دەزگای هەواڵگری سەربازی ئۆکرانیا بەرپرسیارێتی خۆی لە
کوشتنی میخائیل چاتسکی ڕاگەیاند، کە زانایەکی سەربازی ڕوسییە و دەستی هەبوە لە بەرەوپێشبردنی
موشەکی کروز و یەکێک بوە لەوانەی توانای موشەکە دورمەوداکانی بەهێزتر کردوە.
هەواڵ: KNNC
دەزگای هەواڵگری ئۆکرانیا بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاندوە، لە ئۆپراسیۆنێکی سەرکەوتودا میخائیل چاتسکی،
جێگری بەڕێوەبەری یەکەیەکی ئەندازیاری بالیستیکیان کردوەتە ئامانج و کوژرانی ئەو زانایەیان پشتراستکردوەتەوە.
چاتسکی زانا و پسپۆڕی بەرەوپێشبردنی موشەکە دورمەوداکانی ڕوسیا بوە، کە دژی ئۆکرانیا بەکاردەهێنرێن، بەپێی
زانیارییە بڵاوکراوەکان، ئۆپەراسیۆنەکە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگری گشتی سەر
بە وەزارەتی بەرگری ئۆکرانیا (HUR) ئەنجامدراوە،
لە ڕێگەی تەقەلێکردنەوە کوژراوە.
ئەو زانا روسییە سەرۆکی دیزاینەر و سەرۆکی بەشی سۆفتوێر بوە لە نوسینگەی دیزاینی ئەزمونی مەریخ لە مۆسکۆ و سەرپەرشتی بەهێزکردنی هەریەکە
لە موشەکەکانی (کروزی Kh-59 و Kh-69)ـی کردوە کە
روسیا ئەو موشەکانە بە بەردەوامی دژ بە ئۆکرانیا بەکار دەهێنێت.
هەروەها بەرپرسبوە لە پلانە نهێنییەکانی کرێملین بۆ جێگیرکردنی تەکنەلۆژیای AI لە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و فڕۆکە و کەشتییە
ئاسمانییەکانی ڕوسیادا.
تا ئێستا روسیا هیچ لێدوانێکی لەو بارەیەوە نەداوە، بەڵام
ئەمە یەکەم ئۆپراسیۆن نییە کە دەزگا هەواڵگرییەکانی ئۆکرانیا لە ناو خاکی روسیادا
ئەنجامی دەدەن، لە دوای لەشکرکێشی کرێملین
لە شوباتی 2022ەوە کەسانی باڵای سەربازی و زانای دیاری روسیا بە بەردەوامی لە
لایەن دەزگا هەواڵگرییەکانی ئۆکرانیاوە کراونەتە ئامانج.
3868 جار خوێندراوەتەوە