ململانێ و کێبڕکێی نادروستی نێوان هێزە کوردستانییەکان بە درێژایی
نزیکەی (٦٠) ساڵە زیانی گەورەی لە تواناکانی شۆڕش و پاشان لە مافە سروشتی و لە
قۆناغی دوای رژێمی سەددامەوە لە مافە دەستورییەکانی گەلەمان داوە، کار گەیشتوەتە
ئەوەی لە هیچ جوڵە و هاوپەیمانێتی و سازش تا ئاستی پەلکێشکردنی هێزی داگیرکەران سڵ
نەکراوەتەوە، لەم نێوەندەشدا جگە لە دەریایەک خوێنی رۆڵەکانمان و ماڵوێرانی بۆ
هەزاران خێزانی رەش و روتی میللەتەکەمان.
دەیان
ماف و پشکی کورد بەبەرچاوی سەرکردەکانیانەوە خراوەتە زبڵدانەوە، بێئەوەی تۆزقاڵێک هەستی
نیشتیمانی و نەتەوایەتی روشاندبێ، لەجیاتی ئەوانە داکۆکیکاری مافی گەلەکەمان بن،
پارێزەری بەرژەوەندی کەسی و حیزبی خۆیان بون.
نەگبەتی و بێکەسی سەرکردایەتی کورد لەوەدایە ئەم هێزانە دەیانجار
روبەڕوی ئەم رەخنانە کراونەتەوە، دەیسەلمێنن بێئەوەی بۆ یەکجاریش سودیان لەو ئەزمونە
تاڵانە وەرگرتبێت.
بە شاهیدی زۆرێک لەلایەنە کوردستانییەکان لە کۆبونەوەکانی سەرۆکایەتی
هەرێمدا، بزوتنەوەی گۆڕان، ئەم پرسەی جوڵاندوە و رەخنەی توندی لە سەرکردایەتی
لایەنەکان گرتوە کە چۆن لەم شێوازی پەیوەندییە سیاسییانەی ئەو دو لایەنە کورد چەند
زیانی کردوە.
چەندین دانوستان لەنێوان هەرێم و بەغداد کراوە، بەڵام هەموجارەکان
لەجیاتی سەرکردایەتی سیاسی کورد، سەرکردایەتی سیاسی یەکێتی و پارتی ئەنجامیانداوە.
زۆربەی جارەکانیش جیابەجیا و بێ ئاگاداریی یەکتر لەپێناو دەستکەوتی
حیزبی چاوپۆشی لە مافە نەتەوایەتییەکانمان کراوە. وەک ماددەی ١٤٠ و چەندین کێشەی
بنچینەیی تر کە بەهۆی ناکۆکییەکانی ئەو دو لایەنەوە بونەتە قۆچی قوربانیی، زۆر
مافی تر وەک بودجە و موچە و یاسای نەوت و گاز، پشکی کورد، لە حکومەتی فیدراڵی و
دامەزراوە سەربەخۆکانی تر، تەنها لە پشکی کورد لە حکومەتی فیدراڵی زیاتر لە ٤٠٠
پۆست هەیە کەمتر لە ١٠٠ پۆست وەرگیراوە، تەنها ئەم نمونەیە بەسە بۆ ئەوەی لە
زیانەکانی بوارەکانی تر تێبگەین.
ئەم روداوانەی ئەم چەند رۆژەی رابردوش ئەوە دەهێنێ جارێکی تر بڵێین با
لە بەغداد وەک کورد داوای پشک و مافە دەستورییەکانی خۆمان بکەین لە تەمەنی حکومەتی
فیدراڵی عێراق وەک حیزب نوێنەرایەتییان کردوە سەرکەوتو نەبون.
ئێستا کاتی ئەوەیە دەستەیەکی باڵای هەمیشەیی لە حیزبەکانی دەسەڵات و
ئۆپۆزسیۆن و هەمو کەسایەتییە نیشتیمانییەکانی تر پێکبهێنرێت، بە نوێنەرایەتی کورد
دەستەی باڵای گفتوگۆ و دانوستان بن، دەسەڵاتی باڵایان هەبێت، نوێنەرایەتی دۆسیەی
کورد بکەن، داکۆکی و پارێزەری مافەکان بن، ئێوە لە کوردستان چۆن ململانێ و
رکابەریی دەکەن بیکەن، بەڵام لە بەغداد ئازادنین بەم شێوازە ململانێیەکانتان بکەن
و مافە نەتەوایەتییەکانمان بکەنە قۆچی قوربانیی.
185 جار خوێندراوەتەوە