بەپێی زانیارییەکانی KNN، حکومەتی هەرێم ئامادەیە داهاتی ناوخۆ ڕادەست
بکات بەرامبەر ناردنی موچەی مانگی 12، هاوکات بڕیارە نوێنەرە کوردەکانی ئەنجومەنی
نوێنەرانی عێراق لەگەڵ مەسرور بارزانی بۆ چارەسەری کێشەکان کۆببنەوە.
هەواڵ:KNNC
ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی
هەرێم، یەکەمین کۆبونەوەی ساڵی 2025ـی ئەنجامدا و بابەتە دارییەکان و
پرسی موچە تەوەری سەرەکی کۆبونەوەکە بون.
پەیامنێری KNN لە هەولێر رایگەیاند، لە ئێستادا وەزارەتی
دارایی هەرێم ئامادەیە بۆ ڕادەستکردنی 250 ملیار دینار وەک داهاتی مانگەکانی تەمموز
و ئاب و ئەیلول، تا لە بەرامبەردا بەغداد 805 ملیار دینار بۆ موچەی مانگی 12ی
فەرمانبەران رەوانەبکات.
وتیشی: داهاتی ناوخۆی
ئەو سێ مانگەی هەرێم بەپێی خەمڵاندنەکانی وەزارەتی دارایی عێراق بڕی 495 ملیار دینارە
و ئەو جیاوازییەش یەکێکە لە کێشەکانی پرسی موچە، بۆ ئەو مەبەستەش بڕیار لە ئامادەکردنی
نوسراوێک دراوە کە پشتبەست بە دو ماددەی یاسایی عێراق دەبەستێت و دارایی فیدراڵ
پابەند دەکات بە ناردنی پارەکە.
هەربەپێی زانیارییەکانی KNN، بڕیارە لە دوای 15 مانگ شاندێکی
هونەری لە وەزارەتی دارایی هەرێم لیستی موچەی مانگی یەک ببەنە بەغداد و تاوتوێی
بەشە بودجەی ساڵی 2025 بکەن.
سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی وەزیران بە KNNـی راگەیاند، هەفتەی داهاتو سەرجەم نوێنەرە کوردەکانی
ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەگەڵ سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێم کۆببنەوە بە ئامانجی
یەکدەنگی و هاوهەڵوێستی بۆ چارەسەری کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغداد.
هەولێر- بڕیار نامیق
1039 جار خوێندراوەتەوە