سینوارێکی تر لەبەردەم ئیسرائیلدا... حەماس چۆن خۆی ڕێکدەخاتەوە؟

KNN : Kurdish News Network
07:42 - 13/01/2025
ڕاپۆرت
+
-

هەرچەندە ئیسرائیل لە 16ی ئۆکتۆبەردا بە کوشتنی یەحیا سینوار، سەرۆکی پێشوی بزوتنەوەی حەماس لە غەززە، گورزێکی سەختی لەو گروپە چەکدارە داوە، بەڵام لە ئێستادا برا بچوکەکەی سنوار سەرکردایەتیی حەماسی گرتوەتە دەست و بە دامەزراندنی هێزی نوێ، ئیسرائیلی هەراسان کردوە.

ڕاپۆرت: KNNC


بەگوێرەی ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە لە ماوەی 15 مانگی ڕابردودا، غەززەی وێران کردوە  و هەزاران چەکداری حەماسی کوشتوە،  هێزە مەشقپێکراوەکانی ئەو گروپەی لاوازکردوە، کە بەرپرس بون لە هێرشەکانی 7ـی ئۆکتۆبەر، بەڵام زانیارییەکان ئەوە ئاشکرا دەکەن هێرش و  توندوتیژییەکانی ئیسرائیل، نەک حەماسی لەناو نەبردوە، بەڵکو  وایکردوە لە غەززە سەرکردەی نوێ بێنە ئاراوە و دژی ئیسرائیل بجەنگن.


سەرەرای کۆنتڕۆڵکردنی سنورەکان، وێرانکردنیان و ڕێگریکردن لە گەشتنی چەک و تەقەمەنی بەدەست چەکدارانی حەماس، بەڵام بە پێی زانیارییەکانی وۆڵ ستریت جۆرناڵ حەماس بە سود وەرگرتن لە چەکە کۆنەکان و ئەو تەقەمەنیانەی کە لە کەرتی غەززە ماونەتەوە، خۆی بەهێز کردوەتەوە، ئەویش لەڕێگەی گۆڕینیان بۆ چەکی نوێ و نارنجۆکی دەستی، بەمەش بەردەوامی دەدەن بەشەڕکردن لەگەڵ ئیسرائیلدا.

گەرچی ڕێکەوتن و ئاگربەست لە ئارادایە بەڵام شەڕ بەردەوامە


بەپێی زانیارییەکان حەماس و ئیسرایل لە هەموکات نزیکترن بۆ ڕێککەوتن و ئاگربەست، بەڵام جەنگی نێوانیان بەردەوامە و هەفتەی ڕابردو سوپای ئیسرائیل کوشتنی 10 سەربازی خۆی لە ناوچەی بەیت حەنون لە باکوری غەززە ڕاگەیاند، بەمەش ژمارەی سەربازە کوژراوەکانی 900 سەربازی تێپەڕاند لە شەڕی غەززەدا، لەبەرامبەردا، بزوتنەوەی حەماس لە دوو هەفتەی ڕابردودا 20 موشەکیان ئاراستەی ئیسرائیل کردوە، هەوڵەکانی حەماس بۆ بەردەوامی و درێژەدان بە خەبات بە سەرکردایەتی محەمەد سینوار، بوەتە بەربەستی گەورە لەبەردەم سوپای ئیسرائیلدا، بەجۆرێک هێزەکانی ئیسرائیلییان ناچارکردوە بگەڕێنەوە بۆ ناوچە "پاککراوەکان" و لە چونەپێشەوەی زیاتر بوەستن لە بەرەنگاربونەوەی گروپە تازە پێکهاتوەکانی حەماس.

ئەم بەردەوامی شەڕکردنە هێمایە بۆ سەختبونی کۆتاییهێنان بەشەڕی ئیسرائیل و حەماس لە غەززە، هەڕەشەیەکی مەترسیداریشە بۆ سەر ژیانی ئەو بارمتانەی تا ئێستا ماونەتەوە لەژێر دەستی حەماسدا، ئەمیر ئۆڤی، کە جەنەراڵێکی خانەنشینکراوی سوپای ئیسرائیلە دەڵێت: لە بارودۆخی ئێستادا خێرایی خۆڕێکخستنەوەی حەماس باشتر و خێراترە لە ئاستی هەوڵەکانی  سوپای ئیسرائیل بۆ لەناوبردنیان.

محمد سینوار کێیە و چۆن بوە بە کەسی یەکەمی حەماس؟


محەمەد سینوار، کە بە پیاوی تاریکیش ناسراوە، تا ئێستا کەمترین زانیاری لەبارەیەوە دەزانرێت و تەنانەت هیچ وێنەیەکی ڕونی کەسیشی نییە، سەرکردەیەکی سەربازی فەلەستینی کە لە سەرەتای دەستپێکی بزوتنەوەی خۆڕاگری ئیسلامی (حەماس) پەیوەندی بە "لیواکانی شەهید عیزددین ئەلقەسام"ەوە کردوە، یەکێکە لە داواکراوەکان لەلایەن ئیسرائیلەوە و لە لیستی تیرۆردایە.

محەمەد ئیبراهیم حەسەن سینوار لە 16ی ئەیلولی ساڵی 1975 لە کەمپێکی پەنابەران لە خان یونس لە باشوری کەرتی غەززە لەدایک بوە و برا بچوکی یەحیا سینوارە، سەرکردەی پێشوی بزوتنەوەی حەماس.، کە لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە کوژرا.

محەمەد سینوار لە لیواکانی عیزالدین ئەلقەسام کە باڵی سەربازی حەماسە چالاکە و بە یەکێک لە سەرکردە مەیدانییە کاریگەرەکانی کەرتی غەززەش دادەنرێت، هەندێک جار  یەکێک بوە لە پلاندانەرە سەرەکییەکان  دژ بە سوپای ئیسرائیل.


محەمەد سینوار لە شەش هەوڵی تیرۆرکردنی ئیسرائیل ڕزگاری بوە و چەند جارێک بریندار کراوە، یەکەمیان لە ساڵی  2003بوو کە تەقەمەنییەک لە نزیک ماڵەکەی لە خان یونس چێنرا، دوا هەوڵیش لە  ساڵی 2021 بو لە کاتی ڕوبەڕوبونەوەی سەربازیی نێوان بزوتنەوەی حەماس و ئیسرائیل .


بە گوتەی نێوەندگرانی عەرەب لە دانوستانەکانی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس، دوای کوژرانی یەحیا سنوەر لە کاتی هێرشێکی ئیسرائیل لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردو، بەرپرسانی بزوتنەوەی فەلەستینی کە بنکەکەی لە قەتەرە، بڕیاریان دا سەرکردایەتی ئەو گروپە ڕادەستی ئەنجومەنێکی سەرکردایەتی بەکۆمەڵ بکەنەوە لەبری ئەوەی کەسێک هەڵبژێرن وەک تاکە سەرکردە، بەڵام چەکدارانی حەماس لە غەززە ڕەتیانکردەوە ئەو بڕیارە قبوڵ بکەن و ئێستا بە سەرکردایەتی سەربەخۆی محەمەد سینوەر برا بچوکەکەی یەحیا سنوەر چالاکی دەکەن.

محەمەد سینوار تەمەنی 50 ساڵە و ماوەیەکی زۆرە لەگەڵ یەحیا سینواری برایدا بوە، گەرچی تا ڕادەیەکی باش ئەم شاراوەبوە و نەناسراوە، لە چاو یەحیا سینواری برایدا، بەڵام زۆر لێی نزیک بوە و کەسێكی دڵخوازی ناو چەکدارانی بزوتنەوەی حەماسە.

بە پێچەوانەی براکەی کە دوو دەیە لە زیندانەکانی ئیسرائیل زیندانی کرابو، سینواری بچوک ماوەیەکی زۆرە لە زینداندا نەبوە و بەو هۆیەوە لە لایەن دەزگا ئەمنییەکانی ئیسرائیلەوە کەمتر ناسراوە، بەڵام بەپێی زانیارییە بەردەستەکان، ئەویش هاوشێوەی براکەی لە تەمەنێکی بچوکدا پەیوەندی بە حەماسەوە کردوە و لە محەممەد دیف، سەرۆکی باڵی سەربازیی ئەو گروپە نزیک بوە.

بە گوتەی بەرپرسانی ئیسرائیل، سوپای ئەو وڵاتە بە نائومێدیەوە هەوڵی دۆزینەوەی محەمەد سینوار دەدات، دەڵێن؛ سینواری بچوک، دەستی هەبوە لە ڕفاندنی سەربازێکی ئیسرائیلی لە ساڵی 2006 کە دواجار بوە هۆی گرێبەستی ئاڵوگۆڕی دیل و ئازادکردنی براکەی یەحیا سنوار.


"حەماس خۆی ڕێکدەخاتەوە"

پێش شەڕی غەززە، ئیسرائیل پێیوابو حەماس تا 30  هەزار سەربازی هەیە و لە 24 کەتیبەدا ڕێکخراون، ئێستا سوپای ئیسرائیل بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئەم پێکهاتە ڕێکخراوەی لەناوبردوە و نزیکەی 17 هەزار چەکداری کوشتوە و هەزارانی دیکەش دەستگیرکراون، بەڵام بە گوتەی بەرپرسانی عەرەبی و ئیسرائیلی، بزوتنەوەی حەماس هێشتا ناوچەیەکی بەرفراوانی کەرتی غەززەی بەدەستەوەیە و ئاماری قوربانیانی خۆی ڕانەگەیاندوە، ئەم جگە لەوەی رۆژانە ژمارەی هێزەکانی حەماس زیاد دەکات، ئەویش لەڕێگەی پەیوەندیکردنی گەنجەکانی فەلەستین بەو ڕێکخراوەوە، چەند کەس پەیوەندیان کردوە و ژمارەیان چەندە تا ئێستا  دیار نییە و ناڕونە.

بەسەرکردایەتی محەمەد سینوار و بەگوێرەی ئاماری سوپای ئیسرائیل، حەماس لە چەند مانگی ڕابردودا سەدان کەسی وەرگرتوە و ئەم پرۆسەیە لە سەرتاسەری غەززە بەردەوامە و حەماس زیاتر گرنگی بە باکور دەدات.

ئەم جەنگاوەرە نوێیانە هەرچەندە بێ ئەزمونن، بەڵام بە گروپی بچوکی چەند کەسی ، لەرێگەی شەڕی پارتی زانییەوە، هێرشی کورتخایەن و بچوک ئەنجام دەدەن، ئەوان چەکی سووک و چەکی دژە تانک بەکاردەهێنن کە بۆ ئەوەش پێویستیان بە مەشقی سەربازیی ئاڵۆز نییە.


کەرتی غەززە کە سەردەمانێک ناوەندی گەشەسەندنی ژیانی فەلەستینییەکان بو، ئێستا بوەتە وێرانە و بۆ ئاوەدانکردنەوەی پێویستی بە زیاتر لە 100 ساڵە، گەرچی لە ئێستادا حەماس و ئیسرائیل بە نێوەندگیری وڵاتانی عەرەبی و رۆژئاوا لە گفتگۆدان و لە ڕێککەوتن نزیکن، بەڵام پێناچێت بەو ئاسانییە لە غەززە شەڕ بوەستێت.

بەهۆی جەنگی ئیسرائل و حەماسەوە، جگە لەوێرانبونی کەرتی غەززە، بەپێی ئامارەکانی تەندروستی شارەکە  لە رۆژی 7ـی ئۆكتۆبەری 2023وە تا ئێستا  (46) هەزار و (584) کەس گیانیان لەدەستداوە و  109هەزار و 731 كەسی دیكەش بریندار بون.

 

راپۆرت - بڵند عەبدولکەریم

1445 جار خوێندراوەتەوە