ئەگەرچی سەردانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع
سودانی بۆ ئێران، بە ڕواڵەت لە وەڵامی بانگهێشتنامەیەکی سەرۆککۆماری ئێران مەسعود
پزیشکیانە کە لە 11ی ئەیلولی ساڵی ڕابردو سەردانی عێراقی کردبو، بەڵام ئاڵۆزییەکان
و ڕەوتی گۆڕانکارییەکان لە ناوچەکەدا نیشانی دەدات کە سەردانەکەی سودانی زیاتر لە
وەڵامی بانگهێشتنامەیەکە و بگرە یەکلاکردنەوەی زۆر بابەتە کە تەنیا پەیوەندی بە عێراقیشەوە
نییە.
بڕیارە سەرۆکوەزیرانی عێراق، سودانی ڕۆژی چوارشەممە
٨ی کانونی دوەم بە یاوەری شاندێکی سیاسی و بازرگانی، سەردانی تاران بکات.
سودانی بە کۆمەڵە دۆسیەیەکەوە ئەو ڕێگەیە دەگرێتەبەر
کە وڵاتەکەی لەبەردەم یەکێک لە گەورەترین ئالنگارییەکانی دوو دەیەی ڕابردودایە.
پرسەکانی سیاسی، ئابوری، ئەمنی و وزە، ئەو
چوارچێوەیە گشتییانەن کە سودانی دەیەوێت لەگەڵ بەرپرسانی ئێران باسی بکات، بەڵام ئەوە
تەنیا سەردێڕی تەوەرەکانە و وردەکاری گفتوگۆکان و ئەوەی سودانی لەو سەردانە بە دوای
دایە، زۆر لە سەردانێکی دیپلۆماسی و دیدار و گفتوگۆیەک بەرفراوانترە.
لەگەڵ ئەوەی بانگەشەی ئەوە دەکرێت کە سەرۆک
وەزیران هەڵگری پەیامی ئەمەریکا و ئەوروپییەکانە بۆ تاران و ڕۆڵی نێوەندگیریی پێ
سپێردراوە، بەڵام لەپاڵ ئەوەشدا بۆخۆی پەیامی خۆی و وڵاتەکەی پێیە و بەدوای کردنەوەی
گرێ کوێرەکانی وڵاتەکەیدایە.
حەشدی شەعبی سەرقافڵەی گفتوگۆکان
دەنگۆی گوشارەکانی ئەمەریکا بۆ هەڵوەشاندنەوەی
حەشد و چەککردنیان، لە ماوەی ڕابردودا لە پرسێکی شاراوە نەمایەوە و کاردانەوەی سەرکردەی
گروپە جیاوازەکانی حەشد، لەوانەش سەیدولشوهەدا و نوجەبا و ... دەریدەخات کە گوشارەکانی
ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی زۆر زیاترن لەو ئاستەی کە عێراقییەکان چاوەڕوانیان دەکرد.
هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی، کە ئەم ڕۆژانە لە
عێراق بوەتە باسی کۆڕ و کۆبونەوە سیاسییەکانی شیعە و بەدوای چارەسەرێکدا بۆی دەگەڕێن،
ئەوەندەی دیکە ترسی خستوەتە دڵی دەسەڵاتدارانی بەغداد کە گۆڕانکاریی ڕیشەیی لەبەردەرگایانە
و چیتر دەسەڵاتی سەربازیی ناتوانێت پارێزەری بەرژەوەندییەکانیان بێت.
ئەگەر جاران باس لە حەشد لە ژێر کۆنتڕۆڵی عێراق
دەکرا، ئێستا مەرجەکە زۆر قورسترە و پێ دەچێت ئەمەریکا بە "هەڵوەشاندنەوە"
کەمتر ڕازی نەبێت.
حەشدی شەعبی کە لە چوارچێوەی دامەزراوەى
بەرگریی عێراقە و ناتوانرێت هاوشێوەی گروپە چەکدارەکانی سوریا باس لەوە بکرێت کە تێکەڵ
بە وەزارەتی بەرگریی بکرێت، لەبەر ئەوەی ئەو هێزە لە بونی خۆیدا بە ڕواڵەت لە ژێر
فەرمانی ئەنجومەنی وەزیرانە و تێکەڵ بە هێزەکانی ئەمنی عێراق بوە، بەڵام لە چوارچێوەیەکی
جیاوازی سیاسی، سەربازیی و ئابوری و ئەمنییدا بە شێوەی سەربەخۆ ئەرکی خۆی ڕادەپەڕێنێت.
ئەوەی جێی تێڕامانیشە، بێدەنگی مەرجەعیەتی شیعەی
عێراقە لەم بابەتەدا، کە ئەگەر دژیشی بن، بەڵام ڕاستەوخۆ قسەی لەسەر ناکەن.
لەبەرامبەریشدا ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانی شیعە،
موقتەدا سەدر لە ساڵیادی دامەزراندنی سوپای عێراقدا جارێکی دیکە داوای چەککردنی گروپە
چەکدارەکانی کرد کە مەبەستی ئەو گروپانەش دەگرێتەوە کە لە ژێر فەرمانی حەشددان و
موقتەدا بە مەترسی بۆ سەر داهاتوی عێراقیان دەبینێت و ڕایگەیاند: "نەخێر و هەزارجار
نەخێر بۆ چەک و گروپی بێ مۆڵەت کە لەدەرەوەی کۆنتڕۆڵی دەوڵەتن".
سودانی ئەوە دەزانێت کە هەڵوەشاندنەوەی ئەو بابەتە
بە تەنیا پرسێک نییە بە دەست فەرماندەکانی حەشد و تەنانەت مەرجەعیەتی شیعەی عێراقیش
کە لەسەر بنەمای فەتوایەکی ئەوان دروستبون و ئەوە پەیوەندیدارە بە "بەرەی
مقاومە" و دەبێت ئێران یەکلایی بکاتەوە.
سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەوەش دەزانێت کە مانەوەی
حەشد، بە هەمو پێوەرێک، هەم لە ڕوی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە، هەم لە ڕوی باڵادەستی
ئەمەریکا و لە هەموی گرنگتر، ئەوەیە کە خودی سەرۆکوەزیران دەسەڵاتی بەسەریاندا نییە،
لە داهاتودا گەورەترین هەڕەشەن بۆ سەر سەقامگیری عێراق لە لایەک و مانەوە و بەردەوامی
حکومەتەکەی سودانی لە لایەکی دیکەوە. بۆیە پێ دەچێت سودانی بە دوای دۆزینەوەی خاڵێکی
نێوەندگیر بۆ دەرچون لەو قەیرانە بێت کە هەست دەکات پێویستە لە دەرگای تاران بدات.
شەڕ لە سوریایە و تۆزەکەی لەبەر دەرگای
عێراقە
ڕوداوەکانی 8ی کانونی یەکەمی 2024 و سەرئەنجام
ڕوخانی ڕژێمی بەعسی سوریا، مشتومڕەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر لە جاران کرد.
ئەگەرچی سودانی لە گوتارەکەی ڕۆژی 3ی کانونی دوەم
لەمیانی ڕێوڕەسمێکدا لە بەغدا ڕایگەیاند، گۆڕان لە سیستەمی سیاسی سوریا هیچ پەیوەندییەکی
بە عێراقەوە نییە، بەڵام ئەوە بەو مانایە نایەت کە گۆڕانکارییەکانی سووریا کاریگەرییان
لەسەر عێراق نەبێت.
هەر هیچ نەبێت، سوننەکان لە عێراق کە لە دەسەڵاتی
دو دەیەی ڕابردوی شیعە بەسەر بەغدا ناڕازین، گرتنە دەسەڵاتی سوریا دەتوانێت زیادبونی
پشتیوانییەک بێت بۆیان لە ناوچەکەدا و پشتگەرمتر بن.
لە پاڵ ئەوەشدا ئەگەری دابەشبونی بەشێک لە وڵاتان
و گۆڕان لە نەخشەی سیاسیان، کە دەگوترێت ئیسرائیل لە پشتی پلانەکەیە، مۆتەکەیەکی
نوێیە بۆ دەسەڵاتدارانی بەغداد.
عێراقیش لەم گەمەیە بە دور نییە و ترس لە گۆڕینی
سیستەمی سیاسی (لە ئەگەری هەر ئاڵۆزییەکدا) و لە کۆتاییدا دابەشبونی جوگرافیاکە لە
ڕوی کارگێرییەوە، بە ئاشکرا لە زمان بەرپرسان و کاربەدەستانی وڵاتەکە دەبیسترێت.
سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، نوری مالکی، کە
بە پشتی پەردەی دەسەڵات لە عێراق دەژمێردرێت، لە دیمانەیەکدا، بانگەشەی ئەوەی کرد
کە، پلانی "کانتۆنی بچوک" لە ناوچەکە جێبەجێ دەکرێت و ئیسرائیل لە هەوڵی
دابەشکردنی دایە و ئەو پلانەش لە 60کان و 80کاندا دانراوە و ئیشی لەسەر کراوە و ئێستا
جێبەجێ دەکرێت.
ئەوە بۆ سودانی ڕون بوەتەوە کە شەڕ لە سوریایە
و تۆزەکەی لەبەر دەرگای عێراقە، بۆیە دەیەوێت بە دور ڕاگرتنی عێراق لەو جەنگە، خۆی
و وڵاتەکەی وەک بێ لایەن نیشان بدات و بگرە باس لەوە دەکرێت کە نێوەندگیری نێوان
تاران و دیمەشق بکات.
مانەوەی سودانی
سەرۆکوەزیرانی عێراق لەو سەردانەیدا بۆ تاران
نایەوێت داوا لە تاران بکات کە بیپارێزێت، چونکە لە ئێستادا پێگەی لەرزۆکی تاران دەبینێت،
بەڵکو دەیەوێت بە تاران بڵێت دەستبەرداری بێت و کارێک نەکات دەسەڵاتی سیاسی لە عێراق
لاواز بێت.
بە سەرنجدان بەوەی کە سوننەکان و کوردەکان هەڵوێستی
بەغداد بەرامبەر خۆیان دادپەروەرانە نابینن و لە ماڵی شیعەشدا ناکۆکییەکان لەسەر بەردەوامی
دەسەڵاتی سودانی لە زۆربوندایە، سودانی بە دوای دەرچەیەکدا دەگەڕێت بۆ پاراستنی دەسەڵاتەکەی
لە بەغداد.
تشرینی یەکەمی 2025 خولی ئێستای ئەنجومەنی نوێنەرانی
عێراق کۆتایی دێت و سەرەڕای ئەوەی زەمزەمەی هەڵبژاردنی پێشوەختەش لە ئارادایە. سودانی
بۆ بەردەوامی ڕێگەکەی دەزانێت کە پێویستە سەقامگیری عێراق دەستەبەر بکات و وڵاتەکەی
دور بێت لە ململانییەکانی ناوچەکە. گرژییەکان پێگەی لەرزۆک و سودانی لە لێواری ڕوخان
نزیک دەکەنەوە، بۆیە پاراستنی قەوارەکەی بەندە بە قایلکردنی ئێران و گروپە پرۆکسییەکانی
لە عێراقدا.
لە لایەکی دیکەوە ئەستەمە ناکۆکی ناو چوارچێوەی
هەماهەنگی جارێکی دیکە دەرفەتی وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیران بۆ سودانی دەستەبەر
بکاتەوە. لە عێراق نەریتێکی سیاسی لە دوای 2003وە بۆ هەمو لایەک سەلمێندراوە کە هیچ
کەسایەتییەک نابێت لەوەی کە هەیە بەهێزتر بێت و سودانی ڕێگەی پێ نادرێت لەوە زیاتر
قورسایی هەبێت. کلیلی چارەسەری ئەوەش هەر لە تارانە و سودانی دەبێت ئەو متمانەیە لەوێ
دەستەبەر بکاتەوە.
ئێران لە لاوازترین خاڵیدایە
ئەمەریکا لە ناوچەکەدا هیچ کاتێک ئێرانی بەو
ئاستە لاواز نەبینیوە و بۆیەش ئەستەمە لەسەر خواستەکانی بۆ نەهێشتنی پرۆکسییەکانی
تاران، خۆش بێت و پاشەکشە بکات. لە بەرامبەردا ئێرانیش گۆڕەپانی عێراق بە دوایین
ساتری خۆی دەزانێت. بۆشی ڕون بوەتەوە کە لەدەستدانی عێراق چ ئاکامێکی زیانباری بۆ
خۆی هەیە. بۆیە پێشوازی لە سەردانەکەی سودانی و هەماهەنگی زیاتر لەگەڵ دەکات. بەڵام
ئەوە بەو مانایە نییە کە پەتی خۆی بداتە دەست سودانی لەو وڵاتە.
بۆ دەسەڵاتدارانی ئێران گرنگە کە سەقامگیری عێراق
تێکنەچێت، بەڵام ئەوە بەو مانایە لێک نادەنەوە کە سەقامگیرییەک کە لە گرەوی هەڵوەشاندنەوە
و چەککردنی پرۆکسییەکان و بە شێوەیەکی گشتی حەشدی شەعبی دابێت، خواست و ڕەزامەندی
ئێرانی لەسەر بێت.
بۆ ئێران هەڵوەشاندنەوەی حەشد ڕوخانی دوایین
ساترە و هێڵی سورە و هەر ئەم هەفتەیە ئەوە لە زمان ڕێبەری ئەو وڵاتە عەلی خامنەییش
بیسترا کە "ڕێگە نەدرێت بە پەراوێزخستنی ئەوانەی کە خزمەت بە نیشتمانەکەیان دەکەن".
دەنگۆی هاتنی قائانیش بۆ بەغداد بەر لەسەردانەکەی سودانی بۆ تاران، هەر پشتڕاستکردنەوەی
ئەو بۆچونەیە.
ماوەتەوە بگوترێت، سودانی لەسەر دوو ڕێیانێک، بەو
هەمو گرێ کوێرەیە کە هەست دەکات هەموی بە دەمی ئێران دەکرێنەوە، بە دەستی بەتاڵ دەگەڕێتەوە
یان ئێران مل دەدات بە خواستەکانیی و عێراق لەو جەنگە بە دور ڕادەگرێت.
218 جار خوێندراوەتەوە