سبەینێ شاندێکی
وەزارەتی دارایی هەرێم سەردانی بەغداد دەکەن، بەگوێرەی زانیارییەکانی کەی ئێن ئێن،
شاندەکە داوا دەکەن وەزارەتی دارایی فیدراڵ 270 ملیار دیناری دیکە رەوانەی هەرێمی
کوردستان بکات.
هەواڵ:KNNC
بڕیار نامیق
پەیامنێری کەی ئێن ئێن لە سلێمانی رایگەیاند، بڕیارە سبەینێ یەکشەممە شاندێکی
وەزارەتی دارایی هەرێم بە سەرۆکایەتی وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان بچنە بەغداد و
لەگەڵ تەیف سامی وەزیری دارایی فیدراڵ کۆببنەوە، یەکەم پرسیاری شاندی هەرێم ئەوەیە
بۆچی تەمویلی موچەی مانگی 11 کە بڕەکەی 430 ملیار دینارە نوسراوەکەی کراوە، بەڵام پارەکە
خەرج ناکرێت.
وتیشی: ئامانجی
شاندەکە بەمەبەستی بەدواداچونە بۆ هۆکاری راگرتن و دواخستنی تەمویلەکانی موچەی سێ
مانگی کۆتایی ئەمساڵ.
باسی
لەوەشکرد، شاندەکەی هەرێم داوا لە تەیف سامی دەکەن، جگە لە بڕی سێ 760 ملیار
دیناری و گواستنەوەی 430 ملیار دیناری
دیکە، 270 ملیار دیناری دیکە بۆ موچەی مانگی 12 رەوانە بکات، بۆئەوەی بتوانێت، موچەی
مانگەکانی 10 و 11 و 12 دابەشبکات.
بەگوێرەی
سەرچاوەیەک کە بە پەیامنێری کەی ئێن ئێنی راگەیاند، شاندی هەرێم سبەینێ ئامادەیی
دەردەبڕن بۆئەوەی داهاتی ناوخۆی مانگەکانی حەوت و هەشت راستەوخۆ رادەستی بەغداد بکەن.
هاوکات، کەی
ئێن ئێن ئەوەشی زانیوە، محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆبونەوەی رۆژی
پێنجشەممەی ئەنجومەنی وەزیران داوای لە تەیف سامی وەزیری دارایی کردوە، بە زوترین
کات ئەو کورتهێنانەی بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دروستبوە، پڕبکاتەوە و ئەو بڕە
پارەیەی کە ماوە رادەستی هەرێم بکرێت، بەڵام وەزیری دارایی رایگەیاندوە، هیچ بڕە
پارەیەکی لەبەردەستدا نییە لە پشکی هەرێمی کوردستان تا رادەستی بکات.
2384 جار خوێندراوەتەوە