ئەم هەرێمە چۆن چاک دەبێت؟

بەقسەی زل؟ بە دروشم و ڕستەی بریقەدار؟ یان جوێن و تەشهیر و ناوزڕاندن و تۆمەت بەخشین و یەکتر شکاندن؟ یان بەهاتو هاوار و تەنها قسە لەپێناوی قسە و ڕەخنە لەپێناوی ڕوخاندن؟

نەخێر هەرگیز ئەوانەی سەرەوە باسم کردن چارەسەر نین و بگرە دۆخەکە خراپتر و ئاڵۆزتر دەکەن.

دەمانەوێت چاکی بکەین؛

تۆی دایک و باوک پەروەردەیەکی جوانی منداڵەکەت بکە،

تۆی مامۆستا میهرەبانی و بەخشندەیی و زانست پەخش بکە،

تۆی پزیشک و کارمەندی تەندروستی تەنها پیشەکەت لەپێناوی مرۆڤایەتیدا ببینە و بیخە خزمەتی ئینسانەکانەوە نەک بازرگانی کردن پێیەوە،

تۆی دادوەر و پارێزەر و کارمەندی دادی دادپەروەربە، پیشە پیرۆزەکەت تەنها لەپێناوی تەحقیقی عەدل و عەدالەتدا بەکاربهێنە حزب و ماددە مەخوێنەرەوە،

تۆی دراوسێ ئەمانەت پارێزبە و سەروماڵ، ئەخلاق و شەرەفی دراوسێکەت بەهی خۆت بزانە،

تۆی هاوڕێ وەفاداربە و خیانەت لەهاوڕێکەت مەکە کەمتمانەی پێتە،

تۆی خۆشەویست، هۆگربونت لەگەڵ ڕەگەزی بەرامبەر با پاک و دور لە هەڵخەڵەتاندن و دەست بڕین بێت، بەڵکو بۆ زەواجێکی خاوێن و دروستکردنی خێزانێکی بەختەوەر بێت،

تۆی بازرگان، وەبەرهێن، کاسبکار هتد…، کارەکەت بەئەمانەتەوە جێ بەجێ بکە و ژیان و تەندروستی و گیرفانی هاوڵاتی بەهی خۆت بزانە و ئامادە مەبە بۆ هیچ قازانجێک ئەوانە لە بیربکەیت.


لەکۆتایدا،
لەهەموی گرنگتر تۆی سەرکردە و حکومڕان و کاربەدەست خاکی بە، دڵسۆزی خاک و خەڵکەکەت بە، خیانەت بەدەنگ و متمانەی ئەوانە مەکە کەمتمانەیان پێتە، بۆ ژینی ئەوان بژی و لەپێناوی ژینی ئەواندا ببەخشە و خۆت بکە بەقوربانی تا ئەوان لەسایەو سێبەرتدا ئارام و خۆشگوزەران و ئاسودە بژین.

هیوادارم هەریەکەمان بەپێی پێگە و بەرپرسیاریەتیمان لەکۆمەڵگەدا خزمەت بکەین و هیچ کات هۆکارێک نەبین بۆ پشێوی و بارگرانی و ناڕەحەتی دەوروبەرەکەمان.

کوردستان ئاوەدان، ئێوەش ئاسودەو بەختەوەربن.

243 جار خوێندراوەتەوە