ئەمڕۆ ئەنجومەنى وەزیران یەکەم کۆبونەوەى
ئەمساڵى ئەنجامدا، بەپێی ئەو زانیارییانەش دەست کەى ئێن ئێن کەوتوە، بەشێکى زۆرى
کۆبونەوەکەیان تایبەت بوە بە ناکۆکییەکانى نێوان هەرێم و بەغداد و بڕیاریشە بۆ
یەکلاییکردنەوەى چارەنوسى موچەى ئەمساڵ کۆبونەوەیەکى گرنگ بەڕێوەبچێت.
هەواڵ:KNNC
پەیامنێرى کەى ئێن ئێن، لەبارەى ناوەڕۆکى
کۆبونەوە دوو کاتژمێرییەکەى ئەمڕۆى ئەنجومەنى وەزیران رایگەیاند؛ کۆبونەوەکە زیاتر
لە کاتژمێرێکى لەبارەى ناکۆکییەکانى نێوان هەرێم و بەغداد بوە و تەواوى کێشەکانى
نێوان هەردولا باسکراوە.
ئاماژەى بۆ ئەوەکرد کە بە لیستێکى نوێی
هاوشێوەى لیستەکانى بەغداد لیستى مانگى یەکى موچەخۆرانى هەرێمى کوردستان
ئامادەکراوە و بڕیارە لە 15ـى ئەم مانگە رەوانەى بەغدادى بکەن.
بڕیار نامیق، پەیامنێرى کەى ئێن ئێن لەبارەى ناوەڕۆکى کۆبونەوەکەوە
ئەوەى ئاشکرا کرد کە رۆژى شەممە، ئەنجومەنى وەزیران بانگهێشتى وەزیر و
پەرلەمانتارانى کوردستان دەکات، تایبەت بە کێشەکانى نێوان هەرێم و بەغداد، تا ئەو
کێشانەى لە ساڵى 2024 بۆ دابەشکردنى موچە دروستبون، ئەمساڵ بۆ موچەى موچەخۆران
دروست نەبن و ئەو کۆبونەوەیە یەکلاییی دەکاتەوە کە ئەو رێکارانە چى دەبن هەرێمى
کوردستان بۆ پارێزگاریی لە موچەى فەرمانبەرانى دەیگرێتەبەر.
ئاشکرایکرد کە بەغداد داواى 50%ـى داهاتى
خاڵە سنورییەکان و داهاتەکانى باج دەکات، هەر ئەمەش بوەتە خاڵى توندى ناکۆکییەکانى
نێوانیان و مەترسیش لەسەر داهاتوى موچەى فەرمانبەرانى هەرێم.
لەبارەى چارەنوسى موچەى مانگى 1، پەیامنێرى
کەى ئێن ئێن ئەوەى خستەڕو کە لەدواى دابەشکردنى موچەى فەرمانبەرانى عێراق
دەردەکەوێت کە ئایا تەمویلى موچەى هەرێم دەکەن یان نا، بەڵام دڵنیاییدا کە حکومەتى
فیدراڵ هیچ بڕە پارەیەکى دیکە بۆ موچەى مانگى 12ـى ساڵى رابرو نانێرێت و ئەو پرسە
لەلاى کۆتایی هاتوە.
کەى ئێن ئێن/ بڕیار نامیق
439 جار خوێندراوەتەوە