ساڵى پڕ چییە؟ بۆچى شوبات-ى ئەمساڵ 29 رۆژە

KNN : Kurdish News Network
12:44 - 27/02/2024
زانستی
+
-

گەردونناسێک ئەو هۆکارە رون دەکاتەوە کە وادەکات چوار ساڵ جارێک مانگى شوبات ببێتە 29 رۆژ  و رونیشیدەکاتەوە کە ئەگەر ئەم درێژکردنەوەیە ئەنجام نەدرێت چى بەسەر ساڵ و مانگدا دێت.

زانستى:KNNC

لوقمان حەوێز، ئەندامى کۆمەڵەى گەردونناسى تەکساس لە بڵاوکراوەیەکدا رونیدەکاتەوە کە بۆچى شوبات لەمساڵدا 29 رۆژە و بۆچى ئەم دیاردەیەش چوار ساڵ جارێک رودەدات، ئەوەش باس دەکات کە بۆچى ئەم رۆژە دەخرێتەسەر مانگى شوبات و دەڵێت: ساڵێکی تەواو لە رۆژژمێرى زایینی بریتییە لەو کاتەی کە هەسارەی زەوی یەک سوڕ تەواو دەکات بەدەوری خۆر، ئەو ماوەیەش زۆر بە وردی بریتیە لە 365 رۆژ و 5 کاتژمێر و 48 خولەک و 46 چرکە کە دەکاتە 365.24219 ڕۆژ نەوەک 365 ڕۆژ.


ئەو رونى دەکاتەوە؛ ئەو جیاوازیەی کە هەیە لە 4 ساڵدا کۆدەکرێتەوە و دەبێتە نزیکەی یەک رۆژ واتە بە چوار ساڵ جارێک دەبێت ساڵێک 366 رۆژ بێت بۆ ئەوەی رۆژژمێرەکە بە وردی بمێنێتەوە و مانگەکانی ساڵ جێگۆڕکی نەکەن لەنێو وەرزەکان وەکو ساڵ و تەقویمی قەمەڕی.


لەبارەى ئەوەى بۆچى ئەمڕۆژە زیادەیە دەخرێتەسەر مانگى شوبات ئەو گەردونناسە دەڵێت: ئەو رۆژەی کە چوار ساڵ جارێک دەخرێتە سەر تەقویمی زایینی دەخرێتە سەر کورتترین مانگی ساڵ کە شوباتە و 28 رۆژە، واتە چوار ساڵ جارێک مانگی شوبات دەبێتە 29 رۆژ، مانگی شوباتی ئەمساڵیش  2024 کە ئێستا پیایدا دەڕۆین دەبێتە 29 رۆژ.


ئەوەشى ئاشکرا کردوە کە بەهۆى ئەوەى رۆژژمێرى خۆرى و زاینیی 100% ورد نییە هەربۆیە ساڵێک بە وردیی 365.25 رۆژ نییە، بەڵکو 11 خولەک و 14 چرکە کەمترە، گەر بەوپێیەش بوایە دەبو هەر 129 ساڵ جارێک رۆژێک لە ساڵ کەمبکرێتەوە، بۆئەوەى ئەم کارەش نەکرێت ساڵى 1582 بڕیاردرا لەماوەى 400 ساڵدا سێ جار کار بە درێژکردنەوەى مانگى شوبات نەکرێت بە 29 رۆژ.


هەروەک ئەوەشى باسکردوە کە مانگى شوبات کە تێیدا رۆژ لەجێی 28 دەبێتە 29 بە ئینگلیزى پێی دەوترێت (Leap.Year) و بە کوردیش ئەو مانگە پێی دەوترێت ساڵى پڕ (کەبیسە).


706 جار خوێندراوەتەوە