كەشناسێك: دابارین و سەرمای ئەمساڵ زیاترە

KNN : Kurdish News Network
04:33 - 12/09/2024
کوردستان
+
-

بەپێی پێشبینییەكانی كەشوهەوای جیهان زستانی ئەمساڵ بەفر كەم دەبارێت، بەڵام كەشناسێكی كورد رەتی دەكاتەوە و دەڵێت؛ بەهۆی دیاردەی (لانینا)ـوە بەراورد بە ساڵی رابردو رێژەی كەمبونەوەكەی كەمە و سەرما و دابارینی زیاترە.

هەواڵ: (KNNC)


شاڵاو هیدایەت، شارەزای كەشوهەوا رایگەیاند: بەپێی پێشبینییەكان چاوەڕێ ناكرێت لە وەزری زستانی ساڵی (2025) بەڕێژەیەكی زۆر بەفر لەسەنتەری شارەكان ببارێت، بەهەمان شێوە لە ناوچە شاخاویەكانیش ئاستی بەفر بارین لە خوار ئاساییەوە دەبێت.

 

رونیكردوەتەوە، بەپێی نوێترین ئەپدەیتی دەزگای کەشناسی (benoll weather) کە کۆکراوەی حەوت پێشبینی كەشوهەوای وڵاتانی جیهانیە، لە وڵاتانی توركیا، ئێران و ناوچەكانی هەرێم رێژەی بەفر بارین لە خوار ئاستی ئاساییەوەیە.

 

بەپێچەوانەی پێشبینییەكانەوە، شاڵاو هیدایەت ئاماژە بۆ ئەوەدەكات، بەهۆی دیاردەی (لانینا)ـوە بەراورد بە ساڵی رابردو، رێژەی بەفر بارین كەمێك زیاتر دەبێت، چونکە ساڵی لانینا بەگشتی ساردتره وەک لەساڵانی ئێل نینۆ، هەروەها ئەگەری بەفر لەساڵانی لانینا زیاترە، بۆیە وەرزەكە وشکە سەرما و دابارینی لەپار ساڵ زیاتر دەبێت.

 

راشیگەیاندوە: هۆکاری سەرەکی کەمبونەوەی بەفر بارین لە سەنتەری شاره کان و ناوچەکانی دیكە،  دەگەرێتەوە بۆ گەرم بونی گۆی زەوی کە ساڵ لەدوای ساڵ گەرمبونەكە زیاتر دەبێت و تا ئێستا هیچ  رێگریەک نیە ئەو دیاردە رابگرێت.

 

شاڵاو هیدایەت، شارەزای كەشوهەوا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، بەهۆی زۆربونی ئۆتۆمبیل، ئامێره کارەباییەکان،  مۆلیدە و کۆنکرێت هەروەها کەمبونەوەی ڕوبەری سەوزایی فاکتەرێکی دیكەی کەمبونەوەی رێژەی بەفرە بارینە، ئەوەش وا دەكات (3 بۆ 5) پلەی سیلیزی پلەكانی گەرما لە هەرێم بەرز بێتەوە.

1077 جار خوێندراوەتەوە