نرخى گۆشتى سور لە سلێمانى
دابەزیوە و بەرێوەبەرى سامانى ئاژەڵیش هۆکارەکەى بۆ کەمبونەوەى خواست و
خراپى دۆخى دارایى هاوڵاتیان دەگەڕێنێتەوە.
هەواڵ:KNNC
جەمال حسێن، بەڕێوەبەری
سامانی ئاژەڵی سلێمانی، بە کەى ئێن ئێنى ڕاگەیاند، کەمکردنەوەی باج، ئاسانکاری
بۆ هاتنی ئاژەڵ، نەبونی موچە و خراپی بارودۆخی ئابوری هاوڵاتیان لەگەڵ کەمبونەوەی
خواست لەسەر گۆشت هۆکاری سەرەکین بۆ هەرزان بونی نرخەکەی.
ئاماژەی بەوەشکرد، کە
بەپێی بەدواچونەکانیان سەربڕینی ئاژەڵ و کڕینی گۆشت بە ڕێژەی %30 بۆ %35 کەمی
کردوە.
بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵی
سلێمانی، باسی لەوەشکرد، بەرهەمی ناوخۆ بەشی پڕکردنەوەی پێدوایستیەکان ناکات و بە
تەنها لە ساڵی ڕابردودا، زیاتر لە 150 هەزار مۆڵەتیانداوە بە هاتنی ئاژەڵ.
گۆشت لە ساڵی ڕابردو بەرزبونەوەی
بەرچاوی تۆمار کرد بەجۆرێک نرخی یەک کیلۆ بە 25 هەزار دینار مامەڵی پێودەکرا بەڵام
لە ئێستادا نزخەکەی بۆ 18 هەزار دینار دابەزیوە.
518 جار خوێندراوەتەوە