میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویانکردوەتەوە، گەشبینن بە ڕێککەوتنێکی ئیسرائیل و حەماس بۆ ئازادکردنی بارمتەکان لە غەززە، تا ئێستا لەسەر پێنج خاڵی سەرەکی ڕێککەوتون و لە چەند ڕۆژی داهاتودا رادەگەیەنرێت.
هەواڵ: KNNC
دوای چەندین جار شکستت لە گەشتن بەڕێککەوتن، میدیاکانی ئیسرائیل بە گەشبینانەوە بڵاویانکردوەتەوە، ڕێکەوتن لە هەمو کات نزیکترە و بە پێی زانیارییەکان، ڕێککەوتن و ئاگربەستەکە بۆ ماوەی نزیکەی مانگ و نیوێکە و ئازادکردنی دەیان بارمتەی ئیسرائیلی و ئازادکردنی سەدان دەستگیرکراوی فەلەستینی لەخۆدەگرێت.
لە ڕێککەوتنە نوێیەکەدا ئەو میکانیزمانە دیاری دەکرێت کە تێیدا گەڕانەوەی دانیشتوانی خەڵکی غەززە بۆ باکوری کەرتی غەززە مسۆگەر دەکات و بەپێی زانیارییەکان، حەماس ڕەزامەندی دەربڕیوە بەمەرجی "کەمکردنەوەی" بونی سوپای ئیسرائیل بەدرێژایی سنورەکان.
کەناڵی 14ی ئیسرائیلی وردەکارییە نوێیەکانی بڵاوکردەوە و پێنج خاڵی گرنگ لە خۆ دەگرێت، کە بریتین لە؛
1_ ئازادکردنی دەیان زیندانی ئیسرائیلی لە بەرامبەر 700 بۆ 1000 زیندانی فەلەستینی.
2_ لە نێو ئەو زیندانییە فەلەستینییانەی کە بڕیارە ئازاد بکرێن، ئەو زیندانیانەش هەن کە "حوکمی هەتاهەتایییان هەیە".
3_ ئاگربەست بۆ ماوەی 60 ڕۆژ.
4_ گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ باکووری کەرتی غەززە بەپێی سیستەمێکی ئەمنی کە سەرپەرشتی ئەم کارە دەکات.
5_ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە هاوکات دەبێت لەلایەن هەردو لایەنەوە بۆ دڵنیابون لە پابەندبون.
ئەمە لەکاتێکدایە، وەزیری بەرگری ئیسرائیل، ئیسرائیل کاتز، ڕۆژی دوشەممە ئاشکرای کرد کە ڕێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە و گەڕانەوەی بارمتەکان لە هەمو کاتێک نزیکترە، داوای کرد وردەکارییەکانی بڵاونەکرێتەوە تا کاتی جێبەجێکردنی و جەختی کردەوە لەم کاتەدا بێدەنگی لە هەمو شتێک باشترە.
927 جار خوێندراوەتەوە