بەیانى ئەمڕۆ تەقینەوەیەک لە مۆسکۆى پایتەختى
روسیا رویدا و دوو کەس تێیدا کوژران، میدیاکانى وڵاتەکەش دەڵێن: تەقینەوەکە لەڕێی
چاندنى بۆمبەوە بوە بو سکۆتەرێکەوە و زانایەکى بوارى سەربازى وڵاتەکەى تێدا
کوژراوە.
هەواڵ:KNNC
میدیاکانى روسیا بڵاویانکردەوە؛ بەیانى ئەمڕۆ
کاتژمێر 6:11 خولەکى بەیانى بە کاتى مۆسکۆ، تەقینەوەیەک لەبەردەم یەکێک لە
بیناکانى شارەکە رویداوە و شایەتحاڵانى نزیک لە روداوەکەش ئەوەیان ئاشکرا کردوە کە
چەند کاتژمێرێک پێش روداوەکە کەسێکى نەناسراو سکۆتەرێکى لەبەردەم بیناکە راگرتوە.
لە ئەنجامى ئەم تەقینەوەیەدا، دوو کەس
کوژراون کە یەکێکیان ناوى ئیگۆر کیریلۆڤە،ە و سەرۆکى سوپاى تیشک و کیمیایی و
بەرگرى بایۆلۆجى هێزە چەکدارەکانى روسیایە و ئەوی دیکەیش یاریدەدەرەکەیەتى.
ئاماژە بۆ ئەوەکراوە کە ئەو کەسانەى
تەقینەوەکەیان لەڕێی سکۆتەرەکەوە ئەنجامداوە لە شوێنى روداوەکە نەبون و توانیویانە
کامێراى بیناکە هاکا بکەن و لەوڕێیەوە چاودێرى جوڵەى ئەو دوو کەسەیان کردوە و
لەگەڵ گەیشتنیان تەقینەوەکەیان ئەنجامداوە.
لە ئێستادا و بەپێی زانیاریی میدیاکانى
وڵاتەکە، دەست بەسەر سکۆتەرەکەدا گیراوە و لێکۆڵینەوەکان لەسەر چۆنیەتى روداوەکە
دەستیپێکردوە.
363 جار خوێندراوەتەوە