چین هۆشداری دەداتە وڵاتان و دەڵێت: لەسەر حسابی ئێمە رێککەوتن لەگەڵ واشنتۆن
مەکەن.
هەواڵ:KNNC
ئەمڕۆ دوشەممە، وەزارەتی بازرگانی چین، رایگەیاند، رێز لە هەمو ئەو
لایەنانە دەگرێت کە دەیانەوێت لەرێگەی راوێژکارییەوە کێشە ئابوری و
بازرگانییەکانیان لەگەڵ ئەمەریکا چارەسەربکەن، بەڵام دژی هەر لایەنێک دەوەستنەوە
کە دەیەوێت لەسەر حسابی چین رێکەوتن لەگەڵ ئەو وڵاتە ئەنجام بدەن.
وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی چین دەڵێت: رێکاری بەرپەرچدانەوەی توند بەرامبەر
ئەو وڵاتانە دەگرنەبەر ئەگەر هەر رێککەوتنێکی لەو جۆرە ئەنجامبدات.
جەختیشیکردەوە، چین ئیرادە و توانای پاراستنی ماف و بەرژەوەندییەکانی هەیە
و ئامادەیە هەماهەنگی لەگەڵ هەمو لایەنەکان بەهێزتر بکات.
هۆشدارییەکەی چین دوای ئەوە هات، چەند سەرچاوەیەکی میدیایی باسیان لەوەکرد،
ئیدارەی ترەمپ ئامادەکاری دەکات بۆ فشارخستنەسەر ئەو وڵاتانەی کە داوای
کەمکردنەوەی باج یان لێخۆشبون لە ئەمەریکا دەکەن بۆ سنوردارکردنی بازرگانی لەگەڵ چین.
سەرەتای ئەم مانگە، جەیمسۆن
گریر، نوێنەری بازرگانی ئەمریکا ڕایگەیاند، نزیکەی 50 وڵات وڵات پەیوەندییان پێوەکردووە
بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەو باجە زیادە بەرزەی کە لەلایەن ترەمپەوە بەسەریاندا سەپێنراوە.
74 جار خوێندراوەتەوە