لەمەودوا زیرەکی دەستکرد پێشبینی توشبونی زەهایمەر دەكات

KNN : Kurdish News Network
06:55 - 12/03/2024
زانستی
+
-

تیمێکی توێژەران لە ئەمەریکا، سیستەمێکی نوێی زیرەکی دەستکردیان دروستکردوە کە دەتوانێت پێش حەوت ساڵ لە دەركەوتنی نیشانەكانی پێشبینی ئەگەری  توشبون بە نەخۆشیی زەهایمەر بکەن.

زانستی: (KNNC)

 

ماڵپەڕی (Scitech Daily) بڵاویكردوەتەوە:  تیمێکی توێژەرانی زانکۆی کالیفۆرنیا لە سانفرانسیسکۆی ئەمەریکا توانیویانە سیستەمێکی نوێی زیرەکی دەستکرد بۆ پێشبینی كردنی ئەگەری  توشبون بە نەخۆشیی زەهایمەر پێش حەوت ساڵ لە دەركەوتنی نیشانەكانی بكەن، سیستەمەكە پشت بە ئاستی کۆلیسترۆڵی خوێن و رێژەی پوکانەوەی ئێسک (لە ئافرەتان)ـدا بۆ دیاریكردنی نەخۆشیەكە دەبەستێت.

 

توێژەر ئەلیس تانگ، ئەندامی تیمی توێژینەوەکە رایگەیاند: ئەم سیستەمە هەنگاوی یەکەمە بەرەو بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد لە شیکردنەوەی داتای تەندروستی بۆ دیاریکردنی مەترسییەکانی توشبون بە نەخۆشی لە زوترین کاتدا، هەروەها هەوڵدان بۆ تێگەیشتن لە رونکردنەوی هۆكارەكانی پشت نەخۆشی زەهایمەر.

 

لە چوارچێوەی ئەو تاقیکردنەوانەی بۆ سیستەمەكە دەكرێت، گۆڤاری زانستی (Nature Aging) بڵاویکردوەتەوە؛ تیمی توێژینەوەکە، بە پشتبەستن بە سیستەمی زیرەکی دەستکرد و بە بەكارهێنانی داتای زیاتر لە پێنج ملیۆن كەس  بۆ گەڕان بەدوای ئەو توخمانەی کە ئەگەری توشبون بە نەخۆشی زەهایمەر زیاد دەکەن، بۆیان دەرکەوتوە  سیستەمەکە دەتوانێت لە (72%)ـی پێشبینییەكانی راستدەرچێت كە پێش حەوت ساڵ دەرکەوتنی نەخۆشییەکەیە.

 

توێژینەوەکە ئەوەشی ئاشكرا كردوە؛ زۆرێک لە نەخۆشییەکانی دیكەی وەك وەک بەرزبونەوەی پەستانی خوێن، کۆلیسترۆڵ، کەمی ڤیتامین D، ئاماژەن بۆ توشبون بە نەخۆشی زەهایمەر لە هەردو رەگەزەكەدا، بەڵام گەورەبونی پرۆستات لە پیاواندا و پوكانەی ئێسك لە ژناندا، نیشانەی نەخۆشی زەهایمەرە.

225 جار خوێندراوەتەوە