ترەمپ: بۆ كۆتایی هێنان بە جەنگی ئۆكرانیا هەلێكی دیكەمان هەیە

KNN : Kurdish News Network
08:14 - 18/04/2025
جیهان
+
-

سەرۆكی ئەمەریكا رایدەگەیەنێت: بۆ كۆتایی هێنان بەجەنگی ئۆكرانیا، هەلێكی دیكەیان لەبەردەستدایە، هاوكات جەخت دەكاتەوە نایەوێت ئێران ببێت بە خاوەنی چەكی ئەتۆمی، بەپێچەوانەوە بۆیان باش نابێت.


هەواڵ: (KNNC)


لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، دۆناڵد ترەەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكا رایگەیاند: ئەگەر پێشتر لایەنەكان هەوڵیان بدایە جەنگی ئۆكرانیا بە ئەمڕۆ نەدەگەیشت، بۆیە بۆ كۆتایی هێنان بە جەنگ چاوەڕوانی هاوهەڵوێستی بۆ بەردەوامی گفتوگۆكان لە روسیا و ئۆكرانیا دەكات، چونكە ئێستا هەلێكی دیكە بۆ كۆتایی هێنان بە جەنگەكە لەبەردەستدایە.


وتیشی: وڵاتەكەی دەیەوێت هاوكار بێت بۆ كۆتایی هێنان بەجەنگی ئۆكرانیا كەبەهۆیەوە ژمارەیەكی زۆر خەڵك گیانیان لەدەستداوە، بۆ ئەو مەبەستەش كۆشكی سپی ئەوەی لەدەستی بێت ئەنجامی دەدات.


سەبارەت بەگفتوگۆكانی نێوانیان لەگەڵ ئێران، سەرۆكی ئەمەریكا ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، دەیانەوێت ئێران وڵاتێكی بەهێز بێت، بەڵام نابێت خاوەنی چەكی ئەتۆم بێت، هەروەها نابێت هاوكاری رێكخراوە تیرۆرستییەكان بەگشتی و بەتایبەتی حوسییەكانی یەمەن بكات.


راشیگەیاند: ئەگەر ئێرانییەكان بیانەوێت ببن بە خاوەنی چەكی ئەتۆم ئەوە ئەنجامەكەی بۆ ئەوان باش نابێت، بۆیە وەك سەرۆكی ئەمەریكا نایەوێت تاران خاوەنی چەكی ئەتۆم بێت.

191 جار خوێندراوەتەوە