ساڵی 2024 بۆ چەند
سەرمایەدارێک باشترین ساڵ بو، ئیلۆن ماسک بەبەخترین سەرمایەداری ساڵبوە و
سامانەکەی بە نزیکەیی دو هێندە زیادی کردوە
ئابوری: KNNC
بەپێی ئاژانسی بزنس
ئینسایدەر و بە پشتبەستن بە داتاکانی پێگەی بلومبێرگ، لە ساڵی 2024دا پێنج
ملیاردێر زۆرترین قازانجیان کردوە و بەتەنها خۆیان سامانەکەیان 542
ملیار دۆلار زیادی کردوە.
لەبەرامبەردا، چەند
سەرمایەدارێکی دیکە هەبون کە 2024 بۆیان ساڵی بەخت نەبوە و تێیدا توشی زیان
بون و دەیان ملیار دۆلاریان لەدەستداوە.
لێرەدا ئەو پێنج ملیاردێرەی کە لە ساڵی 2024 دا زۆرترین
قازانجیان کردوە، لەگەڵ ئەوانەی زۆرترین زیانیان کردوە دەخەینە ڕو؛
ئەو پێنج ملیاردێرەی لە ساڵی
2024 زۆرترین قازانجیان کردوە
یەکەم _ ئیلۆن ماسک:
سەروەتەکەی 239 ملیار دۆلار زیادیکردوە
سامانی ئیلۆن ماسک کە لە ئێستادا خاوەنی 468 ملیار دۆلارە و
دەوڵەمەندترین کەسی جیهانە، سامانەکەی لە ساڵی 2024دا نزیکەی دو هێندە زیادیکردوە.
ئەمەش بە شێوەیەکی
بەرچاو بەهۆی بەرزبوونەوەی بازاڕی بۆرسە دوای سەرکەوتنی دۆناڵد ترەمپ لە
هەڵبژاردنەکاندا بو، مەسک تەنها لە ڕۆژی هەڵبژاردنەوە تا ئێستا زیاتر لە 200 ملیار دۆلار قازانجی كرد.
سەروەت و سامانی سەرەکی ئەو پشکەکانی کۆمپانیای تێسلا و سپەیس
ئێکسە، سەرەڕای دابەزینی فرۆشی ئۆتۆمبێلی کارەبایی، بەڵام بەهای پشکەکانی کۆمپانیای تێسلا لەمساڵدا زیاتر لە 70% زیادی کردوە.
هەروەها بەهای کۆمپانیای سپەیس ئێکس لە ماوەی ساڵی ڕابردودا دو
هێندە زیادی کردوە و ئێستا بەهاکەی بە 350 ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت.
دوەم _ مارک زوکەربێرگ: سەروەتەکەی 85 ملیار دۆلار زیادیکردوە
مارک زوکەربێرگ 85
ملیار دۆلاری بۆ سەروەت و سامانی خۆی زیاد کردوە، ئەویش بەهۆی ئەو سەرکەوتنانەی ئەمساڵ کۆمپانیایی مێتا تۆماری کردون.
مارک کە بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای مێتایە و ئێستا سەرمایەکەی
213 ملیار دۆلارە، خاوەنی نزیکەی 13%ی پشکەکانی کۆمپانیای مێتایە.
پشکی مێتا لە ساڵی 2024 زیاتر لە 70% بەرزوەتەوە، ئەویش بەهۆی ئەدای
بەهێزی لە بواری ڕیکلام و وەبەرهێنان لە زیرەکی دەستکرددا.
سێیەم _ جێنسن هوانگ:
سەروەتەکەی 78 ملیار دۆلار زیادیکردوە
جێنسن هوانگ،
بەڕێوەبەری جێبەجێکار و هاوبەشی دامەزرێنەری کۆمپانیای NVIDIA، ساڵی 2024 بەختی ئەم سەرمایەدارە بو، کە
تێیدا بوە ملیاردێر و سامانەکەی ئیستا زیاتر لە 100 ملیار دۆلارە.
چوارەم _ لۆڕێنس جۆزێف ئێلیسۆن:
سەروەتەکەی 70 ملیار دۆلار زیادیکردوە
ئێلیسۆن،
دامەزرێنەر و بەرپرسی سەرەکی تەکنەلۆجیای کۆمپانیای ئۆراکل، ئێستا بەهاکەی بە 193
ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت.
پشکەکانی کۆمپانیای ئۆراکل کە بەشێکی زۆری پشکەکانی پێکدەهێنن،
ئەمساڵ بە ڕێژەی لە 60% بەرزبوەتەوە، ئەمەش بەهۆی ئەپڵیکەیشنی کۆمپانیاکە و
ئەو ڕێگە نوێیەی بەکاریدەهێنن لەگەڵ بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد.
هەروەها ئیلیسۆن
خاوەنی زیاتر لە 1%ی کۆمپانیای تێسلایە کە بەهاکەی بە 20 ملیار دۆلار مەزەندە
دەکرێت.
پێنجەم _ جێف بیزۆس:
سەروەتەکەی 69 ملیار دۆلار زیادیکردوە
جێف بیزۆس، یەکێکە لە
دامەزرێنەرانی کۆمپانیای ئەمازۆن، تا ئێستاش خاوەنی گەورەتین پشکی
ڕاستەقینەی کۆمپانیاکەیە و خاوەنداری نزیکەی 9%ی پشکەکانی کۆمپانیاکە دەکات، ئێستا بەهای
کۆمپانیاکە 2.4 تریلیۆن دۆلارە.
پشکی کۆمپانیای ئەمازۆن دوای هەڵبژاردنی ترەمپ بازدانی بەخۆیەوە بینی و لە ساڵی 2024 بەڕێژەی 45% بەرزبوەوە، کۆمپانیاکە سودمەندە لە پێگەی پێشەنگی
خۆی لە دو بواری سەرەکی فرۆشتنی تاکەکەسی ئۆنلاین و کۆمپیوتەر.
ئەو پێنج ملیاردێرەی لە ساڵی 2024 زۆرترین زیانیان کردوە
یەکەم _ بێرنارد ئارنۆ:
سەروەتەکەی 31 ملیار دۆلار زیانیکردوە
ساڵی 2024 یەکێک بو لە خراپترین ساڵەکان بۆ پیشەسازی کاڵای لوکس
لە ساڵانی ڕابردودا، بەمەش سەرمایەدار، بێرنارد ئارنۆڵت، یەکەم زەرەرمەندی ئەو
ساڵە بوە.
بێرنارد بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای LVMH کە ئێستا بەهای 176 ملیار دۆلارە، خاوەنی 48%ی پشکەکانی
کۆمپانیاکەیە.
براندە لوکسەکانی وەک لویس ڤیتۆن و کریستیان دیۆر کە لقەکانی ئەم
کۆمپانیایەن، بەهۆی قەیرانی خانوبەرە و بەرزی بێکاری گەنجان لە چین ئەمساڵ ڕوبەڕوی
زۆرترین کێشە بونەتەوە.
دوەم _ فرانسوا
بێتانکۆرت مێیرز: سەروەتەکەی 25 ملیار دۆلار زیانیکردوە
خاتونە دەوڵەمەندی
جیهان فرانسوا بێتانکۆرت مێیرز، میراتگری سامانی لۆریال، دوەم دەوڵەمەندترین ژنە
لە جیهاندا و ئێستا سامانەکەی 75 ملیار دۆلارە.
کۆمپانیای لۆریال لە ساڵی 2024 بەهۆی دابەزینی فرۆشی لە چین
ڕوبەڕوی کێشە بوەوە، بەهای پشکەکانی بە ڕێژەی لە 26% دابەزی.
سێیەم _ کارلۆس سلیم: سەروەتەکەی
23 ملیار دۆلار زیانیکردوە
کارلۆس سلیم، ملیاردێرە مەکسیکییەکە کە ئێستا سامانەکەی
82 ملیار دۆلارە، بەهۆی دابەزینی بەهای پشکەکانی کۆمپانیای پەیوەندییەکانی
ئەمریکا مۆڤیل بەشێک لە سامانەکەی لەدەستدا و
یەکێکە لەو سەرمایەدارانەی ساڵی 2024
بۆ ئەو ساڵیکی باش نەبو.
چوارەم _ کۆڵین هوانگ:
سەروەتەکەی 17 ملیار دۆلار زیانیکردوە
نزیکەی هەموو سامانی 35
ملیار دۆلاری کۆڵین هوانگ، دامەزرێنەری فرۆشگای ئۆنلاین بۆ مۆدەی خێرا لە
کۆمپانیای TEMU، لە پشکەکانی
کۆمپانیای Pinduoduo یە
کە کۆمپانیای باوکی TEMUیە.
بەهای پشکەکانی ئەم کۆمپانیایە لەمساڵدا زیاتر لە 30% دابەزیوە.
پێنجەم _ فرانسوا
پیناوڵت: 14 سەروەتەکەی ملیار دۆلار زیانیکردوە
تەواوی سامانی
فرانسوا پیناوڵت لە ئێستادا بە 22 ملیار دۆلاری دەخەمڵێنرێت، ئەم
سەرمایەدارە فەرەنسییە، دامەزرێنەری گروپی لوکس کێرینگ، کە براندەکانی وەک بالێنسیاگا، گوچی و
ئیڤ سانت لۆران لەخۆدەگرێت، ساڵی 2024 بۆ ئەم سەرمایەدارەش نەهات بوە و بەهای
پشکەکانی کۆمپانیاکەی بە ڕێژەی لە 40% دابەزیوە.
210 جار خوێندراوەتەوە