردەوام لە پێناوی
مافەکانی هاوڵاتییان و بەهێزکردنی هۆشیاری و ئاگایی خەڵک بەرامبەر ماف و ئەرکەکانیان.
ململانێی گەورەی جەنگە گەورەکەی گۆڕان لەسەر کۆی سیستەمی حوکمڕانی و بونی دەستورێکی
شارستانییە، کە سەروەریی یاسا و گێڕانەوەی
شکۆی کوردبون و ئینسانی بونمان مسۆگەر بکات.
ئێستا هەمو هێزە سیاسییە خاوەن میلیشاکان بە هێزە
تازە کانیشەوە، دروست تێکڕایان کارنامە و
بەرنامەکانیان کۆپی-پەیستی گوتار و پلاتفۆرمەکانی بزوتنەوەی گۆڕانە لە رابردودا..!
تا ئێستا مۆدێلی خەباتی مەدەنیانەی گۆڕانیان تێنەپەڕاندوە.!
دەنگدەری بەڕێز… ئازادە دەنگ و متمانەی بە چ لیست و کاندیدێک دەبەخشێ. رۆژگارێک دەنگدەران سزای بزوتنەوەی گۆڕانیان
دا. بەڵام رەوشی ژیان و گوزەرانیان خراپتر بو..! بۆئەوەی ژیان و گوزەرانی خەڵک ئەم
رەوشە پڕ قەیراناویە تێپەڕێنێ و بەدەنگ و متمانەی ئێوە گۆڕان بەهێز بکەینەوە، رێگای راست و دروست بۆ گێڕانەوەی
شکۆ و مافە سەرەتاییەکانمان ئەوەیە ئەم جارە دەنگ و متمانەمان بدەین بە لیستەکەی گۆڕان.
بۆ ئەوەی هەمومان پێکەوە شەڕی گێڕانەوەی شکۆ بۆ پەرلەمان و جێبەجێکردنی پڕۆژە خزمەتگوزاریەکان
بکەینە ئەجێندای سەرەکیمان . پێویستمان بە بونی فراکسیۆنێکی کارا و چالاک لە پەرلەمان
هەیە.
فراکسیۆنێک کە پارێزەری راستەقینەی ماف و
داواکاری و داخوازیەکانی خەڵک بێت. بۆیە دەنگدان
بە گۆڕان گرنگە ، چونکە دەنگەکانی ئێمە هێز دەداتەوە بە گۆڕان تا لە هەورازی سەختی
خەباتی مەدەنیدا ، رو لە ئامانجی سەرەکی هەنگاوی
دروست بنێ. لە قۆناغی سەرەتادا، هەمو ماف و خزمەتگوزاری هاوڵاتییان بەدور لە ئینتمای
حیزبی و دینی و ئێتنی و بنەماڵەیی و ئایدۆلۆژی بەدەستبهێنێ..!
بزوتنەوەی گۆڕان هێزێکە لە قوڵایی ئازار و نەهامەتی
و موعاناتی خەڵکەوە دروست بوە.. دەنگی پێبدەن دەنگەکانتان دەبێتە تروسکەی ئەو هیوایەی
کە دڕ بە شەوەزەنگی تاریکی دەدات. دەنگەکانتان پاڵپشتی گۆڕان دەبێ بۆ شەڕی هەژاری
و جەهل .! ئەگەریش سزای دەدەن و بە فریوی
درۆزن و بەرژەوەندخواز و رابردو تەڵخ دەنگی پێنادەدەن..! دڵنیا بن رۆژگاری
داهاتومان هەرگیز باشتر نابێ لە ئێستا و رابردومان.
درەنگ یا زو کۆمەڵگای ئێمەش رو لە ژیانێکی
باشتر و هۆشیار لە روداوە سیاسی و بەئاگا لە هۆکارە بنەڕەتیەکانی قەیرانە راستەقینە
و دروستکراوەکان هەنگاو دەنێ… لە بوونی هێزێکی
وەک بزوتنەوەی گۆڕاندا کۆمەڵگای کوردەواری بڕوای بە ژیاندۆستی و هیوای بە ئایندە بەهێزتر
دەبێ..! سەرچاوەی مرۆیی ئێمە دەوڵەمەندو چالاکە.. بزوتنەوەی گۆڕان لە هەمو زروف و
زەمەنێکدا دەبێتە هەوێن و دینەمۆی ئەو هیوا بەهێزە بۆ بەدەستهێنانی ژیانێکی شایستەتر
لەم مەرگەساتەی ئێستاى.
بەهێزبونی بزوتنەوەی گۆڕان واتا بەهێزبونی هیوا بەداهاتویەکی پڕ لە
ئومێد و ژیانێکی شایستە.
بە قەولی جۆن میلتۆن: “هیوا لە جێی خۆیەوە دەتوانێ
بەهەشتێک لە جەهەنەم و نەبونیشی جەهەنەمێک لە بەهەشت دروست بکات.”
فریادڕەسی
ئێستای ئێمە بۆ رزگاربون لەو هەمو غەوغا و قەیرانە هەمەجۆرانە بزوتنەوەی گۆڕانە، بۆیە
دەنگ و متمانەی منیش هەر بۆ تیشکی روناکی مۆمەکەی گۆڕانە.
241 جار خوێندراوەتەوە