لە نوێترین راپۆرتى ئیسرائیلدا باس لە
ئۆپەراسیۆنى بەئامانجگرتنى ئیسماعیل هەنیە، سەرۆکى مەکتەبى سیاسیى بزوتنەوەى
حەمماس دەکات و ئاماژە بۆ ئەوەکراوەکە بەهۆى خراپبونى سیستمى فێنککەرەوەى
ژورەکەیەوە خەریکبوە ئۆپەراسیۆنەکە هەڵبوەشێتەوە و دوابخرێت.
هەواڵ:KNNC
لە راپۆرتێکى کەناڵ 12ـى ئیسرائیل کە لە
رۆژنامەى "تاییمز ئۆف ئیسرائیل" بە زمانى ئینگلیزى بڵاوکراوەتەوە هاتوە؛
ئیسماعیل هەنیە ویستویەتى ژورەکەى بگۆڕێت، بەهۆى ئەوەى سیستمى فێنککەرەوەى ژورەکەى
تێکچوە، بەڵام توانراوە پێش ئەوەى ژورەکەى چۆڵ بکات لەلایەن تیمێکى تایبەتەوە کێشەکەى
بۆ چارەسەر بکرێت.
ئەوەشهاتوە کە پیلانى کوشتنەکەى بەشێوەیەک
دانرابو کە لەکاتى ئامادەبونى لە پرسەى ئیبراهیم رەئیسى، سەرۆککۆمارى پێشوى ئێران
جێبەجێ بکرێت.
بەپێی راپۆرتەکە، ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنى
بەئامانجگرتنەکەى هەنیەى گۆڕیوە، لە پرسەى رەئیسییەوە بۆ مەراسیمى دەستبەکاربونى
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆمارى ئێستاى ئێران و بڕیاریش دراوە لەکاتى مەراسیمەکەدا
نەبێت تا تاران شەرمەزار نەبێت.
باس لەوەشکراوە کە بۆمبى جێنراو لە ژورەکەى
هەنیە دانراوە لە نزیک شوێنى خەوتنەکەى، جگە لەوەش بڕێک تەقینەوەش دانراوە تا
دڵنیا ببنەوە لە مردنى و ئەوەندەش نەبێت کەسانى دیکە لە ژورەکانى چواردەورى
بکوژێت.
لە 31ـى تەمموزى ئەمساڵ، لە بەیانییەکى زودا سوپاى پاسدارانى ئێران
بەئامانجگرتن و کوشتنى ئیسماعیل هەنیە، سەرۆکى مەکتەبى سیاسیى بزوتنەوەى حەمماس-ى لە تاران راگەیاند کە بۆ مەراسیمى سوێندخواردنى مەسعود پزیشکیان لە شارەکە بو، پاسدارانیش راستەوخۆش ئیسرائیلى وەک ئەنجامدەر ناوبرد.
5529 جار خوێندراوەتەوە