وەبەرهێنان لە دروستکردنی یەکەکانی نیشتەجێبون لە هەرێمی
کوردستان بەشێوەیەکی گشتی:
1- داهێنانی مۆدێلێکی وەبەرهێنانە کە لە بەشێکی زۆریدا پشت بە
داگیرکردن و وێرانکردنی خاک و سروشت دەبەستێت و بەهیچ شێوەیەک ڕەنگدانەوەی زۆربون
و هەڵکشانی ژمارەی دانیشتوانی هەرێم نییە.
2- وەبەرهێنان لە دروستکردنی یەکەکانی
نیشتەجێبوندا کەرتێکی مۆنۆپۆلکراوە لەلایەن ئەوانەی لەم ساڵانەی دواییدا لە سایەی
ئابوریی حیزبییەوە بونە ملیۆنێر و ملیاردێری دۆلار.
3- برەودان بە بواری دروستکردنی زۆرتری
یەکەکانی نیشتەجێبون، وەبەرهێنانە بۆ دهوڵهمهندبونی خێرا. دەوڵەمەندبونی خێرا
درێژكراوهی كولتوری تاڵانوبڕۆ و له ههمان کاتدا ڕهنگدانهوهیهكی ڕاستهوخۆی
ئابوریی حیزبییه، ئهو تهرزه ئابورییهی كه جگه له كوردستان و عێراق له
هیچ شوێنێكی دنیادا بونی نییە. دهوڵهمهندبونی خێرا جگه لهوهی لهڕێی
کەسە دەستڕۆێشتوەکانی حیزب و حکومەتەوه ئاڕاستهكراوه، شێوازێكی تایبهته له
دهوڵهمهندبون له سایهی نهبونی سیستمێكی ڕۆشنی باج و واوهتریش نهبونی
دهسهڵاتی قانوندا. بۆیە ئەم شێوازە لە وەبەرهێنان لە بەشێکیدا دەچێتە خانەی شهرعهنهكردنی
تاڵانییەوە.
4- وەبەرهێنان لەم کەرتەدا کایەیەکی لەبارە
بۆ سپیکردنەوەی پارەی پیس، ئەو پارەیەی لە ئەنجامی تاڵانوبڕۆی کوردستان و عێراقەوە
بەردەوام دەڕژێتە گیرفانی دەستەبژێری سیاسیی گەندەڵ و نزیکەکانیانەوە.
5- لەو سۆنگەیەی کە بەشێکی زۆری ئەم ڤێلا و
یەکانە لە مۆدێلی های کڵاسن، زۆربەیان ڤی ئای پییەکانی کورد و عەرەبی هاوردە لێی سودمەندن
نەک چینە نەدار و مامناوەندەکانی کوردستان.
6- وەبەرهێنان لە دروستکردنی یەکەکانی
نیشتەجێبوندا مۆدێلێکی نوێ و مەترسیداری تەعریبکردنی کوردستانە بەناوی
وەبەرهێنانەوە. (بەگوێرەی هەندێک لە ستاتسە فەرمییەکان [هی ساڵی ٢٠٢٠] زیاتر لە
یەک ملیۆن عەرەب نیشتەجێی هەرێمی کوردستانن (هەولێر 600 هەزار 29%، دهۆک 275 هەزار
16%، سلێمانی 160 هەزار 7%) لە ئێستادا ئەو ژمارەیە ملیۆن و نیوێکی تێپەڕاندوە.
7- ئەم مۆدێلەی وەبەرهێنان لە کاتێکدا بەردەوام
کار لەسەر دروستکردنی بە (بەهەشتکردن)ی ڕوبەری ناو سنورەکانی خۆی دەکات، هاوتەریب
دنەی (بە ئۆردوگاکردن)ی بەشەکەی تری شار دەدات.
8- ئەم مۆدێلەی وەبەرهێنان لە کاتێکدا کار
لەسەر بە (گوندکردن)ی ناوەندی شار دەکات، هاوتەریب کار لەسەر بە (مەزرەعەکردن)ی
گوندەکان دەکات.
9- سیتی و گوند و کۆمەڵگاکانی ئەم یەکانەی
نیشتەجێبون، تا ڕادەیەکی زۆر برەودانە بە دروستکردنی مڕومۆڵگە (مستوطنات)، ئەوەی
کۆڵۆنیالیستە ئەوروپییەکان لە سەدەکانی پێشودا وەکو ستایڵێکی ژیانی تایبەت بە
خۆیان و بۆ خۆجیاکردنەوە لە هاوڵاتیانی ڕەسەنی ئەو وڵاتانە بۆ خێزان و سوپا و
بازرگانانی خۆیان لە وڵاتە داگیرکراوەکاندا دروستیان دەکردن.
10- هۆکاری هەڵکشان بۆ داگیرکردنی ئەو ڕوبەرانەی
کە هێشتا دەستی داگیرکارییان پێ نەگەیشتوە (چیا و دامێنی گۆیژە بەنمونە)، برەودانە
بە ژیان لەسەر هەمان ڕیتمی مڕومۆڵگە. ئەو مڕومۆڵگە لەیەک دابڕاوانەی کە لەڕێی
فراوانبونی جیاوازییە چینایەتییەکانەوە، وردە وردە تەونی کۆمەڵایەتیی و ئاشتیی
کۆمەڵایەتیی کوردەواری بەرەو ئاقارێکی مەترسیدار دەبەن.
11- ئەوە قسە هەڵناگرێت ئەوانەی لە پشتی ئەم
کارەساتەوە وەستاون، ئەو سیاسییە گەندەڵانەن کە پۆستە حیزبی و حکومەتییەکانی خۆیان
خستۆتە خزمەتی ئەم جۆرە پڕۆژانە و بونەتە بازرگان.
12- بێگومان ئەمەش لە بەشێکی گەورەیدا
پێوەندی بەو گۆڕانە دراماتیکییەوە هەیە کە لەم ساڵانەی دواییدا و پاش دابارینی
پارەی نەوت و گرتنە دەستی دەسەڵات لەلایەن نەوەی دوەم و سێیەمی سیاسییەکانەوە،
بەسەر حیزبی چەکداری کوردیدا هات و لە جیاتی حیزب، ئێستا ئێمە ڕوبەڕو لەگەڵ
دەرەبەگایەتییەکی چەکداردا دەرگیرین.
13- بەدەنگەوەهاتنی هاوڵاتیان لەسەر سروشت و
موڵکی سلێمانی، خودهۆشیاریی و خودئاگاییەکی یەکجار کەشخە و ڕاقییە، ئەم
لەسەرکردنەوەیەی هاوڵاتیان لە سروشت و موڵکی شارەکەیان کوردبون و کوردستانییەتێکی
سەربەخۆی نوێیە کە زیندوێتی کۆمەڵگەی مەدەنیی (لانی کەم) سلێمانیمان پیشان دەدات.
14- ڕاستییەکەی دەسەڵاتی سیاسیی کوردی
عەیامێکە شەقاوی گەورە گەورەی ناوە، بۆ ئەوە نا سیستم دروست بکات، بۆ ئەوەی هەرچی
زوترە ببێتە یەکێک لە کۆمارەکانی مۆز!
157 جار خوێندراوەتەوە