بۆچى موچەى مانگەکانى 11 و 12 دابەش ناکرێت... هەرێم چاوەڕێی چییە؟

KNN : Kurdish News Network
10:13 - 30/12/2024
ئابوری
+
-

ساڵى 2024 تەنها ئەمڕۆ و سبەینێی ماوە و موچەى مانگەکانى 11 و 12ـى موچەخۆرانى هەرێمیش دابەش نەکراوە، بەپێی ئەو بەدواداچونانەى کەى ئێن ئێن،یش کردویەتى؛ هێشتا وەزیرى دارایی عێراق رەزامەندى لەسەر ناردنى پارە نەداوە و بۆ ئەو مانگانەش کورتهێنان دروست دەبێت.

 

ئابورى:KNNC

 

بڕیار نامیق، پەیامنێرى کەى ئێن ئێن بەدواداچونى بۆ موچەى مانگەکانى 11 و 12ـى فەرمانبەران کردوە، سەرچاوەیەک لە وەزارەتى دارایی عێراق رایگەیاندوە کە لە رۆژی پێنجشەممەوە  وەزارەتی دارایی عێراق لەڕێگەی بەشی ژمێرکارییەوە نوسراوێکی کردوە بۆ خەرجکردنی دوو بڕی جیاواز پارە بۆ هەرێمى کوردستان بەپێی ئەو راپۆرتەی لەسەر خەرجی  و داهاتی مانگى 2 بۆ 11 کراوە.

 

بەپێی زانیارییەکان،  لەو نوسراوەى خراوەتە بەردەم وەزیری دارایی عێراق  بڕی 570 ملیار بۆ موچەی مانگی 12 و 430 ملیار دیناری موناقەلەکە کەبەناوی کورتهێنانی مانگی 11و 12 لە بودجەدا گواستراوەتەوە سەر موچە، هەر لە بودجەی ساڵی 2024 خەرج بکرێت و ئەو سەرچاوەیە بە کەى ئێن ئێنى وتوە کە تا ئێستاش چاوەڕێن وەزیرى داراییی عێراق واژۆ لەسەر ئەو دو بڕە جیاوازە بکات.

 

بەپێی بەدواداچونەکانى کەى ئێن ئێن، ئەو 570 ملیارە کە بۆ مانگى 12 دانراوە لەگەڵ 430 ملیار دینارەکە رەوانە بکرێت، بە 631 ملیار دینارەکەى مانگى 11یشەوە بۆ هەردو موچەى مانگى 11 و 12 بڕى 359 ملیار دینار کورتهێنان دەبێت.

 

بۆ چارەسەرى ئەم کورتهێنانە، بڕیارە هەرێمى کوردستان بە داهاتى مانگى ناوخۆ پڕى بکاتەوە، بەڵام  ئەگەر داهاتى مانگەکانى 7 و 8 رادەستى بەغداد بکرێت، ئەوا پڕکردنەوەى کورتهێنانەکە ئەستەم دەبێت و کێشە بۆ دابەشکردنى موچەى مانگى 12 دروست دەبێت.

1741 جار خوێندراوەتەوە