ئەنجومەنى وەزیرانى
هەرێم ناوەڕۆکى کۆبونەوەکەى ئەمڕۆى بڵاوکردەوە و دەڵێت: حکومەتى فیدراڵ پابەند
نەبوە بە خەرجکردنى تەواوى موچەى موچەخۆران، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەرک
و پابەندییەکانی خۆی بە تەواوی و بە باشترین شێوە، جێبەجێ کردوە دەشڵێت: تەوەرێکى
دیکەیان تایبەت بوە بە سەردانەکەى دوێنێی سەرۆکى حکومەت و چەند بەرپرسێکى حیزبى بۆ
تورکیا.
هەواڵ:KNNC
بەپێى راگەیەنراوەکەى
ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێم، لەسەرەتاى کۆبونەوەى ئەمرۆیاندا باسیان لە سەردانى
شاندى هەرێم کردوە بۆ ئەنقەرە و باسیان لە پەیوەندییەکانى نێوان هەردولا و
نەهێشتنى بەربەستەکانى هەناردەکردنەوەى نەوت و پەرەسەندنەکانى دۆخى تورکیایان کردوە.
لە تەوەرى یەکەمى کۆبونەوەکەیاندا، سەرۆکی دیوانی
ئەنجومەنی وەزیران زانیاریی لە بارەی بارودۆخی دارایی ساڵی 2024 خستوەتەڕو کە
پێشتر لەلایەن وەزارەتى داراییەوە لە راگەیەنراوێکدا وردەکارییەکەى بڵاوکرابوەوە و
دەڵێت: حکومەتی فیدراڵ پابەند نەبو بە خەرجکردنی تەواوی موچەی موچەخۆرانی هەرێم کە
لە کۆی تەرخانکراوی هەرێمی کوردستان بۆ مووچە بەپێی خشتەکانی تەرخانکراوی هەرێم لە
بودجەی فیدراڵ کە بڕی (11) ترلیۆن و (576) ملیار دینارە، تەنها بڕی (10) ترلیۆن و
(752) ملیار دیناری بە فیعلی خەرجکردوە.
لە بەشێکى دیکەى
کۆبونەوەکەدا سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچون، راپۆرتێک لەبارەی ئیعتمادکردنی
ژمارەی کەسیی بێهاوتای پرۆسەی تۆماری بایۆمەتری مووچەخۆرانی هەرێم لەلایەن وەزارەتی
پلاندانانی حکومەتی فیدراڵ و ناردنی گشت زانیارییە داواکراوەکان بۆ بەغدا خستوەڕو،
کە بەم هەنگاوەش، کۆتایی بە بیانوی حکومەتی فیدڕاڵ دێت سەبارەت بە بابەتی ژمارەی وەزیفیی.
لەمبارەیەوە ئاماژەی بە ڕۆڵی گرنگی فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری کرد لە ئامادەکردنی
سیستەمی پەیڕۆڵ و ژمارەی وەزیفی مووچەخۆران.
لە کۆتایی
گفتوگۆکانیاندا، گفتوگۆیان لەبارەى بەرەوپێشچونەکانی پڕۆژەی بە ئەلیکترۆنیکردنی
ناوەندیی خشتەی موچەی موچەخۆرانی هەرێم ناسراو بە ( پڕۆژە سیستمی پەیڕۆڵ ) کردوە.
ئەنجومەنی وەزیران جەختی
کردوەتەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەرک و پابەندییەکانی خۆی بە تەواوی و بە
باشترین شێوە، جێبەجێ کردوە و لە هەوڵەکانیشی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بەردەوامە بۆ
دابینکردنی موچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و لەم روەوە، چاوەڕوانین
حکومەتی فیدراڵ تەواوکاریی شایستەی دارایی موچەخۆران بۆ ساڵی 2024 بنێرێت، کە بەداخەوە
بەهۆی ڕێکارەکانی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ، سەرەڕای ئەوەی ئێستا لە مانگی 1ی ساڵی2025ین
و موچەخۆرانی ناوچەکانی دیکەی عێراق، موچەی مانگی 12 یان وەرگرتوە، بەڵام موچەخۆرانی
هەرێم، وەریان نەگرتوە، لە کاتێکدا وەزارەتی دارایی هەرێم، سەرجەم بابەتەکانی پەیوەندیدار
بە تەرازوی پێداچونەوە و لیستەکانی موچەی چارەسەرکردوە و لیستی موچەی هەر سێ مانگەکەشی
بە تەواوی و بە بێ کەموکوڕیی بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ ناردوە.
252 جار خوێندراوەتەوە