دوای ئەوەی لەگەڵ هێزە ئەمنییەكانی كەركوك روبەڕوبونەوە، ئەمڕۆ
سەرچاوەیەك بە میدیا عێراقییەكانی راگەیاندوە تۆڕێكی بازرگانیكردنیان بە ماددەی
هۆشبەر دەستگیركردوە.
هەواڵ: (KNNC)
سەرچاوەیەکی ئەمنی پارێزگای كەركوك بە میدیا عێراقییەكانیان
راگەیاندوە: دوای روبەڕوبونەوەیان لەگەڵ هێزە ئەمنییەكان و برینداربونی دو تۆمەتبار،
توانیویانە تۆڕێكی بازرگانیكردن بە ماددە هۆشبەرەكان لە نزیک مزگەوتی گەورەی شۆر لە
بەشی ڕۆژهەڵاتی شاری کەرکوک دەستگیر بكەن.
ئاشكرایكردوە، دوای ئاشكراكردنی ناسنامەی یەكێك لە ئەندامانی
گروپە مەترسیدارەكە، بەدواداچون بۆ دۆزینەوەی چەند هەفتەیەكی خایاندوە، دواجار
توانرا شوێنی مانەوەی كەسی سەرەكی باندەكە ئاشكرابكرێت.
بەبێ ئاشكراكردنی ژمارەی تۆمەتبارە دەستگیركراوەكان، ئەوەیانخستوەتەڕو،
لێكۆڵینەوە لەگەڵ دەستگیركراوەكان دەكرێت و بەدڵنیاییەوە زانیاری نوێ لەسەر
گروپەكەیان و چالاكییەكانیان دەخەنەڕو.
میدیا عێراقییەكان ئاماژەیان بۆ ئەوەشکردوە، تۆڕەكە لە سێ
پارێزگای عێراق لەنێویاندا كەركوك چالاكییان ئەنجامداوە، لە ئێستادا هێزە
ئەمنییەكانی شارەكە بەهاوكاری پۆلیسی فیدراڵ بەدواداچون بۆ ئاشكراكردنی سێ ئەندامی
دیكەی گروپەكە دەكەن.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئۆپەراسیۆنی تایبەت بۆ روبەڕوبونەوەی تۆڕەکانی
بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکانەوە دەكات، بێجگە لەدەستگیركردنی دەیان تۆمەتباری
ناوخۆیی و بیانی، دەستی بەسەر بڕێكی زۆر ماددەی هۆشبەری جۆراوجۆردا گرتوە و بەرپرسیانی
وەزارەكەش ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە ئۆپراسیۆنەكەكان سەرکەوتنی گەورەیان بەدەستهێناوە.
85 جار خوێندراوەتەوە