لە ساڵى 2024دا زیاتر لە سێ هەزار روداوى هاتوچۆ لە هەرێمى کوردستان رویانداوە

KNN : Kurdish News Network
02:25 - 31/12/2024
ڕاپۆرت
+
-

ڕوداوەکانی هاتوچۆ لە هەرێمی کوردستان یەکێکن لە گرفتە چارەسەر نەکراوەکان، کە بە تیرۆری سپی ناسراوە، بەپێی دواداچونەکانی کەی ئێن ئێن، لەساڵی 2024دا زیاتر لە سێ هەزار روداوی هاتوچۆ تۆمار کراون و زیاتر لە هەزار و 500 کەسیش بونەتە قوربانی، خراپی رێگاوبانەکانیش لە هۆکارە سەرەکییەکانی روداوەکانی هاتوچۆن.

 

پانۆراماى روداوەکان:KNNC

 

روداوەکانى هاتوچۆ یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانى مەرگی چاوەڕوان کراون لە هەرێمی کوردستان، دیارترین هۆکارى روداوەکانى هاتوچۆش خراپى کوالێتى رێگاوبانەکانە کە حکومەتى هەرێمى کوردستان لێى بەرپرسە، چونکە تا ئێستا دەزگا پەیوەنیدارەکان نەیانتوانیوە کێشەى خراپى رێگاوبانەکان بەتایبەتى رێگاى نێوان شار و شارۆچکەکان چارەسەر بکەن، تەواونەبونى رێگاى نێوان سلێمانى و کەلار دیارترین نمونەى شکستى حکومەتى هەرێمە لە سێکتەرى رێگاوباندا.

 

بەپێی بەدواداچونێکى کەى ئێن ئێن لەمساڵدا زیاتر لە سێ هەزار روداوی هاتوچۆ لە هەرێمی کوردستان رویانداوە کە زیاتر لە هەزار کەسیان تێدا بریندار بون و  350 کەسیش گیانیان لە دەستداوە.

 

بەپێی ئامارەکان، لە سنوری پارێزگای هەولێر نزیکەی هەزار روداوی هاتوچۆ رویانداوە و بەهۆیانەوە نزیکەی 80 کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 200 کەسیش برینداربون.

 

بەبەراورد بە پارێزگاکانى دیکەى هەرێمى کوردستان لەساڵى 2024دا لە سنوری پارێزگاى سلێمانی و ئیدارە سەربەخۆکانی راپەڕین و گەرمیان زۆرترین روداوى هاتوچۆ رویانداوە بەوپێیەش زۆرینەى قوربانیەکان هەر لەو سنورەیە، بەپێى بەدواداچونەکانى کەى ئێن ئێن لەمساڵدا زیاتر لە هەزار روداوی هاتوچۆ رویان داوە و بەهۆى ئەو روداوانەشەوە نزیکەی 150 کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 600 کەسیش برینداربون.

 

لە پارێزگاى دهۆک و ئیدارەى سەربەخۆی زاخۆش بەبەراورد بە روبەرەکەى ژمارەى روداوەکانى هاتوچۆ و ژمارەى ئەو کەسانەش کە لە ئەنجامى ئەو روداوانە بونەتە قوربانى زۆرن، لەساڵى 2024دا لەو پارێزگایە 700 روداوی هاتوچۆ رویداوە کە گیانلەدەستدانى نزیکەی 100 کەس و برینداربونى زیاتر لە 500 کەسى لێکەتوەتەوە.

 

بە بەراورد بە پارێزگاکانى دیکە لەساڵى 2024 دا سنورى پارێزگاى هەڵەبجە کەمترین روداوى هاتوچۆى تێدا تۆمارکراوە، کە نزیکەى 200 روداوە و بەهۆیەوە نزیکەى 30 کەس گیانیان لە دەستداوە.

 

لەگەڵ ئەوەی ئامارەکان تەواو وردنین و بەشێکیان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییەکانى هاتوچۆ تۆمار نەکراون، بەڵام ناوچەکانی گەرمیان و زاخۆ دو ناوچەن کە روداوەکان تیایاندا لە ئاست قەبارەی دانیشتوانەکەی زۆر زیاترە و دو ناوچەی پڕ روداوی هاتوچۆ بون لەمساڵدا.

 

ئەو ژمارە زۆرەى روداوەکانى هاتوچۆ لەکاتێکدایە کە بەرپرسانى هەرێم بەردەوام ئاماژە بە کەمبونەوەى روداوەکان دەکەن بەهۆی توندکردنی رێکارەکانی سەلامەتی و دانانى کامێراى جێگیر و گەڕۆک.

 

حکومەتی هەرێمی کوردستان ساڵانە زیاتر لە 700 ملیار دیناری لە داهاتی باجەوە دەستدەکەوێت کە بۆ هەر مانگێک دەکاتە نزیکەی 60 ملیار دینار، بەڵام بەهۆی ئەوەی داهاتەکە نەخراوەتە خزمەت کەرتە جیاوازەکان، رۆژ لە دواى رۆژ سێکتەرەکانى خزمەتگوزارى لە نێویشیاندا رێگاوبانەکان دوچارى دارمانى زیاتر دەبن، گیان لە دەستدانى زیاتر لە سێ هەزار کەسیش لە ماوەى نێوان ساڵى 2018 تا کۆتاییەکانى ساڵى 2024،  ئاماژەیەکى رونە بۆ خراپى ئەو کەرتە.

102 جار خوێندراوەتەوە