بەشی دوەم
کێشە جەوهەرییەکانی بزوتنەوەی گۆڕان جگە لەدەستدانی متمانەی دەنگدەرانی، دانەمەزراوەیی ئۆرگان و جوڵە و هاوپەیمانی و پەیوەندییە سیاسییەکان و کێشە رێکخراوەیەکانیەتی.
بزوتنەوەکە پێشتر خاوەن کەسایەتییەکی کاریزمایی مەزن بوو، بە بڕیار و هەڵویست و وجودی خودی خۆی، بەشێکی زۆری کەمووکوڕی و کێشە و ململانێیەکانی خەفەیان داپۆشی بوو.
بەکۆچی دوایی کاریزماکەی، ئەم کێشە و ململانێیانە بەزویی چەکەرەیان کرد و فرەجەمسەری برەویی سەند.
بەداخەوە ئێستا سەرکردەی کاریزمامان نەماوە و بۆمان دروست نابێتەوە، لەبەرئەوە جێگرەوەی نەبونی کاریزماش تەنیا و تەنیا بەدامەزراوەییکردنی ئۆرگانەکانیەتی، بەشێوازیکی پرۆفیشناڵ، بە ئەزموون و چالاک و گۆیلێگیراو و هاوکاری کراوبێت، دور لە ململانێ و دەستەگەریی.
تەنها لەم رێگایەوە، دەتوانرێت جوڵەو بڕیارو کاری سیاسی دروست و زانستیانە و بە بەرهەم بێت، بێگومان لە قۆناغەکانی رابردوودا، لە جوڵە و هاوپەیمانییە سیاسییەکانماندا سەرکەوتونەبوین، بەتایبەتی لە هاوپەیمانییەکانی پێکهێنانی حکومەت و هەڵبژاردنەکاندا؛ بۆ؟ هۆکار زۆرە.
ئەگەرچی زۆر بوار و دەرفەت درا، بەرنامە و ئەجێندای هاوپەیمانێتییەکان جێبەجێ بکرێت، بەڵام هەر نەکرا؟! هەرچەندە زۆر درەنگە، بەڵام دروست وایە بگەڕێینەوە بۆ رای خەڵک و هەڵوێستە پێویستەکە وەربگرین و ئەو پاساو و هۆکارانەی ناچاریان کردین بەئەنجامدانی ئەو هاوپەیمانێتیانە! کە باجی قورس و گەورەی بۆ درا، بۆ پێویستیی ئەم قۆناغە باشتروایە کۆتایی پێبهێنرێت. هەموومان بەرپرسیاریتی ئێستاو داهاتوویشی بگرینە ئەستۆ.
لەلایەکی ترەوە، هەر لەسەرەتای دروستبوونی بزوتنەوەی گۆڕانەوە کەمووکوڕیی زۆرمان هەبوو لە دیاریکردنی بەربژێرەکانماندا، بەشێکیان بێ ئەزموون بون، جۆشدراو و ئاڕاستەکراو و تاقیکراوە نەبون، زۆربەیان بەتەزکیەی کەسی یان بەهۆی بڕوانامەوە یان زۆر پێوەر و شتی دیکەوە دیاریکرا بون، لە بری نوێنەرایەتی ئایدیا و بەرنامەی بزووتنەوەکە بکەن، تێرکەری خواست و بەرژەوەندیی تایبەتی و هەڵگری ئایدیاو ئەجێندای ترو خۆلێگۆڕاو و پۆپۆلیست بوون.
نەوشیروان مستەفا ووتەنی :"بەشێک لە هێلکەکان پیس دەرچوون"، ئەمەش جارێکی تر پێویستی بە دامەزراوەییکردنی ئۆرگانەکانە، لە رابردوو ئێستاو داهاتوشدا دەیسەلمێنی لەڕوی رێکخراوەییەوە بزوتنەوەی گۆڕان لە کێشەی دارایی، دیسپلین، چاودێریی و بەدواداچون، هەڵسەنگاندن، پرەنسیپی سزاو پاداست، دەسەڵاتی قوڵمانن هەیە.
لەم ساتەوەختەشدا گرنگترین ئاڵنگاریی؛ کەسی یەکەمی بزوتنەوەکەیە، رێکخەری پێشوو دەسبەرداری پوستەکەی بووە، ناکرێت و ناگونجێت و هەڵەی کوشندەیە هاوشێوەی یەکێتی و پارتی رەوت بکەین، کە لەبنەچەدا ئێمە خۆمان بە مۆدێلێکی جیاواز ناساندوە، ئەم هەنگاوە بچوک و دەستەمۆو بەرەو پوکاندنەوە یان بەرەو هەواری کۆنمان دەبات.
ئەی لەنێوان بژاردەکاندا چی؟
ئاستەمە لەم قۆناغەدا کۆدەنگی لەسەر کەسی یەکەم دروست بێت، گەر کرا زۆرباشە!
ئەزموونی هاوسەرۆکی لە باشوور بەمردویی لەدایک بوو!.
بەڕای بەندە و بەشێک لە هاوڕێیانم؛ بوونی دامەزاوەیەکی سەرۆکایەتی راگوزەری بۆ دو تا سێ ساڵ، دەکرێت بەهەر ناوێکەوەبێت، ئەم دامەزراوەیە تەشریفاتی و راوێژکاریی و چاودێربێت، یەکێکە لە چارەسەرییەکان.
دیارە دەستوری نوێی پەسەندکراوی دووەمین کۆنفرانسی نیشتیمانی رێگای داوە بەدامەزراندنی ئۆرگانی نوێ، ئەمەش بێ دژو کەموکوڕی نابێت، بەڵام باشترین رێگایە بۆ کۆکردنەوەی رازی و ناڕازیی، گەنج و رەعیلی یەکەمی بزوتنەوەکە، دەرگای گفتوگۆ پێشنیازیش لەمبارەیەوە کراوە دەبێت.
498 جار خوێندراوەتەوە