'هیچ موچەیەکى موچەخۆرانى هەرێم نافەوتێت و تا کۆتایی ئەمساڵ سێ موچە دابەش دەکرێت'

KNN : Kurdish News Network
09:16 - 26/11/2024
ئابوری
+
-

موچەى مانگەکانى 10 و 11 و 12ـى موچەخۆرانى هەرێمى کوردستان چارەنوسیان نادیارە و مەترسیی فەوتانیان لەسەرە، وەزیرێکى حکومەتى هەرێمیش جەخت دەکاتەوە کە هیچ موچەیەکى موچەخۆرانى هەرێمى کوردستان نافەوتێت و هەر ئەمساڵ هەرسێ موچەکە دابەش دەکرێت.

هەواڵ:KNNC

 

ئایدن مەعروف، وەزیرى هەرێم بۆ کاروبارى پێکهاتەکان لە میانى بەشداریکردنى لە بەرنامەى (رۆژەڤ)ـى کەناڵى کەى ئێن ئێن رایگەیاند؛ بەپێی ئەو رێککەوتنەى لەنێوان هەولێر و بەغداد کراوە، ئەو سێ موچەیەى لە ساڵى 2024 ماوەتەوە نافەوتێت و ئەوە مافى هاوڵاتییانى هەرێمى کوردستانە.

 

ئاماژەى بۆ  ئەوەشکرد کە لەم مانگەدا موچەى مەچەخۆرانى هەرێمى کوردستان دابەش دەکرێت و ئەو کێشانەش حکومەتى عێراق دروستى کردون چارەسەر دەکرێن.

 

جەختیشیکردەوە کە موچەى هیچ مانگێک کە لەمساڵدا ماوەتەوە نافەوتێت و هەر لەمساڵدا هەرسێ موچەکە دابەش دەکرێت.

 

پێشتر، سەرچاوەیەک لەبارەى موچەى مانگى 10ەوە بە کەی ئێن ئێنی وت:  ئەو بڕە پارەیەی کە بۆ موچەی مانگی 10ی ئەمساڵ لەلای بەغداد ماوە تەنیا 600 ملیار دینارە و ئەوەش بەشی موچەی فەرمانبەران ناکات، بۆیە پێویستە هەرێم لەداهاتی ناوخۆ ئەو کورتهێنانە پڕ بکاتەوە.

 

هەروەک لە بەدواداچونەکانى پێشترتدا کەى ئێن ئێن ئاشکراى کرد، كێشەیەكی تری بەردەم ناردنی موچەی مانگەكانی 11 و 12ی فەرمانبەرانی هەرێم، ئەوەیە کە پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی گشتی عێراق تەواو بوە كە 11 ترلیۆن و نیو بوە، بۆیە بۆ موچەى ئەو دو مانگە، پێویستى بە گواستنەوەی پارەیە لە بودجەى وەبەرهێنانەوە بۆ بودجەى بەکاربردن و ئەوەش پێویستی بە ڕەزامەندیی حكومەت و ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق هەیە.

3139 جار خوێندراوەتەوە