سڵاوتان لێبێت بەڕێزان.
راستییەکەی، لەبەر هەندێک
هۆ، پۆستێکی تایبەتی خۆمم دەربارەی کەرکوک و ناوچە "دابڕێنراوەکان" نەبوە،
بەڵام ئێرە بە جێگایەکی گونجاو دەزانم چەند وشەیەک لەم بارەیەوە بنوسم.
جارێ سەرەتا، بە گشتی،
پشتگیری خۆم بۆ ئەو بەڕێزانە رادەگەیەنم کە، بەهۆی هەستکردن بە گرنگیی رەهەندی نیشتمانی
و نەتەوەیی پرسەکە، پشتگیری خۆیان، بە شێوەیەک یا شێوەیەکی دیکە، لە هاندانی
کوردان لە ناوچە دابڕێنراوەکان، بە تایبەتی کەرکوک، راگەیاندوه. ئەم هەڵوێستانە بە
گشتی رەنگدانەوەی هەستکردن بە کوردستانیبونێکی راستەقینە و کوردبون، دور لە هەمو تێبینی
و سەرنجێک لەسەر دەسەڵاتی ناشیرینی کوردی لە هەرێمی کوردستان، هانی داون هەر یەک
لای خۆیەوە چەند وشەیەک لەم بارەیەوە بنوسێ، دەستیان خۆش بێت.
لێرەدا هەوڵ دەدەم بۆچونی
خۆم، لە قاڵبێکی کەمێک فراوانتردا، بخەمە رو:
١) زۆرێک کە پێیان ناخۆش
بو خەڵک هان بدرێن بڕۆن بۆ دەنگدان، بەهانەی فەرمانڕەوایی خەراپی پارتی و یەکێتییان
هێناوەتەوە. . . ئەو خەراپییە زۆر راستە، بە زیادیشەوە راستە، بەڵام نابێ ئەوە لەبیر
بکەین کە حزب و دەسەڵات شتی کاتی و زائیلن، ئەوەی دەمێنێتەوە، تەنانەت "ئەزەلییشە"،
خاک و نەتەوەیە! دەنگەکانی دوێنێ بۆ خاک و نەتەوە بون، نەک بۆ حزب؛
٢) ئەمە ٢٠ ساڵە تەنها یەک
جار (٢٠٠٥) هەڵبژاردن لە کەرکوک کراوە. بۆ؟ زۆرینەی عەرەبی لە عێراق، ئەو زۆرینەیەی
هەرزو رو لە کورد، بو بە "زۆرینەی ستەمکار،" رێگر بوە. . . لەبەر ئەوە رەوایە
بپرسین دوای ئەم هەڵبژاردنەوەی دوێنێ دەبێ کورد چەند ساڵی دیکە چاوەڕێ بکا بۆ ئەوەی
جارێکی دیکە دەرفەتی دەنگدان ببێتەوە لە کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکان. . . لە سیاسەتدا
خەراپترین کە بەسەر مرۆڤ بێت ئەوەیە کە لە بڕیارێک یا هەڵوێستێک پەشیمان ببیتەوە،
چونکە زوتر وە لە کاتی پێویستدا تێگەیشتنی راست و دروستی نەبوە، لە بری ئەوەی روداو
وەک دەرفەت ببینێ وەک کێشەی دیوە. . . باشترین شتیش ئەوەیە لە دەرفەت بگەیت و هەوڵ
بدەیت تا ئەوپەڕی سودمەند بیت لەو دەرفەتە. . . ئەنشتاین قسەیەکی جوانی هەیە، دەڵێ:
کاتژمێر لە دەرەوەی روداو کاتژمێر حسێب نییە. . . لە راستیدا دوێنێ لە کەرکوک و
ناوچە دابڕێنراوەکان ئەوانە حسێب بون "کە دەنگیاندا". دوای چەند ساڵێکی
دیکە پەشیمانبونەوە لەوەی کورد وەک پێویست حزوری نەبوە لە دەنگادانی پارێزگاکان، کەڵکی
هیچی نییە!؛
٣) لە دیسکۆرسی ناسیۆنالیزم،
نیشتمانسازی و ، نەتەوەسازیدا دو شت چەقی دیسکۆرسن: نیشتمان و خەڵک. . . زۆر گرنگە
ئەوە بڵێین، کە مرۆڤ دەتوانێ بێ حزب بێ، بێ سەرکردەیەکی دیاریکراو بێ چاڵاکی بێت لە
کۆمەڵەیەکی کۆمەڵگەی مەدەنی و بێ. . . هتد بێت، بەڵام هەرگیز ناتوانێ بێ نیشتمان بێت.
بۆ ئەوانەی نیشتمانی خۆیان خۆش دەوێت، گرنگە پێداگری لەسەر ئەوە بکەن کە چی دەبێت
با ببێت، بەڵام نابێ دەسەڵاتک، حزبێک، سەرکردەیەک یا جوڵانەوەیەکی سیاسی خەراپ ببێ
بە رێگر لە نێوان "مرۆڤ و نیشتمان". مرۆڤ دەتوانێ بێ زۆر شت بێ، بەڵام بێ
نیشتمانیبون واتای نەبونی بەهایەکە، کە هەرگیز جێگرەوەی نییە! نیشتمانی من ماڵی منە،
هەرگیز مرۆڤ ناتوانێ بێ ماڵی خۆی بێت! لە راستیدا ناونانی نیشتمانیش بە وڵاتی دایک
یا باوک، بەتایبەتی یەکەمیان زیاتر لە مانایەک دەبەخشێ، وەک شتێک کە ئەستەمە جێگرەوەی
هەبێت!؛
٤) ئەوانەی دوێنێ دەنگیان
دا هەوڵیان دا ویژدانی خۆیان بکەن بە دادوەر و ئەرکی هەنوکەیی نیشتمانی، مرۆیی، ئەخلاقی
و تەنانەت ئایینی خۆشیان بەجێ بگەیەنن بە تایبەتی بەرامبەر بە نەوەی داهاتو. لە
راستیدا لە ناو ئەو دەنگدەرانەدا تەنانەت خەڵکانێکی زۆر هەن کە نەک هەر سەرنجیان لەسەر
حزبەکەی خۆیان هەیە، بەڵکو تەنانەت لە سیاسەتی حزبەکەی خۆشیان بێزارن، بەڵام کە دەنگیان
داوە زیاتر بۆ نیشتمان و یەکلاکردنەوەی چارەنوسەکەی دەنگیان داوە!؛
٥) هەڵەیەکی مێژویی گەورە
بو کە کاتی خۆی بەرپرسانی کورد، بە تایبەتی ئەوانەی کەرکوکیان بە قودس و دڵی
کوردستان دەزانی، کە ماوەیەکی زۆر لە بەغداد مانەوە و خەریکی نوسینەوەی دەستور بون،
ئەوەیان قەبوڵ کرد کە، کەم یا زۆر، نیوەی خاکی کوردستان بخەنە "یا نسیبەوە"
وە چارەنوسی بسپێرێن بە دوا رۆژێکی نادیار، یا راستتر بڵێین بسپێرن بە خواست و بڕیاری
زۆرینەی ستەمکاری نەتەوەی سەردەست، کە لە راستیدا بەندە هەر یەکسەر لە دوای روخانی
رژێمی بەعس هەمو لایەکم لە کاریسەی سپاردنی چارەنەوسی کورد و پرسە رەواکەی بە
خواست و بڕیاری "زۆرینەی ستەمکار" ئاگادارکردۆتەوە. . . زۆر بە راشکاوی
بە دڵسۆزانە دەڵێم، ئەمڕۆ ١٨ ساڵ دوای نوسینەوەی دەستور نەک هەر کەرکوک، بەڵکو هەولێر
و شارەکانی تریش، لە قوڵایی کوردستان لە مەترسی بەعەرەبکردندان. لە دوای کەوتنی رژێم
لە ٢٠٠٣وە زیاتر لە ملیۆنێک عەرەب هاتونەتە هەرێمی کوردستان، نەک هەر لەوێ دەژین بەڵکو
موڵک و جێگای نیشتەجێبونییان کڕیوە. لەمانە زیاتر ٣٠ هەزار مناڵیان لە هەرێمی
کوردستان لە دایک بون و. . . هتد. بەڕێزان چۆنە ئەگەر بڵێم: ئەگەر شتێک نەکرێت، ئەوا
دەکرێ بۆ ٢٠ یا ٢٥ ساڵی تر، بەڵکو زوتریش، خودی هەولێر ببێ بە "ناوچەی ناکۆکی
لەسەر". دەبێ ئەوەش بڵێین کە بەشێکی زۆر لەو باڵاخانانەی کە لە شارەکانی هەولێر،
سلێمانی و دهۆک بە ئاسماندا بەرزدەکرێنەوە و بەشێکی باشیش لە کڕیاری "شوقەکانی"
ئەم باڵاخانانە عەرەبن، لە راستیدا هی کۆمپانیاکانی دو حزبی دەسەڵاتدارن، هی دەسەڵاتدارە
چاوچنۆکەکان کە دەستێکیان لە قوڵایی سیاسەتێکی نانیشتمانییانە و دەسەڵاتێکی ناشیریندایە
وە دەستێکی دیکەشیان لە قوڵایی چاڵاکیی "ئابوری رەش"دایە. . . کەواتە بە
یەکەوەگرێدانی تراژیدیای ناوچە دابڕێنراوەکان وە ئەوەشی لە قوڵایی هەرێمی
کوردستاندا رو دەدات نەک هەر لە روی زانستییەوە دروست و لۆژیکییە، بەڵکو لە روی سیاسیشەوە
هەنوکەیی و پێویستە!؛
٦) ئەوە ئاشکرایە کە یەکێک
لە روداوە گەورە و کاریگەرەکانی مێژوی جیهانی رۆژئاوا ریفۆرمی دینییە لە بەشی یەکەمی
سەدەی ١٦دا، کە هەڵبەتە رابەرەکەی مارتن لۆتەرە. سەرهەڵدەدات. لۆتەر پێی وابو ئیدی
باوەڕ بون بە خودا و نزیکبونەوە لێی پێویستی بە "ناوەندگیری" و یارمەتی
کەسایەتی ئاینی (رجال دین) نییە، بەڵکو مرۆڤەکان خۆیان و یەکسەر بە باوەڕی قوڵی خۆیان،
بەبێ ئەوەی پێویست بە ناوەندگیر بکات، دەتوانن لە خوا نزیکببنەوە. لە راستیدا لۆتەر
تەنانەت پێی وابو ئەم رجال دینانە، کە لە زۆر روەوە گەندەڵ بون، رێگری راستەقینە بون
لەبەردەم کەسەکان بۆ ئەوەی دەستیان بە خوا بگات، بە واتای گەیشتن بە پلەی هەرە بەرزی
باوەڕ و ئیمان. . . لێرەوە دەڵێم کاریسەی هەرە گەورە بۆ ئێمەی کورد ئەوەیە کە رێگا
بدەین گەندەلی و ناشیرینی حزبەکانی دەسەڵات و شکستی دەسەڵات و ناکارامەیی و ناشیرینی
بەشێکی زۆر لە دەسەڵاتداران ببێ بە هۆی ئەوەی کە تاکی کورد دەستی نەگات بەو رادەیە
لە هەستی نیشتمانپەروەری و کوردبون، کە لە راستیدا هەم بۆ مانەوەی خۆی پێویستن وە
هەمیش بۆ مانەوە و لەسەر پێ وەستانی، نیشتمان، نەتەوە و پرسی رەوای نەتەوەیی و نیشتمانی.
تەندروستبون و بەهێزیی ئەم جەدەلی بون و مانەوەی تاکێکی باوەڕ بو بە نیشتمان و نەتەوەی
خۆی لە لایەکەوە، وە لە لایەکی ترەوە نیشتمانێک کە جێگەی هەموانی تیادا دەبێتەوە و
پێناسەیەک لە نەتەوە دەکرێت کە هەم ئەوپەڕی لەخۆگر (inclusive) بێ و رێکخستنی فەزای نەتەوەش لەسەر بنەما هەرە مرۆیی و دیمۆکراتییەکان بێت،
ئەو دایەلەکتیکەیە کە زامنی ئەوەیە کە لە لایەک تاکێکیی نیشتمان پەروەر وە لە لایەکی
ترەوە نیشتمانەکەی لەسەر پێ رادەگرێ. ئەوە ئەو جەدەلەیە کە بەردەوام پێویستی بە نوێبونەوە
و سەرلەنوێ پێناسەکردنەوەیە، مانەوەی هەر یەکێکیان بۆ ئەوەی تریان ژیاری و گەوهەرییە،
سەلامەتی هیچ یەکێکیان بێ ئەوەی دیکەیان مومکین نییە. . . بۆ هەمو ئەمەش مەرج نییە
تاک پێویستی بە حزب و سەرکردە هەبێت!؛
٧) ئێستا لە باشوری
کوردستان کورد بەرەوڕوی سێ ئاست لە کێشەیە، هەڵبەتە لە ئاستی ناوخۆی عێراقدا: یەکەم
لە ئاستی ناوخۆی هەرێم، بە تایبەتی کێشە پەیوەندیدارەکان بە ناکارامەیی و ناشیرینی
دەسەڵاتی سیاسی؛ دوەم کێشەی ناوچە دابڕێنراوەکان؛ سێهەم پەیوەندییە کێشەدارەکانی هەرێم
لەگەڵ عێراق. . . دەکرێ بڵیین، تەنانەت پێویستیشە ئەوە بڵێین، کە کورد لە هەرێمی
کوردستان پێویستی بە ستراتیژێکی یەکبو هەیە بەڵام بە سێ تاکتیکی جیاوەزەوە، کە هەر
تاکتیکێکیان خەسڵەت و میکانیزمی تایبەت بەخۆیان هەبێت. . . بەڵام دەکرێ ئەم باسە زۆر
زیاتر بخوازێ، لەبەر ئەوە، بە ئیزنی خۆتان، بۆ دەرفەتێکی هەڵیئەگرین؛
٨) جێگای خۆشحاڵیم بو کە
بینیم چەند بەڕێزێک، ئەگەر ژمارەشیان زۆر کەم بێت، بە تایبەتی لە رۆژهەڵاتی
کوردستانەوە بە خەم و دڵسۆزییەوە لە مەسەلەی دەنگدانی دوێنێ، بە تایبەت رو لە دۆسیەی
کەرکوک، قسەیان هەبو. هەر وەک لە کۆمێنتێکدا لەو پەیوەدنییەدا نوسیم، ئەمڕۆ کەرکوک،
سبەینێ ورمێ و دوسبەی. . . هتد. ئەم جۆرە هەڵوێست و دەنگانە تا زۆر بن دیسان هەر کەمە:
نەتەوە خاوەن دەوڵەتەکان دەوڵەتیان هەیە کە، وەک ئامرازی هەرە گەوهەری لە جیهانی مۆدێرندا،
بە کاری دەبەن بۆ خۆنواندن، پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان، مانەوە و بەرگری لە خۆیان،
بەڵام ئێمەی کورد ئەمەمان نییە! لەبەر ئەوەشە شەڕی مانەوەمان زۆر ناهاوسەنگە، بەڵام
تاکێکی نیشتمان پەروەر کە هەمو پانتایی نیشتمانی کوردان دەبینێ و بەرگری لە مانەوەی
دەکات، لە ئێستادا تاکە زامنە بۆ ئەو مانەوەیە!
رێز و سڵاوی دوبارەم،
هەمو کاتێکتان شادی و کامەرانی بێت.
237 جار خوێندراوەتەوە