هەسەدە: شكستمان بە هێرشەكانی توركیا هێناوە

KNN : Kurdish News Network
09:42 - 09/01/2025
کوردستان
+
-

هه‌سه‌دە بڵاویكردەوە؛ بەپاڵپشتی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا گروپه‌ چه‌كداره‌كانی نزیك لە ئەو وڵاتە بەدرێژایی دوێنی هێرشیان كردوەتە سەریان، بەڵام لەلایەن شەڕەڤانانەوە بەتوندی وەڵام دراونەتەوە و (63) چه‌كدار کوژراون ژمارەیەكی دیكەشیان بەبرینداری كەوتونەتە دەستیان.

 

هەواڵ: (KNNC)


ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه، ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هه‌سه‌ده‌) رایگەیاند: بەدرێژایی دوێنی چوارشەممە، چەكدارە نزیكەكانی توركیا و بە پاڵپشتی فڕۆكە جەنگییەكانی ئەو وڵاتە، هێرشیان كردوەتە سەر باکوری بەنداوی تیشرین و باشوری رۆژهەڵاتی شاری مه‌نبج و لەلایەن شەڕەڤانانەوە بەتوندی وەڵامیان دراوەتەوە.


ئاماژەی بۆ ئەوەكردوە، چەكدارە نزیكەكانی توركیا لەشکرکێشییەکی بەرفراوانیان بۆ سەر گوندەکانی عەلوش و تەل عه‌ریش و هەروەها بۆ لەسەر گردی سیریتێل لە دەوروبەری بەنداوی تیشرین ئەنجامداوە و سەرجەم هێرشەكانیان تێكشكێنراوە و (63) كوژراو و (37) برینداریان لەپاشجێماوە كە برینی ژمارەیەكیان سەختە.


هاوكات، میدیاكانی نزیك لە هەسەدە ئاشكرایانكردوە، بۆ پارێزگاریكردن لە بەنداوی تشرین و روبەڕوبونەوەی هێرشی فڕۆكە جەنگییەكانی  توركیا و چەكدارە نزیكەكانی ئەو وڵاتە، ژمارەیەكی زۆر لە دانیشتوانی پارێزگانی جەزیرە، رەقە، تەبقە و فورات كە هەزان هاوڵاتی خەڵكی سوریان و لە نەتەوەكانی كورد و عەرەب پێكهاتون هاتون بۆ بەنداوی تشرین.

348 جار خوێندراوەتەوە