بزوتنەوەی گۆڕان گەورەترین سەركەوتنی تۆماركرد

 

بزوتنەوەی گۆڕان وەکو هێزێکی سیاسی کاریگەر هەڵمەتێکی بانگەشەی ئارامی بەڕێوەبرد، دور لەژاوەژاو شەڕەپەڕۆ و شەڕە ... زۆرشتی تر، ئەوەی کەمایەی خۆشحاڵییە گۆڕان توانی بڕیار بدات وە گۆڕان توانی وتاری سیاسی هەبێ، کەماوەیەکی زۆربو بزوتنەوەی گۆڕان ئەم دو کۆڵەکەیەی داڕوخابو، بۆیە بەبونی گوتاری سیاسی وگەڕانەوەی جورئەتی بڕیاردان هەنگاوێکی گەورەو گرنگی بەئاراسەی ئاشت کردنەوەی دەنگدەرو جەماوەرەکەی خۆی نا، بەتایبەت دوای دەست بەکاربونی ڕێکخەری نوێ وداوای لێبوردن کردن و گەڕانەوەی بۆ ناو جەماوەرو پشت کردنە پلە و پۆست دوجار جەماوەری دڵ خۆش کرد.


لە مانەش گرنگتر سەردەمانێک بزوتنەوەی گۆڕان داوای گۆڕینی سیستمی حوکمڕانی ئەکرد لەکوردستاندا، چەندین کەس ولایەن بەخەیاڵیش بیریان لەو ئاراستەی کارکردنە نەدەکردەوە وبگرە گاڵتەشیان بەگۆڕان دەکرد، بەڵام ئەوەی کەمایەی خۆشحاڵییە ئەوەیە کە زۆرێک لەحیزبەکانی کوردستان بەوانەی کەلەدەسەڵات دابون وئەوانەش کە لە دەرەوەی دەسەڵات  بون لە ئێستادا بانگەشەی گۆڕان کاری ئەکەن لە سیستم و ڕێڕەوی حوکمڕانی لەهەرێمی کوردستاندا، کەئەمە خۆی لەخۆیدا یەکێکە لەئامانجە هەرەگەورە و گرنگەکانی بزوتنەوەی گۆڕان و گۆڕانی لەپێناودا دروستبو.


بۆیە پێویستە بڵێین گۆڕان گەورەترین سەرکەوتنی تۆمارکرد کە حزبەکانی دەسەڵات و دەرەوەی دەسەڵاتیشی هێنایە سەر ئەو بڕوایەی کە پێویستە گۆڕانکاری بکرێت.


166 جار خوێندراوەتەوە