بەڕێوەبەرى ناحیەى عەربەت: شارەوانى سلێمانى سەگى نەخۆشیان بڵاوەپێکردوە و سکاڵا تۆمار دەکەین

KNN : Kurdish News Network
12:25 - 17/09/2024
کوردستان
+
-

بەڕێوەبەرى ناحیەى عەربەت ئاشکرایدەکات کە لەلایەن سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانییەوە زیاتر لە 50 سەگى نەخۆشى توشبو بە گەڕى لە سنورى ناحیەکەیان بڵاوەیان پێکراوە و جەختیش دەکاتەوە ئەگەر کێشەکە چارەسەر نەکرێت و سەگەکان نەبرێنەوە بۆ شێڵتەرەکە، سکاڵا تۆمار دەکەن.

 

هەواڵ:KNNC


دابان محەمەد عارف، بەڕێوەبەرى ناحیەى عەربەت بە کەى ئێن ئێن،ى راگەیاند؛ لە ماوەکانى رابردودا و لەلایەن شارەوانى سلێمانییەوە شێڵتەرێک بۆ سەگى بێلانە لە گوندى رازیانەى هاوسنورى ناحیەى عەربەت دروستکراوە  و ئێستاش شێڵتەرەکە تواناى بەخێوکردنى سەگەکانى نییە و لە سنورى ناحیەکەیان بڵاوەیان پێکردون.

 

ئاماژەى بۆ ئەوەکرد کە سەگەکان ژمارەیان زیاتر لە 50 سەگە و دواى ئەوەى لەلایەن هاوڵاتییانەوە ئاگادارکراونەتەوە لە بونى چەندین سەگى نەخۆش و لاواز، بەدواداچونیان کردوە و دواى ئەوەى پەیوەندییان بە سەرۆکى شارەوانییەوە کردوە و وەڵامى نەبوە لەگەڵ جێگرى سەرۆکى شارەوانى قسەیان کردوە و ئەویش نەیشاردوەتەوە کە شێڵتەرەکە ئەو سەگانەى لە ناوچەى دوکانیان بڵاوەپێکردوە.


وتى: خۆمان گومانمان هەبو ئەو سەگانە سەگى شێڵتەرەکانن، چونکە سەگە بێلانەکان هێندە لاواز نین و ئەمە جگە لەوەى تاگى تایبەت بە گوێچکەیانەوە.

 

جەختیشى کردەوە کە وەک بەڕێوەبەرى ناحیەى عەربەت شارەوانى سلێمانییان ئاگادار کردوەتەوە ئەگەر لەماوەى دیاریکراودا ئەو سەگانە نەبەنەوە شێڵتەرەکان ئەوا ئەوانیش سکاڵاى یاسایی تۆمار دەکەن و وتى: هەر ئەمشەو خۆم وێنەى چەند سەگێکى نەخۆشم گرتوە لە سنورى عەربەت.

 

جەختیشى کردەوە کە شێڵتەرەکە بۆ ئەو کارەیان هیچ بەهانەیەکیان نەبوە، وتى: نابێت ئەوان کە بانگەشەى بەخێوکردنى ئەو سەگانە دەکەن بە نەخۆشى لە شوێنى نیشتەجێبون بڵاوەیان پێبکەن و بیانکەن بە مەترسیی بۆسەر ژیانى هاوڵاتییان.

148 جار خوێندراوەتەوە