وەزارەتى دارایی هەرێم
رونکردنەوەیەک لەبارەى هۆکارەکانى دواکەوتن و نەناردنى موچە و چەند پرسێکى دیکە بڵاودەکاتەوە
دەڵێت: ماوەی چەند رۆژێکە هەڵمەتێکی ناڕاست و ناڕەوا دژی وەزارەتی
دارایی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەشێک لە پەرلەمانتار و میدیاکان دەستیپێکردوە و دەیانەوێت
هۆکاری نەناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بخەنە ئەستۆی حکومەتی هەرێمی
کوردستان و لەو رێگایەوە چەندین زانیاری ناڕاست لەسەر لیستی موچە بڵاو دەکەنەوە کە
گوایە هۆکاری نەناردنی موچە زیادبونی تەمویلی موچە و ژمارەی فەرمانبەر و موچەخۆرە.
هەواڵ:KNNC
وەک وەڵامدانەوەیەک
وەزارەتى دارایی دەڵێت: سەبارەت بە دوبارە بونەوەی ناوی موچەخۆران لە نێوان هەرێم
و بەغداد، دوای بەدواداچون دەرکەوتوە ئەو ناوانە هیچ کێشەیەکی یاساییان نییە و زۆربەیان
فەرمانبەرن بەپێی یاسا و دۆسیەی تەواویان هەیە، بەڵام لە حکومەتی عێراق سودمەندن لە
هاوکاری چاودێری کۆمەڵایەتی، واتە لەجیاتی راگرتنی موچە پێویست بو وەزارەتی دارایی
فیدراڵی هاوکارییەکە لای خۆیان رابگرن نەک موچە، پێویست بو لەکاتی بونی سەرپێچی یاسایی
لەلایەن هەردو لاوە ئیجرائاتی پێویست بکرایە، هەندێک حاڵەتی بونی موچە و هاوکاری لەیەک
کاتدا بەپێی یاسا لە هەرێمی کوردستان رێگە پێدراوە، ئەگەر بەدەر لەم حاڵەتە دوبارەبونەوە
هەبێت راستتر وابو هاوکاریەکە رابگیرێت نەک موچە لەبەرئەوەی فەرمانبەرەکە لەڕوی یاساییەوە
بۆ پێدانی موچە هیچ گرفتێکی نییە، ئەبوایە هەردو وەزارەتی دارایی هەرێم و فیدراڵ لە
ڕێی لیژنەی هاوبەشەوە بەدواداچون و وردبینیان بۆ دۆسیەکان بکردایەو چۆنیەتی سزاو بڕەکەیان
دیاری بکردایە، کەڕەنگە هەندێک لەم حاڵەتانە نایاسایی نەبێت بەپێی یاسا بەرکارەکانی
هەرێم.
سەبارەت بە کێشەی نەبونی بایۆمەتری لە هەرێمی کوردستان، وەزارەتى دارایی
دەڵێت: پێشتر ئاگاداری وەزارەتی دارایی فیدراڵمان
کردوە کە پرۆسەی بایۆمەتری سەدا سەد بۆ موچەخۆران و خانەنشینان نەکراوە بەهەندێک هۆکاری
جیاواز لەوانە بونی وارسی خانەنشین و بەشێکی تریشیان لەدەرەوەی وڵات ژیان بەسەردەبەن
ئەوەش بەو مانایە نایات ئەوەی کە بایۆمەتری نەبێت موچەخۆر نییە، لەجیاتی ئیعتیماد
لەسەر بایۆمەتری کە حکومەتی هەرێم بەفەرمی وتویەتی تەواو نەبوە، باشتربو وەزارەتی
دارایی حکومەتی فیدراڵی ئیعتیمادی لەسەر کارتی نیشتیمانی بکردایە کەهەمو هاوڵاتی و
موچەخۆرێک بەسەربازی و مەدەنیەوە هەیەتی لە تەواوی عێراقدا.
لەبارەى ناوى
دوبارەوە؛ رونکردنەوەکەى وەزارەتى دارایی دەڵێت: بەشێکی تر لەو ناوە دوبارانەی لە لیستی موچەدا هەیە بە تایبەت لە چەند وەزارەتێکى
حکومەتى هەرێم کە یەکێک لە تێبینیەکانی تیمى هاوبەشە دواى بە دواداچون لەگەڵ وەزارەتەکان
دەرکەوتوە ناوی چواریان دوبارەیە بەڵام ناوی دایکیان و تەمەنیان جیاوازە ( تشابە
الاسماء)، هیچ یاسا شکێنیەکی تیا نییە، بەڵام بەبێ گەرانەوە بۆ هەرێمی کوردستان وەزارەتی
دارایی فیدراڵ بە نیازە موچەیان ببڕێت، شایەنی باسە وەزارەتی دارایی هەرێم رونکردنەوەی
پێویستی لەسەر ئەم بابەتە بۆ ناردون.
سەبارەت بە کێشەی موچەی
مامۆستایان و کارمەندانی پەروەردەی کەرکوک و فەرمانگەکانى ترى کەرکوک کە میلاکیان
لەسەر حکومەتى هەرێمى کوردستانە ئەوەش کێشەیەکی کۆنە و لەدوای ساڵی 2033 وە بەردەوامە
تاکو ئێستا وەکو کێشەیەکی ماوە لەنێوان هەرێم و بەغداد درێژەی هەیە و پێویستی بەچارەسەری
بنەڕەتی هەیە واتە رێککەوتنی سیاسی.
سەبارەت بە زیادبونى تەمویلی موچەى نێوان مانگى (6 و 7ـى 2024) ، بە پێی بڕیاری
دادگای فیدراڵی دەبێت موچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێم هاوتای موچەی فەرمانبەران
و خانەنشینانی عێراق بکرێت، بۆ ئەم مانگە وەزارەتی دارایی هەرێم بەپێی بڕیاری
دادگای فیدراڵی موچەی خانەنشینانی هاوتا کردووەو بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵی
ناردووەو بڕی پەنجاو چوار ملیار و دووسەد و هەشت ملیۆن دینار زیادبوە، شایەنی باسە
ئەگەر ئەم بڕە پارەیەی سەرەوە لە تەمویلی داواکراو بۆ موچەی مانگی حەوت لاببەی ، تەمویلی
داواکراو نزیکەی نۆ سەدو پەنجا و شەش ملیار
و هەشت سەد و حەفتا و ملیۆن دینار دەمێنێتەوە کە نزیک و هاوشێوەی تەمویلی پێنج
مانگی رابردوە کە وەزارەتی دارایی فیدراڵی خەرجیکردوە.
لە کۆتایدا پێویستە هەموو
لایەک ئاگادار بن حکومەتی هەرێم لەدوای ساڵی 1992 وە دابڕانێکی دورو درێژی لەبواری
سیستەمی کارگێڕی و دارایی و ژمێریاری هەبوە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی تا دەرچونی بڕیاری
دادگای فیدراڵی لە شوباتی ئەمساڵ تایبەت بە موچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی
کوردستان.
وەزارەتى دارایی هەرێم داوا لەوەزارەتی دارایی فیدراڵ دەکات هاوکار
و هەماهەنگ بێت لەگەڵیان بۆ چارەسەرکردنی رێژەیەکی کەم لەو کێشە هونەریانەی تائێستا
چارەسەر نەکراوە، نەک ئیجرائاتی (تعسف) ی بەرامبەر فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێمی
کوردستان بکات. و دەڵێت: پێمان وایە
ناکرێت بەبێ وردبینی و بەدواداچوون لەو تێبینیانە مووچەی فەرمانبەران ببڕدرێت تەنها
بەبڕیارێکی ئیداری.
لە کۆتاییشدا
وەزارەتەکە دەڵێت: بەبیر هەمو لایەکی
دەهێنینەوە دوای ( 31 ) رۆژ لە ناردنی لیستی موچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی
کوردستان بۆ وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵی، تا ئەم ساتە وەزارەتی دارایی عێراق
تەنها بڕیاری خەرجکردنی ( ١،٤٢٦،٠٠٠،٠٠٠ ) تەنها یەک ملیار و چوار سەد و بیست شەش
ملیۆنی دەرکرووە بۆ تەمویلی موچەی دیوانی چاودێری دارایی و دەستەی نەزاهە و دەستەی
ژینگە، کە دەکاتە (%00.14)کۆی تەمویلی موچەی
موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.
9778 جار خوێندراوەتەوە