"تەندروستی سلێمانی زیاتر لە 20 ملیار دینار قەرزدارە"

KNN : Kurdish News Network
07:35 - 09/01/2025
کوردستان
+
-

جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی ئاشکرایدەکات تەندروستی سلێمانی بە 20 ملیار دینار قەرزەوە پێی ناوەتە ساڵی 2025 و دەشڵێت: بەهۆی بەستنەوەی بودجەی تەندروستی بە داهاتی ناوخۆی شارەکە و نەبونی بودجەیەکی جێگیر لە گەورەترین کێشەداین.

 

هەواڵ:KNNC

 

لە بەرنامەى "سۆراخەکانى بڕیار" لە کەناڵی کەی ئێن ئێن، د. هێرش سەید سەلیم، رایگەیاند؛ لەدوای ساڵی 2014  کەرتی تەندروستی لە سلێمانی پەکخراوە و لە لێواری روخاندایە و کەسیش گوێمان لێناگرێت.

 

باسی لەوەکردوە تەندروستی سلێمانی لە قەیراندایە و زیاتر لە 20 ملیار دینار قەرزداری کۆمپانیاکانی دەرمان و تاقیگەکانە،  ئەو قەرزەش هی ساڵانی رابردوە و کەڵەکە بوە لەسەریان.

 

لە بارەی بودجەی تەندروستی شارەکەوە، د. هێرش وتویەتی، جگە لەوەی بەهۆی ململانێ سیاسییەکانەوە سلێمانی زیاتر پشتگوێخراوە،  بودجەی تەندروستیش بەستراوەتەوە بە داهاتی شارەکەوە، ئەمەش کارەساتە و  گەورەترین کێشەی بۆ تەندروستی سلێمانی دروست کردوە.

 

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە  ئەو دەرمانانەی دەفرۆشرێن و بەکاردەهێنرێن، تاچەند بێکێشە و باوەڕپێکراوە لای ئەوان، د. هێرش وتویەتی، ئەو دەرمانانەی کە لەیبڵی کوالێتی کۆنتڕۆڵی پێوەیە زۆرینەیان ئەو دەرمانانە نییە کە لە خودی ئەو کۆمپانیایە دروستکرابێت کە ناوەکەی لەسەرە، بەشێک لەو دەرمانانەی کە تایبەتن بە سویسرا، ئەڵمانیا و بەریتانیا لە تورکیا دروست دەکرێن، لە روی کوالێتییەوە جیاوازن هەمان کوالێتییان نییە.

 

وتوشیەتی کەوتنی کەرتی گشتیی وایکرد ئەم هەمو نەخۆشخانە تایبەتە دروستبکرێن و "لە ئێستادا سلێمانی پێویستی بە 100 بێدی چر هەیە، بەڵام کەرتی گشتی تەنها 35 بێدی هەیە و ئەویدیکە لەلایەن نەخۆشخانە تایبەتەکانەوە پڕکراوەتەوە و ئەمەش بارگرانییەکی زۆری بۆ نەخۆش دروست کردوە".

 

لە بارەی دۆخی کەرتی تەندروستی گشتییەوە، جەختیکردوەتەوە لە لیواری روخاندایە و ئەوەی تا ئێستا هێشتویەتییەوە لایەنە مرۆییەکەیە، ئەگەر نا کێشەی دەرمان، کەمی ئامێرە پزیشکییەکان و  نەبونی کارمەندی پێویستیش وایکردوە نەتوانن بە باشی کارەکان بکەن و ئەمەش وایکردوە کەرتی تەندروستی لەشارەکەدا پەکی بکەوyت.

140 جار خوێندراوەتەوە