بڕیارە ئەمڕۆ شەممە، گەڕی دووەمی دانوستانەکانی
نێوان ئێران و ئەمەریکا، لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا بە نێوەندگیری عومان بەڕێوەبچێت.
هەواڵ:KNNC
شاندەکەی ئەمەریکا لە لایەن ستیڤ ویتکۆف نێردەی
تایبەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شاندی ئێرانیش بە سەرۆکایەتی عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی
ئێران، نوێنەرایەتی دەکرێن.
بڕیارە بەدر ئەلبوسەعیدی وەزیری دەرەوەی عومان، نێوەندگیری
دانوستانەکە بکات.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی لە تاران
کرد، ئەگەر دانوستانەکان شکستیان هێنا، لێکەوتەی سەربازیی لێدەکەوێتەوە و ئاماژەی
بەوەدا کە ئامانجی سەرەکی ئەو ڕێگریکردنە لە پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی ئێران.
لەبەرامبەردا،
وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، پرۆگرامی ئەتۆمی وڵاتەکە هەرگیز دانوستانی لەسەر
ناکرێت.
واشنتۆن دەیەوێت ئێران بەرهەمهێنانی یۆرانیۆمی
زۆر پیتێنراو ڕابگرێت، کە پێی وایە ئامانجی دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمییە، تارانیش بەردەوام جەخت لەسەرسروشتی ئاشتیانەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی کردووەتەوە و دەڵێت ئامادەیە
دانوستان لەسەر هەندێک بابەت بکات لەبەرامبەر هەڵگرتنی، بەڵام دەیەوێت گەرەنتییەکی
پتەوی هەبێت کە واشنتۆن جارێکی دیکە پاشەکشە لە بەڵێنەکانی نەکات، وەک ئەوەی ترەمپ
لە ساڵی 2018ـدا کردی.
54 جار خوێندراوەتەوە