كەشناسێك: شەپۆلێکی بەفر و باران و هەورە بروسکە رو لە هەرێم دەكات

KNN : Kurdish News Network
07:53 - 18/12/2024
کوردستان
+
-

كەشناسێك ئاشكرای دەكات؛ لەرۆژی هەینییەوە شەپۆلێکی بەفر و بارانبارین و هەورە بروسکە هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە كە كاریگەرییەكەی لەسەر سلێمانی و گەرمیان زیاترە.


هەواڵ: (KNNC)


هەڤاڵ سدیق، كەشناس رایگەیاند: بەپێی پێشبینییەكانی كەشوهەوا لەرۆژی هەینییەوە (2024/12/20) و بەهۆی کاریگەری نزمەپەستانی ناوچەکانی دەریای سور و هاتنی بڕێکی شێی پێویست لەناوچەکانی رۆژئاوای عێراق، شەپۆلێکی دیكەی بەفر و بارانبارین و هەورە بروسکەی لاواز بۆ مامناوەند رو لەناوچەکانی باشوری هەرێمی کوردستان دەکات.


رونیكردوەتەوە، سەرەتای بارانبارینەکە لەڕۆژی هەینی و لە نیوان کاتەکانی نیوەڕۆ بۆ پێش عەسر لەناوچەکانی باشوری  پارێزگای کەرکوک و گەرمیانەوە دەستپێدەکات، هەروەها لەکاتی ئێوارەدا بۆ درەنگانی شەو کاریگەری شەپۆلەکە فراوانتر دەبێت .


ئەوەیخستوەتەڕو، شەپۆلە کاریگەری لەسەر پارێزگای کەركوک و ئیدارەی گەرمیان و پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی  راپەڕین دەبێت و زۆرترین بڕی بارانی پێشبینی كراویش لە سەنتەری پارێزگای سلێمانی و دەوروبەری دەبارێت، پاشان  پارێزگای کەرکوک و هەڵەبجە و گەرمیان .


كەشناسەكە دەشڵێت: کاریگەری شەپۆلە لە ناوچەکانی سنوری پارێزگای دهۆک و ئیدارەی زاخۆ و ناوچە شاخاوییەکانی هەولێر و باکوری هەولێر لاوازە، ئەگەری نمەباران هەیە، بەڵام لە هەندێ کات و شوێن دیكەدا ئەگەری بارانی مامناوەند هەیە.


لەسەر بەفرباراینی ئەم شەپۆلە سەرمایە، هەڤاڵ سدیقی كەشناس ئاماژەی بۆ ئەوەكردوە، لەناوچەكانی حاجی ئۆمەران،  کێلەشین، ماوەت، چوارتا، قەزای پێنجوێن مەرزی کێلێ ئەگەری بەفربارین هەیە لەهەندێ ناوچە بەفربەتێکەڵی لەگەڵ باران دەبارێت و خێرایی با لە باکوری خۆرهەڵات لە نێوان (20 بۆ 25) کیلۆمەترە لەکاتژمیرێکدا دەبێت، هەروەها پلەکانی گەرما دو بۆ سێ پلە پلەدابەزین بەخۆیانەوە دەبینن.

1495 جار خوێندراوەتەوە