وێنە؛ ناساندنى کتێبى (ناوچە دابڕێندراوەکان لە نێوان هەڕەشە و سڕینەوەى ئاسۆى پێکەوە ژیان لە عێراق و ناوچەکە) لە مەکۆى سەرەکى

KNN : Kurdish News Network
01:54 - 27/07/2024
گەلەری
+
-

ئەمڕۆ شەممە (27ى 7ى 2024)، ژورى رۆژنامەوانى لە مەکۆى سەرەکى بزوتنەوەى گۆڕان لە سلێمانى، کۆڕێکى ناساندنى بۆ کتێبى (ناوچە دابڕێندراوەکان لە نێوان هەڕەشە و سڕینەوەى ئاسۆى پێکەوە ژیان لە عێراق و ناوچەکە) بۆ نوسەر نەسرەدین مەحمود ئەحمەد رێکخست و ژمارەیەکى بەرچاو لە خوێنەران و هەڵسوڕاوان و گۆڕانخوازان و تیمى حکومەتى هەرێم و حکومەتى خۆجێیى ئامادەى بون.

 

کتێبەکە لە دوتوێى (347) لاپەڕەدا پشت بەست بە کۆمەڵێک سەرچاوەى گرنگ و چەندین بەڵگەنامە و نەخشە ئامادەکراوە و سێ بەشى سەرەکى لەخۆدەگرێت پەیوەست بە مێژوى ناوچەکە و قۆناغەکانى راگواستنى کورد لە ناوچەکە و عێراق لەگەڵ یەکلایی کردنەوەى ناوچە دابڕێنرادوەکان.

 

نەسرەدین مەحمود، لەبارەى کتێبەکەیەوە رایگەیاند؛ هەوڵدراوە کتێبەکە بەشێوەیەکى زانستى و پشتبەست بە سەرچاوە و بەڵگە ئاگادار بکرێ، ناوەڕۆکەکەى باس لە هەڕەشە و مەترسییەکانى سەر ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکان دەکات لە خواروى بەدرە تا رۆژئاواى پارێزگاى موسڵ، ئیستا هەڕەشە و مەترسیەکان لەسەر کەرکوک و خانەقین زیاترە و بەشێکى زۆرى ئەو ناوچانە تەعریب کراون و لەناوچەى دابڕێنراوەوە کراونەتە ناوچەى داگیرکراو، ئەم مەترسیە لەسەر خاک و زەویە کشتوکاڵییەکان هەیە و بەردەوامى هەیە.

 

پەیوەست بە هەڵوێستى بزوتنەوەى گۆڕان نوسەر وتى: هەمیشە بزوتنەوەى گۆڕان لە بەرنامەى سیاسى و پڕۆژە و ئۆرگانەکانیەوە هەڕشە و مەترسیەکانى خستەوەتەڕو، هەڵوێستى جدى لەسەریان هەبوە و داواى کردوە حیزبە دەسەڵاتدارەکان بەرپرسیارێتى نەتەوەیی و نیشتمانییان هەبێت لەو روەوە هاودەنگبن و کاربکەن بۆ راگرتنى ئەو هەڕەشە و مەترسییانە و ئەو پرسە بخەنە پێش بەرژەوەندییە تایبەتى و حیزبیەکانیانەوە، چونکە ئەوە کێشەى مێژوى و خاک و خەڵکى کوردستانە".

 

نیگەرانى خۆشى خستەڕو لەوەى ئەو ناوچانە لەروی سامانی سروشتی و كشتوكاڵەوە دەوڵەمەندن و چاوى لایەنە ناکوردەکانى ناوچەکەیان لەسەرەو مادەی (140)ى دەستوریش بەمەبەست پەکخراوە و پارتى و یەکێتیش لەو روەوە بێدەنگ و بێ هەڵوێستن.

207 جار خوێندراوەتەوە