وەزارەتی دارایی هەرێم چاوەڕوانی بەغداد دەکات
بۆ ئەوەی 441 ملیار دیناری بۆ بنێرێت و دەست بە دابەشکردنی موچەی مانگی 11 بکات،
بۆ ئەمساڵیش ئەگەر هەرێمى کوردستان کۆمەڵێک رێکار نەگرێتەبەر کێشەى دابەشکردنى
موچە بەردەوام دەبێت.
ئابورى:KNNC
هونەر جەمال وتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێمی
کوردستان بە کەی ئێن ئێنی راگەیاند، وەزیری دارایی عێراق بڕیاری ناردنی 441 ملیار
دیناری داوە، حکومەتی هەرێم چاوەڕوانە لەکاتی کردنەوەی دەوام پارەکە بگاتە دەستی بۆ
ئەوەی لەگەڵ ئەو 631 ملیار دینارەی دیکەی کە لەبەر دەستیایەتی دەست بە دابەشکردنی
موچەی مانگی 11 بکات.
لەبارەی موچەی مانگی 12ـەوە وتەبێژی وەزارەتی
دارایی هەرێم رایگەیاند، وەزارەتی دارایی عێراق حساباتی ساڵی رابردوی داخستوە لەبەر
ئەوە چاوەڕێ ناکرێت هیچ پارەیەکی دیکە رەوانە بکات بۆ موچەی مانگی 12.
لەبارەی موچەی ئەمساڵی فەرمانبەرانەوە بەگوێرەی
زانیارییەکانی کەی ئێن ئێن هەرێم 11 ترلیۆن و 500 ملیار دینار پشکی هەیە لە بودجەدا،
بەڵام دەبێت حکومەتی هەرێم هەناردەی نەوت لەڕێگەی سۆمۆوە دەستپێبکاتەوە، داهاتی
ناوخۆ بە ڕێژەی 50% ڕادەستی بەغداد بکات، یوپی ئێن و بایۆمەتری فەرمانبەران تەواو
بکرێت ئەو کات هەرێمی کوردستان دەتوانێت سەرجەمی 11 ترلیۆن و نیوەکە وەربگرێت و بیدات
بە موچەی فەرمانبەران.
بەگوێرەی زانیارییەکانی کەی ئێن ئێن ئەگەر هەمواری
ماددەکانی 11و12و13ـی یاسای بودجە نەکرێت ئەوا هەرێمی کوردستان جارێکی دیکە توشی هەمان
کێشەکانی ساڵی رابردو دەبێتەوە.
سلێمانى/ بڕیار نامیق
266 جار خوێندراوەتەوە