کۆنگرەى نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە)

دامەزراندن و ساڵیادی 25 ساڵەی رێکخراوی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان سەرەتایەکی ئازایانە و بوێرییەکی بێ وێنە و دەلالەتی هۆشیارییەکی قوڵی سیاسی زۆر و زەوەندی چین و توێژی سیاسی گەلی کوردە لە هەرچوار پارچەی کوردستان .

 

سەرباری هەمو ئاستەنگیەکانی بەردەم گەلی کورد بە تایبەتی  و هەمیشە لە هەبونی ( لوت ژەنین و ویستی هاڕینی کورد و مەسەلە رەواکەی لەناو بەرداش )ـی دەوڵەتانی سەردەستە .

 

ئێستا بەرەو ساڵیادی 25 ساڵەی دامەزراندنی کۆنگرە هەنگاو دەنێین بێگومان دەبێت تازەگەریی و چۆنایەتی گوتاری سیاسی و چۆنایەتی لە قوڵایی گوتاری ئاسایشی نەتەوەیی کوردیدا تەبەننی بکرێت .

 

پێداچونەوە بە چۆنایەتی هەمو پەیوەندیە دیپلۆماسییە حیزبی و لۆکاڵیەکانی کورد لەگەڵ یار و نەیارەکانیدا بکرێت، دەبێت خوێندنەوەیەکی جددی و ورد و زیاتر ژیرانە بۆ گۆڕانکاریەکان بکرێت .

 

هێندەی ئەوەی جەنگی تیرۆر لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبرەودایە و ململانێی نێوان زلهێزەکان لەناوچەکەماندا لە برەودایە،  کورد دەبێت هێندە زیاتر خاوەن ماڵیی خۆمان لەسەر ماف و خاک و مەسەلەکەمان پێداگر و خاوەن گوتاری رەق و رون بین .

 

بزوتنەوەی گۆڕان وەک هێزێکی دیارو وەک واقیعبینێکی سیاسی و خاوەن ( توراسی شۆڕشگێڕانەی رەسەن) وەک هێزێک کە خاوەنی سەرکردەیەکی وەک کاک نەوشیروان مستەفا بێت؛ دەتوانێت هەژمونی خۆی و پەیوەندییەکانی کاریزما و کاراکتەرەکانی مێژوی بزوتنەوەی گۆڕان و بەرنامەو کاری ئازایەتی و سەروەرییەکانی ئەم توێژە شۆڕشگێڕە لە مێژوی ناو گۆڕان و پێش دامەزراندنی بزوتنەوەی گۆڕانیش خۆی وەک هێزێکی سیاسی گەورە و خاوەن ماڵ لەم بۆنەیەدا حزورى هەبێت.

 

ئەوانەی باسمانکردون گەورەترین سەرمایەن کە دەکرێت وەبەرهێنانی سیاسی و ستراتیژێکی نوێی لێ هەڵهێنجرێت و لە گوتارێکی نوێی درێژخایەن و کاری درێژخایەندا بەرجەستە بکرێت،  زێدەڕۆیی نییە ئەگەر کار لەسەر ئەوە بکرێت گوتاری داهاتوی بزوتنەوەی گۆڕان وەک هێزێکی باوەڕپێکراوی خەڵک رۆح و فکر و دنیابینییەکەی کاک نەوشیروان زیندو بکەنەوە ئەگەر بەجەستەش نەبێت .


135 جار خوێندراوەتەوە