ئێمه له‌گه‌ڵ
گوزاره‌ی مرۆڤی هه‌ڕاجكراودا پێویستمان به‌وه‌یه بۆ جه‌وهه‌ری كڕیاره‌كه‌ش بگه‌ڕێین.
سیستمی كڕیاری مرۆڤ چییه؟ ئه‌قڵی كڕیاری مرۆڤ چییه؟ ئایدۆلۆژیا و سیاسه‌تی كڕیاری
مرۆڤ چین؟ هه‌ڵبه‌ت به‌بێ بنچینه‌یه‌ك، وه‌ها پرسیارگه‌لێك ئاڕاسته‌ناكه‌ین. یه‌كه‌م
بۆ ئه‌وه‌مانه بڵێین پرسیار سه‌ره‌تای هه‌مو بیركردنه‌وه‌یه‌كی فه‌لسه‌فی ڕاسته‌قینه‌یه،
كه مرۆڤی هه‌ڕاجكراو هێنده‌ی دوری زه‌وی و ئاسمان له‌م سه‌ره‌تا فه‌لسه‌فییه‌وه
دوره، ئه‌ویش به‌و پێیه‌ی هیچ بیركردنه‌وه و ئه‌خلاقێكی دامه‌زراو له‌سه‌ر بناغه‌ی
ڕه‌سه‌ناێتی مرۆیی، له ڕوبه‌ری گیان و ده‌رونی ئه‌م چه‌شنه مرۆڤه‌دا ئاماده‌یی نییه.
ئه‌گه‌ر هه‌بوایه توانای لانی كه‌می به‌رگریكردن له خۆی ئه‌بو. مه‌به‌ست له (خۆی)
ناوه‌رۆكه گیانییه‌كه‌یه‌تی، كه باشتره وه‌ك شكۆی مرۆییانه‌ی ئه‌و ده‌ستنیشانی
بكه‌ین.
مه‌به‌ستمان
له سیستمی كڕیاری مرۆڤ چییه؟ كاتێك باس له سیستم ئه‌كه‌ین ئه‌مانه‌وێت ڕوانینێكی
فراوانتر سه‌رڕێبخه‌ین بۆ ئه‌و چوارچێوه‌یه‌ی گه‌مارۆی مرۆڤی داوه و، كاریگه‌ری
به‌سه‌ریه‌وه هه‌یه، به‌رده‌وامیش هه‌وڵی ئه‌وه‌یه‌تی هیچ ده‌رچون و یاخیبونێك
له سنوره‌كانیدا ڕونه‌دات. لێره‌دا و له سیستمێكی خۆرهه‌ڵاتیانه‌ی نادیموكراتیدا،
كه كتومت له‌سه‌ر ڕێبازی سیاسی دژ به سه‌روه‌ری تاك و ئازادی و خاوه‌ندارێتی كه‌رامه‌ت
له‌لایه‌ن مرۆڤه‌وه، خۆی دامه‌زراندوه، سیستمێكه له ڕه‌هه‌نده سیاسییه‌كه‌یدا
به‌ته‌واوی پشتی به‌ستوه به شێوازێكی دێرین و تازه‌كراوه له فۆرمی ئایدۆلۆژیای
نه‌ریتگه‌رایی دژ به‌به‌ها مۆدێرنه‌كانی وه‌ك ئازادی، پێگه‌ی شایسته‌ی تاكه كه‌س
و شكۆمه‌ندییه‌كه‌ی، به‌شێوه‌یه‌كی ڕیشه‌یی دژی فه‌له‌سه‌فه‌ی دیموكراسی و ئه‌خلاقی
دیموكراسییه، كه ڕه‌وایه‌تی به سه‌ربه‌خۆیی و سه‌ربه‌ستی مرۆڤ ده‌دات. ترسی گه‌وره‌ی
سیستمه‌كه له‌وه‌یه مرۆڤی ئازاد، كه هه‌مو مه‌یلێكی خۆهه‌ڕاجكردنی له خۆیدا
كوشتوه، له‌دایكبێت.
سیستمی
كڕیاری مرۆڤ له‌سه‌ر ئه‌و بناغه‌یه‌ی هیچ سه‌ربه‌خۆیی و شكۆمه‌ندییه‌ك بۆ تاكه‌كه‌س
به ڕه‌وا نابینێت، هه‌ر له بنچینه‌یه‌وه، داننانێت به كه‌سێتی و تاكه‌كه‌سدا،
به‌ده‌ركه‌وته‌یه‌كی دژ به سیستم و باڵه سیاسییه ده‌سه‌ڵاتگه‌ره‌كه‌ی خۆی، لێكیانده‌داته‌وه،
له سه‌ر ئه‌م بنه‌ڕه‌ته ڕه‌تكه‌ره‌وه فاشیستی - مه‌ڕسه‌نته‌رییه، بازاڕی كڕین
و فرۆشی مرۆڤ ده‌كه‌نه‌وه. بازاڕ لێره‌دا ڕوبه‌رێكه دیوه گۆڕاوه‌كه‌ی مرۆڤی تێدا
ده‌خرێته ڕو، مرۆڤی هه‌ڕاجكراو، یان كاڵامرۆڤ، ئه‌و مرۆڤه‌ی چیتر وه‌ك كاڵایه‌ك
ده‌كه‌وێته سه‌ر ڕه‌فه‌ی فرۆشیاره‌كانه‌وه، یان ده‌ڵاڵه‌كانی دیوه سیاسییه‌كه‌ی
سیستم وه‌ك مه‌ڕ نیشانی كڕیاری باڵای ئه‌ده‌ن، نیشانی پادشای (هیچ)ـی ده‌ده‌ن.
پادشای هیچ شتێك نییه بناغه‌یه‌كی نه‌بێت، ئه‌وه، ئه‌و گه‌وره‌یه‌یه له سه‌ره‌وه‌ی
سیستم، دروستتر له سه‌ره‌وه‌ی دیوه سیاسییه ده‌سه‌ڵاتدارێتییه‌كه‌ی سیستمه‌وه
ئه‌وه‌ستێ، به‌ڵام بریتییه له بونه‌وه‌رێكی پێكهاتو له‌سه‌ر بنچینه‌ی هیچ، هیچ
به‌واتا هایدیگه‌رییه‌كه‌ی ئه‌ڵێم، واته بونه‌وه‌رێكه له‌سه‌ر بناغه‌یه‌كی میتافیزیكیانه‌یه،
كه به زمانێكی تر بونه‌وه‌رێكی پوچ و وه‌همییه، ڕاسته‌قینه‌ییه‌كه‌ی ته‌نیا له‌سه‌ر
پێوابونی مرۆڤی هه‌ڕاجكراو و ده‌ڵاڵی پڕۆسه‌ی هه‌ڕاجكردنه‌كه وه‌ستاوه. با به
هه‌ڵه‌دا نه‌چین، ده‌ڵاڵی سیستم شتێكی گرینگتر نییه له مرۆڤی هه‌ڕاجكراو، ئه‌و
ته‌نیا ئاستێكی باڵاتری مرۆڤی هه‌ڕاجكراوه. ده‌ڵاڵانی سیستم مرۆڤی هه‌ڕاجكراون و
گه‌شه‌یه‌كی پێچه‌وانه‌یان كردوه به‌ره‌و هه‌ڕاجكراوێكی ڕه‌ها، هه‌ڕاجكراوێك كه
به هه‌مو هێزییه‌وه ئه‌یه‌وێت بیسه‌لمێنێت تا چ قوڵاییه‌ك ده‌ستبه‌رداری ڕه‌سه‌ناێتی
و كه‌سێتی خۆی بوه. ده‌ڵاڵ هه‌ڕاجكراوێكه به‌رده‌وام ئیش بۆ ئه‌وه ئه‌كات بیسه‌لمێنێت
به‌و په‌ڕی ئاگاییه‌وه هه‌ڕاجكراوێتییه‌كه‌ی قه‌بوڵكردوه، زیاتر له‌وه‌ش به‌شێكه
له ماشێنی سیستمه‌كه بۆ قوڵكردنه‌وه‌ی زیاتری مرۆڤی هه‌ڕاجكراو.
سیستم
چه‌مكێكی خۆسه‌رانه نییه و قوڵایی و یاسا و ئه‌قڵیه‌تێكی گشتی هه‌مو له‌خۆگره،
كه ته‌نیا به ئایدۆلۆژیا و بیروباوه‌ڕێكی دیاریكراو گوزارشتی لێ ناكرێ، كۆی جه‌وهه‌ر
و ڕه‌هه‌نده گیانی و مادییه‌كانی شارستانێتییه‌كی دیاریكراوه، كه له نمونه
بچوكه‌كانی خۆیدا و له كات و شوێنی جیاوازدا ده‌رئه‌كه‌وێت. ئایدۆلۆژیا و بیروباوه‌ڕه‌كان
و نه‌ریته‌كان وه‌ك لقی ئه‌و سیستمه-چوارچێوه هه‌مو له‌خۆگره له‌كاردا ئه‌بن.
ئه‌گه‌ر وه‌ك ماشێنێكی زه‌به‌لاح له سیستم تێبگه‌ین، به‌دڵنیایی ئایدۆلۆژیا، نه‌ریته
سیاسیی و بنه‌ما هزرییه‌كانی تۆپه‌ڵه‌مرۆڤ و كۆمه‌ڵگه‌كانیش به‌شێوه‌یه‌ك ئه‌بنه
ماشێنێكی بچوككراوه تاكو له هاڕینی بێ‌شومار مرۆڤدا پێڕابگات، یان له دۆخی
شارستانێتی بناغه دیموكراسیدا ئه‌و كیانه ده‌رهاویشتانه‌ی سیستم، ئه‌توانن ببنه
ڕوبه‌رێكی كراوه بۆ خۆدۆزینه‌وه‌ی مرۆڤ و ترازانی له چوارچێوه‌ی هه‌ڵمه‌تی ماشێنه‌كه
بۆ هاڕینی، هاڕین لێره‌دا زیاتر ئاماژه‌یه بۆ كه‌وتنی مرۆڤ به‌سه‌ر چاڵی هه‌ڕاجكراوێتیدا،
كه‌وتنیه‌تی به‌سه‌ر ڕه‌شوه‌ی ده‌ڵاڵ-هه‌ڕاجكراوی باڵادا. ئه‌م په‌سه‌ندییه‌ی هه‌ڕاجكراوێتی
ته‌نیا وه‌ك پڕۆسه‌یه‌ك نییه و قسه‌یه‌كی خۆی نه‌بێت. سیستم له ڕێگه‌ی ئایدۆلۆژیا،
حیزب و بنه‌ماڵه و ده‌سته سیاسییه‌كانی خۆیه‌وه، توانیویه‌تی به‌ڵگه‌سازی و ئه‌رگۆمێنتسازی
بۆ ڕه‌وایه‌تی هه‌ڕاجكراوێتی مرۆڤ بكات. هه‌ر له‌سه‌ر بنه‌مای ڕه‌تكردنه‌وه‌ی به‌چه‌قكردنی
شكۆ و ئازادی مرۆڤ وه‌ك تاكه‌كه‌س، وه‌ك بونێكی ڕه‌سه‌ن، كه خودان بیركردنه‌وه‌ی
كه‌سییانه‌ی خۆیه‌تی، ماشێنی هه‌ڕاجكار، واته ماشێنی سوككردن و به‌پوشكردنی مرۆڤ،
كه له ژماره‌یه‌كی زۆری ده‌ڵاڵ پێكهاتوه، جگه له به‌كرده‌وه جێبه‌جێكردنی هه‌ڕاجكردن
و به‌ڕێوه‌بردنی بازاڕ، وه‌ك بانگه‌شه‌كاری ئایدۆلۆژیاكه‌ش ڕۆل وازیئه‌كه‌ن. لێره‌دا
نمونه‌یه‌كی خه‌یاڵیانه‌ی هه‌ڵهێنجراوی دونیای ڕاسته‌قینه ده‌هۆنمه‌وه، كه به‌شێوه‌یه‌كی
ڕه‌مزییانه كرۆكی پاساوی هه‌ڕاجكراوێتی مرۆڤی هه‌ڕاحكراو ئه‌خاته ڕو:
"گوێبیستی هه‌ڕاجكراوێك
بوم، وه‌ك ئه‌وه‌ی حیكایه‌تی پاڵه‌وانێتییه‌ك بگێڕێته‌وه بۆ تۆپه‌ڵه‌خه‌ڵك ئه‌دوا،
ئه‌یگوت من سه‌رگه‌ردانبوم، سه‌رلێشێواو و له‌رزۆك، بێ خاوه‌نبوم، ئا ئا، به‌ڕێزان،
من باوكه ڕه‌مزییه‌كه‌مم ونكردبو، ببورن هه‌ڤاڵان، من ئاغاكه‌م له‌ده‌ستدابو،
ئاخر ژیان به بێ ئاغا مانای نییه، ئاغایه‌ك وه‌ك شوانێكی به‌زه‌بر، كه ڕێگه به
ئاژاوه نادات. لێره‌دا زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌كی خۆبه‌زلزانانه‌ی ده‌گرته ئه‌و چاوانه‌ی
ته‌ماشایان ئه‌كرد و به شتێك له شانازی به‌خۆكردنه‌وه به‌رده‌وامی دا به قسه‌كانی.
تكایه به‌ڕێزان تێبگه‌ن، ژیان بێ ئاغایه‌ك كه فه‌رمانت به‌سه‌ردا بكات و بتپارێزێ،
به‌ڕاستی ژیانێكی نه‌كرده‌یه، بۆیه ئیتر ماندوم، به‌رگه‌ی ئه‌م ته‌نیابونه‌م
ناگرم، ئه‌م سه‌ربه‌خۆبونه‌م ده‌مكوژێت، زۆر قورسه مرۆڤ خۆی به‌رپرسیارێتی خۆی و
ژیان و چالاكییه‌كانی خۆی هه‌ڵبگرێ. ئه‌وه‌تا ئێستا شادومانم، من پڕبومه‌ته‌وه
له ئاغا، هه‌نوكه ئاغایه‌كی به‌زه‌بر، شوانێكی ڕاسته‌قینه له مندایه."
به
وردبونه‌وه له حیكایه‌ته‌كه له شتێكی سه‌یر تێده‌گه‌ین، سه‌رگه‌ردانبون بۆ هه‌ڕاجكراوه‌كه
واتای دروستبونی بۆشاییه‌كه له بونیدا، ده‌ركه‌وتنی ڕوبه‌رێكی به‌تاڵ و هیچ، ئه‌مه
چۆڵییه ترسناكه‌كه‌ی مرۆڤه. به‌م شێوه‌یه مرۆڤی چۆڵ ده‌رده‌كه‌وێت، بونێكه
ناتوانێت خۆی پاڵه‌وانی پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و چۆڵییه‌ی ناخی خۆی بێت. مردنی ئاغا،
لاوازبونی ئاغایه‌كی دیاریكراو ڕاسته‌وخۆ ئه‌و درز و شكاوی و پوچبون و چۆڵییه له
كۆیله‌كانی ئه‌و ئاغا مردو، یان لاوازانه‌دا، دروستئه‌كات. هه‌ر بۆیه له دۆخی
وادا، ئه‌توانین، به‌سه‌رسامییه‌وه، بینه‌ری كه‌وتنه‌خواره‌وه‌ی مرۆڤه چۆڵه‌كان
بین. بۆچی چۆڵی مرۆڤ ترسناكه، زۆر ڕونه، له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌مو مرۆڤێكی چۆڵ هه‌ڕاجكراوێك
ئه‌هێنێته ژیانه‌وه. چۆڵی، یان پوچبون ڕوبه‌ری بازاڕی هه‌ڕاجكراوێتییه.
ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی
ئه‌م جۆره تێك‌شكان و كه‌وتن و نابوتبونه‌ی مرۆڤ به‌وه ناكرێت شه‌ڕی بونه‌وه‌ره
هه‌ڕاجكراوه‌كان بكه‌ین، ئه‌وانه بنه‌ڕه‌تی درێژه‌پێده‌ر و ئالیك وسوته‌مه‌نی سیستمه‌كه‌ن،
به‌ڵام خودی سیستم و دیوه سیاسییه ده‌سه‌ڵاتداره‌كه‌ی له‌سه‌ر یاساگه‌لی فاشیستی،
تۆتالیتاری، بنه‌ماڵه‌گه‌ری وه‌ك شێوه‌یه‌كی دواكه‌وتوی فه‌رمانڕه‌وایی، دیكتاتۆریه‌ت
و ڕه‌وایه‌تی ئایدۆلۆژی ئیشده‌كات. هه‌مو ئه‌مه‌ش له ئه‌قڵی فاشیستی خۆرهه‌ڵاتیدا،
بریتییه له دژایه‌تیكردنی پره‌نسیپه بنه‌ڕه‌تییه‌كانی مۆدێرن و به تایبه‌ت سیستم
و فه‌لسه‌فه‌ی دیموكراسی. پێش ئه‌وه‌ی ته‌نیا ڕوكه‌شی سیستمه‌كه و دیوه سیاسییه‌كه‌ی
ببینین، بۆ شه‌ڕكردنی ڕاسته‌قینه، پێویسته ڕوی تیژی شه‌ڕه هزری و فه‌لسه‌فی و
ئه‌خلاقییه‌كه‌مان ئاڕاسته‌ی ئه‌و بنه‌مایانه بكه‌ین سیستمه‌كه‌ی له‌سه‌ر دامه‌زراوه،
له‌و ئایدۆلۆژیا و وه‌هم و پاساوانه بده‌ین، كه ئیشی بنه‌ڕه‌تییان به‌رهه‌مهێنانی
ڕه‌وایه‌تییه بۆ ئه‌و هه‌ڕاجكراوێتییه.
211 جار خوێندراوەتەوە