دانا ئەحمەد مەجید رایدەگەیەنێت؛ بزوتنەوەی گۆڕان
خاوەنی پڕۆژەی سیاسی و نیشتمانی سەربەخۆی خۆیەتی كە لە خزمەتی خەڵك و كوردستاندایە،
دەشڵێت: بە هیمەتی گۆڕانخوازانی دڵسۆز بزوتنەوەی گۆڕان بەهێز دەكەینەوە و داكۆكیكاری
راستەقینە دەبین لە ماف و داواكارییەكان و دۆزی رەوای گەلەكەمان.
هەواڵ:KNNC
ئەمڕۆ دوشەممە (6ی1ی2025) دانا ئەحمەد مەجید، رێكخەری
گشتی بزوتنەوەی گۆڕان سەردانی شاری پێنجوێنی كرد و لەگەڵ دەستەبژێرێك لە هەڵسوڕاوانی
سنورەكە كۆبوەوە، لە دیدارەكانیدا ئاماژەی بەوەكرد پێنجوێن و پێنجوێنیەکان بۆ
بزوتنەوەی گۆڕان گرنگن و خەڵكی قوربانیدەر و خاوەن پرەنسیپی بەرز و ویستی گۆڕانخوازی
و چاكسازین.
جەختیشی كردەوە كە نوێنەرانی بزوتنەوەی گۆڕان لە
سنورەكە و یەكە ئیدارییەكانیشی خەڵكانی خۆشەویست و دڵسۆزبون و بەوپەڕی تواناوە هەوڵی
خزمەتكردنی خەڵكیان داوە و لەگەڵ ئازار و خەم و داواكارییەكانیاندابون و خەڵكی شارەكەش
بەوەفابون بۆ دڵسۆزییان، بۆیە ئێستاش دەمانەوێت بە هەمان گڕوتینەوە بەشداربن لەگەڵمان
لە هەنگاوەكانی خۆڕێكخستنەوە.
هەروەك ئاماژەی بەوەكرد كە بزوتنەوەی گۆڕان پرۆژەی
نەوشیروان مستەفایە كە رێبەری نیو سەدە لە خەباتی گەلەكەمانە بۆ سەربەخۆیی و گۆڕانكاری
و دادی كۆمەڵایەتی، بۆیە بە ئەرکی خۆمانی دەزانین بە شانازییەوە درێژەپێدەر و داكۆكیكاری
ئەو پرۆژە و رێبازە بین، لەو چوارچێوەیەشدا سەرقاڵی ئامادەكارین بۆ بەستنی كۆنفرانسی
بونیاتنانەوەی بزوتنەوەی گۆڕان و بەهێز كردنەوەی بە ئامانجی بەهێزكردنەوەی بەرەی خەڵك.
384 جار خوێندراوەتەوە