رۆژی نەخۆشكەوتنی كاك قادری حاجی عەلی بكرێتە تەوژمی راستكردنەوەی رێڕەوی گۆڕانی گۆڕانخوازان

لە15ـى 10ـى 2020 بە بۆنەی توشبونی كاك قادر بە نەخۆشی كۆرۆنا و داخڵكردنی لە نەخۆشخانە،  لە پەرۆشیا بۆ ئەو جوامێرە چەند دێڕێكم نوسی، ئەمڕۆ فەیسبوك بیریهێنامەوە، وەك خۆی لە خوارەوە دایدەنێمەوە.

 

ئەم بیرەوەریە غەمناكە، نەخۆشكەوتنی كاك قادری حاجی عەلی دواتر كۆچكردنی، دەبێ بكرێتە بۆنەیەك بۆ زیندوكردنەوەی ئەو پڕۆژەیەی خولیای ئەو و ئێمە و هەزاران خەمخۆری دڵسۆز و نیشتمانپەروەر و خوازیارانی دادوەری و یاساسالار و گۆڕانخوازان بو، گەیشتبوە قۆناغى جێبەجێكردن،  بەداخەوە بە مەرگی كاك قادر ئەویش لەبارچو.

 

ئەو پێشهات و ئاڵوگۆڕانەی ئەم دوایانەی بەسەر بزوتنەوەی گۆڕان و سەركردایەتییە نەزۆكەكەیدا هاتوە ئاماژەن بۆ گۆڕانكاری پۆزەتیڤ بە ئاراستەی وەرگرتنەوەی پێگە شایستە پێشەنگیەكەی وەك سەرتۆپی ئۆپۆزسیۆنی راستەقینەی جددی لە داهاتویەكی نزیكدا، پاش خۆ رێكخستنەوە و گۆڕانكاریی لە ستراكچەر و پاككردنەوەی سەركردایەتییەكەی لە سازشكاران و هەڵپەرستان، بە پێچەوانەی سەرجەم لیست و قەوارە پۆپۆلیستە هەڵپەرست و نەوەكامە هەرزەكانی لە ئەنجامی شكستەكانی گۆڕان و غیابی وەك هێزە كاراكەی كاتی سەرهەڵدانی هاتونەتە پێش بێ ئەوەی شایستەیی ئەو رۆڵە داواكراوەیان هەبێت لە لایەنی فكری و رێكخراوەیی و دڵسۆزی بۆ بەرژەوەندی گشتی وەك لە باكگراوندەكانیان بەڕونی ئاشكرایە و ناشادرێنەوە.

 

بزوتنەوەی گۆڕانی جەماوەرە گۆڕانخوازەكەی شایستەی ئەوەیە چانسێكی تر بدەینە ئەو ئیرادەیەی دەیەوێ بزوتنەوەكە بگەڕێنێتەوە باوەشی جەماوەرە گۆڕانخوازە چەسپاوە خیانەتلێكراوەكە لە لایەن سەركردایەتییە خۆسەپێنەرەكەی بزوتنەوەی گۆڕان، جەماوەری گۆڕانخوازی گۆڕان هەر بە گۆڕانخوازی ماوەتەوە و عەوداڵی گۆڕانكارییە لە سیستمی سیاسی هەرێمی كوردستان و عێراق، لەگەڵ هەمو هەڵە و چەوتی و خیانەتەكانی سەركردایەتییەكەی، تا ئێستا هیچ كەس و لایەنێك نەك نەیتوانیوە تەجاوزی رۆح و بەرنامە و هەڵوێستە دروستەكانی سەرەتای گۆڕان بكات، بەڵكو ناتوانن خۆشیان لە قەرەی بدەن.

 

بە رۆحیەتی تێكۆشانی كاك قادر و هاوكار و هاوبیرەكانی هیوایەكی واقیعیانە هەڵچنین لە دەرفەتی داهاتو بتواندرێت ئۆپۆزسیۆنە سرك و چاپوكە خاوەن بیر و پرەنسیپ و چەسپاوە سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئەخلاقییەكەی جاران بخرێتەوە سەرپێ وەك هێزێكی كارا بۆ پێشەنگایەتی سیاسی بەرەی ناڕازی گۆڕانخواز و بخرێتەوە گەڕ بە میكانیزمی خەباتی جەماوەری هاوچەرخی داهێنەرانە بۆ هوشیاركردنەوە و هاندان و سازدان و بەرەنگاربونەوە بە ئامانجی گۆڕانكاری لە سیستەمی سیاسی بە ئاراستەی بەرژەوەندی گشتی و خزمەتگوزار بۆ دابینكردنی بنەماكانی خۆشگوزەرانی گشتی، ئازادی، دیموكراسی، دادپەروەری، دادی كۆمەڵایەتی، پێشكەوتنی كۆمەڵاتی و ئابوری، نەتەوەسازی و دەوڵەتسازی.

 

ئەم بۆنە غەمگینە بكرێتەوە دەستپێك بۆ بنیاتنانەوەی بزوتنەوەیەكی سیاسی پاككراوە لە سەركردەكانی توشی هەڵدێریان كرد، تۆكمە و كارا بكرێتەوە بە سود وەرگرتن لە پرس و ڕای گۆڕانخوازان و بەشداری پێكردنیان لە گەڵاڵەكردنی سیاسەت و پڕۆژەكانی، وانە وەرگرتن لە هەڵە كوشندەكانی رابردوی كە لە ئاستی چاوەڕوانی جەماوەرە گۆڕانخوازەكەی و كاك قادری جوانەمەرگ دابێت.
لەم هەڵبژاردنەی 20ـى 10ـى 2024 ئەگەر بتواندرێت چەند كاندیدێكی باشی گۆڕان دەربچوێندرێن یارمەتیدەرێكی باش دەبن بە ئاراستەی  رێكخستنەوەی گۆڕان و گێڕانەوەی بۆ رێڕەوە سرشتیەكەی گۆڕانكاریی ریشەییە لە سیستەمی سیاسی هەرێم و عێراق.

 

بە هیوای پشتگیریكردن و دەنگدانی گۆڕانخوازان بە كاندیدە دەستبژێرەكانی بزوتنەوەی گۆڕان لە رۆژی دەنگدان و دەرچواندنیان وەك نوێنەری جەماوەر و بزوتنەوەكەی، بێگومانم لەوەی پارتی و یەكێتی دەگەڕێنەوە پاڵ یەكتر و پێكەوە، رەنگە بە بەشداری یەك دوو لایەنی تر، حكومەت پێكدێننەوە، بە هەندێ تەرتیباتی نوێ بە بەرژەوەندی لایەنێكیان كە رەنگدانەوەی دەرئەنجامی هەڵبژاردن دەیسەپێنێ، لایەنەكانی تر تەنها گرنگییەكەیان لە بەرژەوەندی دەسەڵاتداران و فەلەجكردنی ئۆپۆزسیۆنی راستەقینە دەبێت كە سێنتەرە فكری و داینەمۆیەكەی گۆڕانی جەماوەرە گۆڕانخوازەكەیە كە تا ئێستاش زیندوە و پێكۆڵ دەكات و لە دەرفەت دەگەڕێت سەركردایەتیەكی پێشەنگ تاوی بدات بەرەو بەدیهێنانی ئامانجی داواكراو، گۆڕانێكی جیاواز لە گۆڕانە بەبارمتگیراوەكەی بەدەست سەركردایەتیە سەپێندراوەكەی بە یەكانگیری ویست و بەرژەوەندی هەڵپەرست و ئیخوانییەكان و پشتگرانی میراتگری لە دوای كۆچی دوایی كاك نەوشیروان بە مەرامی دەرپەڕاندنی كەسە بەتوانا و سەركردە كاریگەر و دڵسۆزەكانی وەك كاك قادری حاجی عەلی و هاوڕێیانی، گۆڕانی جەماوە گۆڕانخوازەكەی دەبێت هەڵسێندرێتەوە و هەر ئەو دەتوانێ گۆڕانكاری بكات.

 

داوا لە جەماوەری گۆڕانخوازی هەرێم دەكەم دەنگی خۆیان نەفەوتێنن، دەنگ بدەن بە كاندیدە بەرجەستەكانی گۆڕان. ئیرادەمان بسەپێنین بە سەر سەركردە سازشكار و كەسە هەڵپەرستەكانی بەشێكبون لە بەلاڕێدابردنی گۆڕان و سازشكاریەكانی.

 

لە هەمو وڵاتان ئەو جۆرە سازش و لادانانە لە بزوتنەوەی سیاسی رویداوە و راستكردنەوەی رێڕەو بوەتەهۆی هەڵسانەوەی بە گوڕ و تین و بەدیهێنانی دەستكەوتی گەورە بۆ سەرجەم هاوڵاتییان و بەردەوامی قەوارە سیاسیەكە بۆ دەیان ساڵ و تاكۆ ئێستاش.

 

ئەگەر درەنگیش هاتونەتە پێش، هەمو ئاماژەكانی ئێستای گۆڕان بە ئاراستەی هەڵسانەوەیەكی كرداری راستەقینەیە لە ژیانی سیاسی هەرێم و عێراق، با بە ئومێدی بەشداریكردنی ئەم هەنگاوە سەرەتاییە گرنگە بین و ئەم دەرفەتە تۆكمە و بەگوڕكەین بە دەنگدان بە كاندیدەكانی بزووتنەوەی گۆڕان.
سەركەوتن بۆ راستییە


200 جار خوێندراوەتەوە