نوێترین توێژینەوە; میسرییە کۆنەکان نەک ئاشناى شێرپەنجە بون، بەڵکو چارەسەریشیان کردوە

KNN : Kurdish News Network
01:17 - 05/07/2024
زانستی
+
-

نەخۆشى شێرپەنجە کە ناوى دێت ترس دەکەوێتە دڵەوە، زانستى سەردەم تا ئێستاش وەڵامێکى بۆ چارەسەرى ئەم نەخۆشییە پێنییە و بە نەخۆشییەکى نوێ دادەنرێت، بەڵام دەقە پزیشکییەکانى سەردەمى میسری کۆن ئەم بۆچونە پوچەڵ دەکەنەوە.

تەندروستی:KNNC

 

نوێترین توێژینەوە کە لەسەر کەلە سەرێکى چوار هەزار ساڵە ئەنجام دراوە دەرکەوتوە کە پزیشکانى میسرى کۆن هەوڵیانداوە لەڕێی نەشتەرگەرییەوە چارەسەرى شێرپەنجە بکەن، توێژینەوەکە دەڵێت: ئەم کەلە سەرە هى پیاوێکە لە 30یەکانى تەمەنیدا بوە و توشبوى شێرپەنجە بوە.

236 ناوى ئەو کەلە سەرەیە کە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمى میسرییە کۆنەکان و بە یەکێک لە کۆنترین توشبوى نەخۆشى شێرپەنجە لە جیهاندا دادەنرێت، مێژوەکەى بۆ ساڵانى 2345 تا 2686ـى پێش زایین دەگەڕێتەوە، توێژەران گەیشتونەتە ئەو ئەنجامەى لە کۆندا میسرییەکان لەڕێی چەند ئامێرێکى کانزاییەوە هەوڵى لابردنى وەرەمە شێرپەنجەییەکانیان داوە و ئەمەش پێماندەڵێت: لە کۆندا نەک تەنها زانراوە شێرپەنجە چییە، بەڵکو چارەسەریشى بۆ کراوە.

 

ئێدگارد کامارۆس، مامۆستای بەشی مێژو لە زانکۆی سانتیاگۆ دی کۆمپۆستێلا لە ئیسپانیا دەڵێت: ئەوە یەکەمجار بوە مرۆڤایەتی بە نەشتەرگەری مامەڵە لەگەڵ ئەو دۆخانەدا بکات، کە ئێمە لەم سەردەمەدا پێی دەڵێین شێرپەنجە.

 

لەسەر ئەم بابەتە میسرییەکانیش بۆچونیان ئەوەیە، کە پزیشکانی میسری کۆن هاوشێوەى ئەو سەردەمە تەنها پشتیان بە چارەسەرە گیاییەکان نەبەستوە، بەڵکو راستەوخۆ نەشتەرگەرییان بۆ حاڵەتە تەندروستییەکان کردوە.

 

لە هەمانکاتدا، زاناکان برینەکانی شێرپەنجەیان لە کەلـلەسەرێکی دیکەدا دۆزیوەتەوە کە  مێژوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 664 ساڵ پێش زایین، کەلەی سەرەکە هی ژنێکی پێگەیشتوو بوە کە تەمەنی لانیکەم 50 ساڵ بوە، تیمەکە سێ برینیان لەسەر نمونەکە دەستنیشانکردوە کە وەرەمی شێرپەنجەیی زیانیان بە ئێسکەکە گەیاندوە.

 

 هەمو ئەم دۆزینەوانەى ئەو سەردەمە کۆنە، هەژانێکە بۆ سیستمى ئێستاى تەندروستى جیهانیی کە بەو هەمو پێشکەوتنەى لە بوارە پزیشکى و تەکنەلۆژییەکانەوە تۆمار کراوە؛ تا ئێستا وەڵامێکیان بۆ ئەو نەخۆشییە پێنییە.

 

سەرچاوە/CNN

357 جار خوێندراوەتەوە