گۆڕێکى بەکۆمەڵ نزیک دیمەشقى پایتەخت دۆزراوەتەوە کە 100 هەزار روفاتى تێدایە

KNN : Kurdish News Network
09:42 - 17/12/2024
جیهان
+
-

رێکخراوێکى مافى مرۆڤى سوریا کە بنکەکەى لە ئەمەریکایە ئاشکرایدەکات  گۆڕێکى بەکۆمەڵیان لە دەرەوەى دیمەشق دۆزیوەتەوە کە زیاتر لە 100 هەزار روفاتى تێدایە و سەرجەمیان لەژێر ئەشکەنجە و لە سەردەمى رژێمى پێشوى بەشار ئەسەد کوژراون.

 

هەواڵ:KNNC

 

مەعاز مستەفا، سەرۆکى رێکخراوى فریاکەوتنى سوریا بە ئاژانسى رۆیتەرز،ى وتوە کە ئەو شوێنەى گۆڕە بەکۆمەڵەکانى لێ دۆزراوەتەوە دەکەوێتە 40 کیلۆمەتر لە دورى دیمەشقى پایتەختى سوریا و یەکێکە لەو پێنج گۆڕە بەکۆمەڵەى لەماوەى چەند ساڵى رابردو توانیویانە دەستنیشانى بکەن.

 

ئاماژەى بۆ ئەوەکردوە کە  گومان دەکەن ژمارەى ئەو جەستانەى لە گۆڕە بەکۆمەڵەکەى نزیک پایتەختدان 100 هەزار روفات بن، بەڵام ئەمە ژمارەى کۆتایی نییە و تا ئێستا بە دیاریکراوى نازانن چەند روفاتى تێدایە و رەنگە ئەو ژمارەیە زۆر زیاتریش بێت.

 

سەرۆکى ئەور رێکخراوە ئەوەشى وتوە کە دڵنیان جگە لەو پێنج گۆڕە بەکۆمەڵەى توانیویانە دەستنیشانى بکەن، گۆڕى بەکۆمەڵى زیاتر لە سوریا هەن و جگە لە هاوڵاتییانى سوریی، گومان دەکرێت روفاتى هاوڵاتیی ئەمەریکى و بەریتانی و بیانى دیکەیشیان تێدا بێت و سەرجەمیشیان لەژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لەدەستداوە.

 

لە ئێستادا هاوڵاتییانى سوریا و رێکخراوەکانى مافى مرۆڤ بەشار ئەسەد سەرۆککۆمارى هەڵاتوى سوریا و حافز ئەسەد، سەرۆککۆمارى پێشوى سوریا بە ئەنجامدانى ئەم کۆمەڵکوژییە تۆمەتبار دەکەن، لاى خۆشیەوە بەشار ئەسەد و حکومەتەکەى بە درێژایی چەند ساڵى رابردو رەتى کردوەتەوە هیچ کارێکى دژە مرۆڤایەتییان ئەنجامدابێت.

126 جار خوێندراوەتەوە