30 ساڵ زیاتره، هه‌رێمی کوردستان له‌لایه‌ن
دوو هێزه‌وه به‌ڕێوه‌ده‌برێت. ئه‌و سیستمه سیاسی و مۆدێلی دهوڵهتدارییهی له
ئه‌نجامی ئه‌م به‌ڕێوه‌بردنه‌وه فراژی بوه، له هیچ کام له‌و مۆدێل و سیستمه سیاسییانه
ناچێت که ئه‌مڕۆ له دنیادا باون. هه‌ر بۆیه هیچ مۆدێلێك نییه به‌ته‌نها، بتوانین
سیستمی سیاسیی هه‌رێمی کوردستانی پێ بەراورد بكه‌ین.
له‌پاش روخانی فاشیزمی به‌عسی و به‌تایبه‌تیش
پاش دابارینی پاره‌ی نه‌وت به‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستاندا، سیستمی ده‌سه‌ڵات زۆرتر لە
تێكه‌ڵه‌یه‌ك دەچێت لە سیستمی كۆماری مۆز Banana
Republic و سیستمی ده‌وڵه‌تی موڵكانهسێن Rentier State.
لە سایەی دەسەڵاتێکی گەندەڵدا، كۆمه‌ڵگه له‌م مۆدێله‌ی
ده‌وڵه‌تدا پاسیڤ، نابه‌رهه‌مهێن و به‌رخۆره . ئه‌م جۆره له سیستم دواجار عه‌قڵیه‌تێك
به‌رهه‌م ده‌هێنێت خاوه‌نی كۆمه‌ڵێك خه‌سڵه‌ت و به‌های سیاسی و کەلتوریی تایبه‌ت
به خۆیه‌تی کە له‌گه‌ڵ خه‌سڵه‌ت و به‌های دیموكراسیدا نایه‌ته‌وه.
له غیابی داموده‌زگای دیموكراسیدا، ئەم جۆرە سیستمە
بەتایبەتیش ئەوانەیان کە بە سیستمە موڵکانەسێنەکان ناسراون، كه‌مینه‌یه‌كی ئۆلیگارشی‌ی
دهوڵهتمەدار دروست ده‌كات کە پاشان ده‌بنه خێڵێكی سیاسی و وردە وردە ده‌سه‌ڵات
و كۆمه‌ڵگه داگیر ده‌كه‌ن. ئه‌م سیستمه به‌شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان سیستمێكی هیراركی
و خێڵه‌كی داده‌مه‌زرێنێته‌وه كه له بریتی نه‌ته‌وه، ئینتیمای هاوڵاتی بۆ
نوخبه و تاکەکەس ده‌بێت و له بریتی نیشتیمانیش، بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه تایبه‌تیه‌كانی.
پێوه‌ندی هاوڵاتی به نیشتیمانه‌وه له‌م جۆره سیستمانه‌دا، پێوه‌ندییه‌كی ماڵیی روتی
نێوان هاوڵاتی و نوخبه ده‌سه‌ڵاتداره‌كانه. لە هەمان سۆنگەوە هاوڵاتیان هه‌وڵ ده‌ده‌ن
هه‌مو ببنه به‌شێك له حكومه‌ت/حیزب، چونكه حكومه‌ت/حیزب له‌م سیستمانه‌دا بۆ خۆیان
ده‌بنه كۆمپانیایەکی گەورە. بۆیه هه‌ر چونه ده‌ره‌وه‌یه‌ك به ئاڕاسته‌ی پێچه‌وانه،
هاوڵاتی روبه‌ڕوی سزا و هه‌ڕه‌شه‌ی نانبڕین و له‌ده‌ستدانی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی
ده‌كاته‌وه. هه‌ڵبه‌ته هه‌ر ئه‌مه‌شه نهێنی نه‌بونی ئۆپۆزسیۆنی كارا و دواجار یاخیبون
و بەرپاکردنی شۆڕش دژ به‌م سیستمانه.
ساڵانێکە دەسەڵاتی کوردی لەڕێی بڕین یاخود بڕینەوەی
موچه به ناوی جیاجیاوه، دەستکارییەکی وردی هەندەسەی هه‌مو هێز و گروپه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان
دەکات. لە سایەی ئەم شێوازەی حوکمڕانیدا، ئه‌م هێز و گروپانه تا دێن له‌به‌ر یه‌ك
و له‌ناو یه‌كدا هه‌ڵده‌وه‌شێن و گۆڕانی گه‌وره به‌سه‌ر ئینتیمایاندا دێت. ئێمه
ساڵانێکە شاهیدی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌یه‌كی وردی هێزه كۆمهڵایهتییهكانین له‌لایه‌ن
سیستمه‌كه‌وه، شاهیدی گۆڕانێكی سیستماتیكیی ئینتیمای ئه‌و گروپه كۆمهڵایهتیانهین
کە لەڕێگەی بڕینەوەی موچە یان بڕینی موچەوە پێگه چینایه‌تییه‌كانیان ده‌ستكاری ده‌كرێت
و ئاڵ‌وگۆڕیان پێده‌كرێت. ئێمە هەر ئێستا شاهیدی سەرهەڵدانی ئەو چینە مەترسیدار و
نوێیەی کوردەوارین کە ساڵانێکە لە کایەی سۆسیۆلۆژیای سیاسی‌دا بە پریکاریا ناسراوە.
بێگومان زه‌ره‌رمه‌ندی یه‌كه‌می ئه‌م پرۆسه‌یه خودی دیموكراسی خۆیه‌تی، چونكه ئیتر
شتێك نامێنێت به ناوی چینی ناوه‌ڕاست؛ ئه‌و چینه‌ی كه له‌سه‌ر شانی ئه‌و، دیموكراسیی
نوێنه‌رایه‌تی داده‌مه‌زرێت و به‌رده‌وام ده‌بێت.
پاش زیاتر لە 30 ساڵ، دیموکراسیی کوردی تا دێت
لە هەندێک روەوە دەچێتەوە سەر مۆدێلی دیموكراسیی روسی، ئه‌و مۆدێلەی ڤلادیمێر پوتن
له‌م ساڵانه‌ی دواییدا بوە سەرمەشقی و حاڵی حازر وه‌كو قه‌یسه‌رێكی سته‌مكار تا دێت
ته‌نگ به كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نیی روسی هه‌ڵده‌چنێت.
دیموکراسیی روسی کە تیۆرێسێنەکانی لایەنگری پوتن
بە "دیموکراسیی دەسەڵاتی باڵا" ناوی دەبەن، ساڵانێکە و بەتایبەتیش پاش زەلیلکردنی
ئۆپۆزسیۆن و پاوان‌کردنی دەسەڵاتی سیاسی تەنها لەلایەن یەک حیزب (ئەدینیا روسیا) و یەک
کەسەوە (ڤلادیمێر پوتن)، بوە گەمەیەک کە سەرەڕای هەڵبژاردنی بەردەوام، رێگە بە هیچ
دەستاودەستکردنێکی دەسەڵات نادات.
ئامانجەکانی "دیموکراسیی دەسەڵاتی باڵا"
هەروەکو میخائیل کاسیانۆڤ دەڵێت: "چڕبونەوە و کۆنترۆڵکردن و خۆبەخاوەنزانینی
دەسەڵاتی سیاسییە بە هەر نرخێک بێت". لێکەوتەکانی ئەم دۆکترینە مەترسیدارەش هەروەکو
ناوبراو دەڵێت: "پایەدارکردنی پۆپۆلیزم و بێ بەهاکردنی یەکبینەی دامەزراوە
گشتی و تایبەتەکان و دورکەوتنەوەیە لە بنەماکانی یاسا و دیموکراسی".
یەکێک لە خەسڵەتە دیارەکانی سیستمی سیاسی و
حوکمڕانیی روسیا، پشتبەستنە بەو هێزگەلەی کە بە روسی پێی دەوترێت سیڵۆڤیکی. سیڵۆڤیکی
کە مەبەست لێی پیاوە بەهێزەکانە، ئەو کاراکتەرانەن کە پێشینەی کاری سەربازی و ئەمنییان
هەیە و لە یەکێک لە دەزگا ئەمنییەکانی روسیادا کاریان کردوە و هاوڕێ یان جێپەسنی پوتن
خۆین. راستییەکەی دەسەڵاتی سیاسیی ئەمڕۆی روسیا دەسەڵاتی سیڵۆڤیکییەکان؛ پیاوانی
دامودەزگا ئەمنی و جاسوسییەکانی روسیان، بێگومان بە پوتن خۆیشیەوە.
دیموكراسیی کوردی بە هەمان شێوەی هاوتا روسییەکەی،
هیچ نییه جگه له هێشتنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات و گه‌مه‌ی سیاسی ته‌نها له ده‌ستی یه‌ك
نوخبەی سیاسی‌دا. بێگومان ئەمەش لە بەشێکی گەورەیدا پێوەندی بەو گۆڕانە دراماتیکییەوە
هەیە کە لەم ساڵانەی دواییدا و لە سایەی نەوتی رژاو و پاشان گرتنە دەستی دەسەڵات لەلایەن
نەوەی دوەم و سێیەمی سیاسییەکانەوە، بەسەر حیزبی چەکداری کوردی‌دا هات و لە جیاتی حیزب،
ئێستا ئێمە روبەڕو لەگەڵ دەرەبەگایەتییەکی چەکداردا دەرگیرین. دەرەبەگایەتییەک کە
تا دێت روبەرەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی تەسکتر و برەو بە بوژانەوەی ناوچەگەرێتی و سەلەفییەتی
ئایینی دەدات. له هه‌موشی ترسناكتر و بەپێچەوانەی سیستمە دیموکراسییەکانەوە، ئه‌م
مۆدێله‌ی حوكمڕانی پێویستی به شه‌رعیه‌تپێدان نەماوە، لەبەرئەوەی له‌سه‌ر ئاستی
ناوخۆ هێزی چەکدار و دامودەزگای ئەمنیی جیاجیا و پۆلیس و میلیشیای هه‌واداری خۆی
له ده‌وره. له‌سه‌ر ئاستی ده‌ره‌كیش لە میانەی گەندەڵیی سیستماتیکییەوە، ژمارەیەکی
زۆر كۆمپانیا و هێزه ده‌ره‌كییه‌كان پشتیوانی لێ دەكه‌ن.
قسه‌کردن له گۆڕانکاریی ریشەیی لە هەرێمی
کوردستان هه‌روه‌کو چۆن قسه‌کردنه له گۆڕینی ئەم مۆدێلەی دیموکراسی و حوکمڕانی،
به‌هه‌مان شێوه قسه‌کردنه له دانانی سنورێک بۆ دەسەڵاتی مەترسیداری ئه‌م نه‌وه
سیاسییه‌ش، ئەو نەوەیەی کە پاش مردن و پیربونی سەرکردەکانی نەوەی یەکەم و لەڕێی مۆنۆپۆلکردنی
دامودەزگا ئەمنییەکانی حیزبەوە، جڵەوی دەسەڵاتیان کەوتە دەست. نەوەیەکی بێ سەواد،
بەڵام هەڵگری هەمان کەلتوری "دیموکراسیی دەسەڵاتی باڵا"ی روسین و تا دێت
ئەمانیش رەوایەتی لە "سیڵۆڤیکیای کوردی"یەوە وەردەگرن.!
138 جار خوێندراوەتەوە