سەردەمانێک، پێشمەرگەیەک
ئەهاتەوە و تەسلیم بە حکومەتی عیراق ئەبوەوە ، سەرەتا، ئەچوە دائیرەی ئەمن و خۆی ئەناساند،
کە ئەبو پیاوێکی رژێم بیبردایە.
پێشوازییەکی بە ئەفسەرێک
لێ ئەکرا و تەواوی پرسیارەکانی لێ ئاڕاستە ئەکران، بەکورتی؛ دایان ئەدۆشی لە زانیاریی
تەواو، لەسەر هەمو شتێک دەربارەی شۆڕش و پێشمەرگە، لەکۆتایی دا فۆرمێکی پێ ئیمزا ئەکرا،
کە هاوکار و موعتەمەدیان بێت، لەهەر هەواڵ و زانیارییەک لەبارەی جموجۆڵ و ئەندامانی
رێکخستن و پێشمەرگە لەناو شار، پسوڵەی رێگەپێدانی پێ ئەدرا و ئەخرایە ژێر چاودێری.
ئەو پرۆسەیە ناونرابو
"گەڕانەوە بۆ صەفی وطنی"
.
دیارە شۆڕش و پێشمەرگە
لەئەدەبییاتیاندا بەصەفی خیانەت و تێکدەران و عوصات ئەدرانە قەڵەم، کەم نەبون ئەوانەی
کە ئەگەڕانەوە و ئەبون جاشی سوک و جاشی قورس و مەفرەزە خاصە.
دوای بڕیارەکەی دادگای
فیدراڵی، زاراوەی "توطين"، یان هەندێک وتەنی "تەوتین"، بوە وێردی
سەر زمانی زۆرێک و لەناویشیاندا ژمارەیەک پەرلەمانتار.
من تەواو دژی سیاسەتی
برسیکردن و سەرپێشۆڕکردن و ملکەچکردنی تاکی کوردم، بەهەمان شێوە و توندتریش دژی دزی
و چەتەگەریی و تاڵانکردنی سەرخان و ژێرخانی ئەم کورد و کوردستانەم، کە لەسەر دەستی
سیستمی حیزبی و حکومی عائیلی چوەتە ئاستێک، برسێتی و هەژاری و بێکاری و نەخۆشی و ناعەدالەتی
رۆچوە تا سەر ئێسقان، نەهامەتییەکان دەرگای بەهەمو تاک و خێزانێک گرتوە و لە توانا
و بەرگەگرتنی خەڵکدا نەماوە، من لەگەڵ هەمو خەبات و بەرهەڵستییەکدام کە بەشێوەیەکی
داڕێژراو لەڕوی زانستی و سیاسی و رێکخراوەیی و فکری و شەفاف، بەستراتیژ و تاکتیکی
مەدەنی و یاسایی، ئاڕاستە بکرێت، دور لەبەکارهێنان و قۆستنەوە بۆ ئەجێندای ئەملاو
ئەولا و دەوروبەر.
بەڵام، ئەوەی کە دەبینرێت،
زۆر بێ بەرنامە و کورتکراوە لەهەندێک دروشم و داوای بێ پێزدا بەڕێوەدەچێت.. لە تەوطين
تەوطین زیاتر نییە.!
کام تەوطین؟
تەوطینێک کە بەرەو
خواستە گوماناوییەکانی بەغدایەکی تائیفی بێت، کە داهات و بەڕێوەبردنەکەی حکومەتێکی
قوڵی سێبەری تەواو ئێرانی ئەنجامی ئەدات؟
سیستمی حیزبگەلێکی ئایینی
کە لەئاست قۆناغەکە دا نییە و نە بڕوای بە دیموکراسی هەیە و نە بە سیستمی فیدراڵی
و نە بە مافەکانی گەلی کورد لە عێراق؟
ئایا؛
خەڵکی کوردستان لە صەفی
وەطەنیدان، یان حکومەتی بەغداد و دامەزراوە تائیفیە ئێرانییەکانی؟
ئەوەی ئەگوزەرێت؛
خەباتێکی چینایەتی و پیشەیی
ناڕێکخراوە بۆ توێژی مامۆستایان لەناو چینی موچەخۆرانی دەوڵەتییدا.
هەربۆیە پێشوازیی جەماوەریی
لەو جوڵەیە لە بازنەیەکی تەسکدایە و هەردو حیزبی دەسەڵاتیش بێباکن لێیان!
ئەو تەوطینەش پێویستە
ئەوسەری لێک بدرێتەوە، چونکە ئومێد هەڵچنین و بەخشینی هیوا بەخەڵکی کوردستان بەرپرسیارییەتییەکی
قورسە.
موچەخۆران، کارمەندی دەوڵەتیین
لە هەرێمێکی فیدراڵیدا، نەوەک لەدەرەوەی دەوڵەت و حکومەتێکی بیانی، سەرباری ناڕازیبونمان
لە سەروبەری ئەم 9 کابینەیەش.
مامۆستایانی بەڕێز..
ئێوە تەنها پێویستیتان
"موچە" نییە، هەرچەند ئەولەویاتە و مافێکی سروشتی و یاساییتانە بەرامبەر
کارێک کە بۆ دەوڵەتی ئەکەن.
لێتان ئەپرسم؛
ئێوە پێویستیتان بەبودجە
و خزمەتگوزاریی و دادگای دادپەروەر و سەربەخۆ نییە؟
پێویستیتان بە شەقام و
دایەنگە و زانکۆی حکومی و نەخۆشخانەی نیشتمانیی و خۆڕایی و خانووی نیشتەجێبون و گەرەنتی
ژیانی مناڵ و نەوەکانتان نییە؟
ئێوە پێویستیتان بە کەمکردنەوەی
باج و کرێی خزمەتگوزارییەکان و قەزری بانکی حکومیی و پاڵپشتی دارایی دەوڵەت نییە بۆ
خۆشکردنی ژیانی خۆتان و خانەوادەکانتان بە ئارامیی؟
ئێوە پێویستیتان بەدڵنیایی
کارکردن نییە بۆ نەوەکانتان و خوێندکارەکانتان؟
ئێوە پێویستییەکانی ژیانتان
زۆر لەو تەوطینە گەورەترن.
ئێمە چاومان لەوە بو کە
پێشڕەوایەتی خەباتی مەدەنیانە و دیموکراسییانەی میللەتێک بکەن بەئاڕاستەی گۆڕانکاریی،
بەرەو حکومەتێکی نیشتمانی دور لە عەسکەرتاریەت و دەسەڵاتی عائیلی و میلیشیایی،
حکومەتێک، حکومەتی خەڵک بێت، کە ئێستا پارێزەری بەرژەوەندی کۆمپانیا حیزبی و جیهانییە
زەبەلاحەکانن، سامانی وڵات بەرەو دەرەوەی سنورەکان ئەبەن و نەهامەتییەکان خەست ئەکەنەوە
لەسەر هاونیشتمانییان.
ئەوەی ئێستە ئەیبینین،
بچوککردنەوەی ئەم هەمو ناعەدالەتییانەی ژیانی کۆمەڵگەیە لە دروشمی تەوطینێک، کەلای
شۆڤێنییەکان لە عێراق "کلمة حق يراد بها الباطل" ، نامەوێت بچمە قوڵایی
مەترسییەکانی پشت ئەو پرۆسەیە، کە لای من وەک ئابوریناس و چالاکێکی سیاسەت زۆر رونە،
نەوەک بخرێینە خانەی پیاوانی سەر بەدەسەڵات.
بەبڕوای ئێمە، پرسی
"توطين" دڵۆپێکە لەدەریای ئامانجە نیشتمانییەکانی تاک و کۆمەڵگای
کوردستانیی و عێراقی، بەڵام بەشێوازێکی یاسایی و دەستوریی، کەماف و کەرامەتی تاک و
کۆمەڵگەی کوردستانیی و بنەماکانی هەرێمێکی فدراڵیی دەستوریی، تێیدا پارێزراو بێت.
28 جار خوێندراوەتەوە