سێنتکۆم: پارێزگاری لە خۆمان و هاوپەیمانەكانمان لەسوریا دەكەین

KNN : Kurdish News Network
08:07 - 03/01/2025
زانستی
+
-

فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا رایدەگەیەنێت: پێگەكانیان لەباكوری سوریا بەهێز دەكەن و پارێزگاری لە خۆیان و هاوپەیمانەكانیان لەناوچەكەدا دەكەن، ئاشكراشیدەكات؛ بۆ گەیشتن بە خواستەکانیان و ئایندەیەکی سەقامگیر پشتیوانی گەلی سوریا دەكات.


هەواڵ: (KNNC)


فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا ناسراو بە (سێنتکۆم) لەفەیسبوك بڵاویكردەوە: بەگرتنەبەری رێوشوێنی گونجاو و بەهێزكردنی پێگەكانیان لەناوچەیەك لە باكوری سوریا، هێزەکانی هاوپەیمانان لە ئامادەباشیدا دەبن بۆ بەرگریکردن لە هاوبەشەکانیان و روبەڕوی ئەوانە دەبنەوە هەوڵی تێکدانی سەقامگیری ناوچەکە دەدەن.


رونیكردوەتەوە، مانگی رابردو شاندێكی باڵای ئەمەریكا سەردانی سوریایان كرد و لەگەڵ بەرپرسان گفتوگۆیان لەبارەی پرسە گرنگەكانی پەیوەست بە پرۆسەی گواستنەوەی سیاسی و سەقامگیری ناوچەكەوە كردوە.


فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە، ویلایەتە یەكگرتوەكان جەخت دەكاتەوە؛ بە پێی بڕیاری (2254)ـی ئەنجومەنی ئاسایش لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان كار بۆ چارەسەرە سیاسییە هەمەلایەنەکان دەكات، هەروەها پشتیوانی گەلی سوریا دەكات بۆ گەیشتن بە خواستەکانیان و ئایندەیەکی سەقامگیر.

531 جار خوێندراوەتەوە