نەوزاد غەفور: بەهۆى رێگرییەکانى حکومەتى عێراقەوە چەندین کارگە لە هەرێمى کوردستان راگیراون

KNN : Kurdish News Network
09:44 - 25/11/2024
ئابوری
+
-

سەرۆکى ژورى بازرگانى سلێمانى هۆشدارى لە رێگرییەکانى حکومەتى عێراق دەدات لە راگرتنى کارى کارگەکان لە هەرێمى کوردستان و جەختیش دەکاتەوە کە چەندین جار داوایان کردوە لیژنە بنێرن و لێکۆڵینەوە لە سەرچاوەى گومانەکانیان بکەن.

 

ئابورى:KNNC


نەوزاد غەفور، سەرۆکى ژورى بازرگانى سلێمانى رایگەیاندوە؛ ماوەی سێ مانگە لە بازگەکانی عێراق رێگریی لە ناردنی بەرهەمی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەکرێت،  چەندینجار لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی بەغدا دانیشتون گفتوگۆیان کردوە، تەواوى زانیاریی کارگە و کۆمپانیاکانیان بۆ ناردون، بەڵام عێراق سورە لەسەر ئەوەی دەبێت سەرجەم کارگە و کۆمپانیاکان لە بەغداد مۆڵەت وەربگرن.

 

سەرۆکی ژووری بازرگانیی سلێمانی جەخت دەکاتەوە کە ئەم کارەى بەغداد دەیکات " نە یاسایی و نە دەستورییە، چونکە هەرێمی کوردستان دەسەڵاتی هەیە مۆڵەت بداتە کارگەکان."

 

ئەوەشى خستوەتەڕو کە نزیکەی 6000 کارگەی گەورە، مامناوەند و بچوک لە سلێمانی تۆمار کراون، بەڵام ئێستا 4200 کارگە لە کاردان،30%ی پیشەسازیی عێراق لە سلێمانییە، گەورەترین کارگەکانی بیناسازیی عێراق لە سلێمانین، بەتایبەت کارگەی چیمەنتۆ و ئاسن و خشت.

 

لەبارەى هۆکارەکانى ئەم داوایانەى بەغداد لە هەرێم نەوزاد غەفو وتویەتى: وەزارەتى پیشەسازى عێراق بیانوى ئەوەى هەیە کە چەند بەرهەمێک بەناوى ناوخۆى هەرێمى کورستان نێرادراون بۆ عێراق، بەڵام کارگەى ئەو بەرهەمانە لە هەرێم نەبون، دەشڵێت: چەند جارێک جەختمان کردوەتەوە کە عێراق شاندێکی بنێرێت بۆ لێکۆڵینەوە ئەگەر گومانەکانیان راست دەرچو ئەوە دەتوانن رێکاری یاسایی بگرنەبەر، بەڵام ئەوەی عێراق دەیڵێت تەنها گومانە و ئەوەی دەیڵێن بۆ لاوازکردنی کەرتی پیشەسازیی هەرێمی کوردستانە."

159 جار خوێندراوەتەوە