ئامۆزایەکى ئەسەد رژێمى پێشوى سوریا رەت دەکاتەوە و رەخنەش لە دەسەڵاتى ئێستاى وڵاتەکە دەگرێت

KNN : Kurdish News Network
08:48 - 18/12/2024
جیهان
+
-

ئامۆزایەکى بەشار ئەسەدى سەرۆکى هەڵاتوى سوریا باس لە بێئومێدى خۆى دەکات بەرامبەر دەسەڵاتى ئێستاى سوریا لە ئەنجامدانى گۆڕانکاریی لە وڵاتەکە و دەڵێت ئەوان لە رابردودا کەسانى توندڕەو بون و ئێستاش هەروان، لەبارەى بەشار ئەسەدى ئامۆزاشیەوە وتویەتى: کەسێکى تینوى دەسەڵات و ناتەواوە و جیاوازییەکى زۆریان هەیە.

 

هەواڵ:KNNC

 

ریباڵ ئەسەد، ئامۆزاى بەشار ئەسەد لە چاوپێکەوتنێکى لەگەڵ تۆڕى سکاى نیوزى بەریتانى رەخنەى لە دەستەى تەحریر شام گرت و رایگەیاند کە ئەو دەستەیە کوشتنى تۆڵەسەندنەوە ئەنجام دەدەن و ناکرێت متمانەیان پێبکرێت.


لەبارەى محەمەد جۆلانییەوە ئەسەد وتویەتى:" هەرکەس جۆلانى دەستگیر بکات بە بڕى 10 ملیۆن دۆلار پاداشت دەدرێتەوە، ئەو پێشتر ئەندامى داعش بوە و هێندەى رژێمى پێشو هەڵە و دڕندەیى لە سوریا ئەنجامداوە، بۆیە ناکرێت ئێستا بێتەسەر دەسەڵات و بڵێت دەگۆڕێین".

 

جەختیشیکردوەتەوە کە نایانەوێت سوریا بە هەمان دەردى 45 ساڵ پێش ئێستاى ئێراندا بڕوات کاتێک دەسەڵاتى شار روخێنرا، بەڵام ئێستا نەک ئێرانییەکان بەڵکو هەمو جیهان گیرۆدە بوە بەدەستیانەوە.



ربیاڵ لەبارەى بەشار ئەسەدى ئامۆزایشیەوە چەند قسەیەکى بۆ میدیا بەریتانییەکە کردوە و وتویەتى:" من لە نۆ ساڵییەوە سوریام جێهێشتوە و باوکیشم هیچ دەستێکى لەو کۆمەڵکوژیانەدا نەبوە کە ئەنجامدراوە، من لەگەڵ ئەسەد یەکجار یەکترمان بینیوە و لەو یەکتر بینینەش هاوڕا نەبوین و ناکۆکیمان لەنێوان دروست بوە".

 

وتوشیەتى:" هەر لەدواى ئەو یەکتربینینەمان لەگەڵ ئەسەد و ناکۆکبونمان، ئەسەد هەوڵیدا لە فڕۆکەخانەى دیمەشق تیرۆرم بکات".

 

ربیاڵ ئەسەدى وەک کەسایەتییەکى "کەسێکى تینو بۆ دەسەڵات و ناتەواو" ناوبردوە و دەڵێت: کاتێک براکەى لە روداوى هاتوچۆدا گیانى لەدەستدا لەجێی ئەوەى خەمبار بێت دڵخۆشى چونەسەر سەر دەسەڵات بو.. ئەو پیاوە تەواو نییە و هیچ سۆز و بەزەییەکى نییە.


2442 جار خوێندراوەتەوە